كێشەکە سلێمانییە، یان!؟
10/29/2026 11:27:00 AM
بەهرۆز جەعفەر*
سلێمانی خۆشەویستە، دڵگیرە، نموونەی ڕازاوەی سرووشتی کوردستانە. خەڵکەکەی، مێژوەکەی، هەڵوێستەکانی دوو سەت ساڵی ڕابردووی، پێگەکەی، سرووشتی کراوەو لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی، کەبابەکەی، کفتەکەی، (ترخێنەکەی)، پیاسەی شەقامی مەولەوی و کاوەو ئەسحابەسپییەکەی بێ چەندوو چوونەو، هیچ گاڵتەو گەپێک هەڵناگرێت. تەنانەت تانەو توانج و قۆشمەیی هەندێ لە کەسایەتییەکانیشی هەر جوانە. ئیتر بێگومان دەنگی "قادر کابان، حەمە ساڵەح دیلان، عوسمان عەلی، بەهجەت یەحیا" لای خۆم هەر زۆر تایبەتن. ئەی جەمیل سائیب!؟ ساڵی ١٩٢٥ چیرۆکی "لەخەوما" ی نووسیوە، پێشوتریش سەرنووسەری ڕۆژنامەی پێشکەوتن بوە! ئەی کامەران موکری و "ئەخۆل" ی برای، دژی پەیمانی پۆرتسماوس لە سلێمانییەوە خۆپیشاندانیان کردوە.
ئەمما...ئەمما؛ چۆن دەبێت شار "نالی"، "سالم"، "مەولانا خالید" دەربکات، گاڵتەو بوهتان بۆ گوزیدە قەفتان بکات، "نەجمەدینی مەلا" لە برس دا بکوژێت، توێکڵە شووتی بگرێتە "پیرەمێرد!"، ڕۆشنبیرەکانی وەک ئەوانەی دەوری مەلیک مەحمودیان دا بوو، وابن و، سەری بکەن بە "قووڕا"، هەندێک لە هەڵکەوتوەکانی دەستی ئینگلیز ڕابكێشن، هەندێکی تریان پاڵ بدەن بە دەوڵەتە نەخۆشەکەی عوسمانییەکانەوەو، خۆیان بە ساقەو قوربانی بکەن! لە شارەکەدا دوو ژوور نەبێت بۆ "فارووق ڕەفیق" تیا بژی، بەڵام سەدان سەرکردە و فەرماندەی حەشدی شەعبی باخ و ڤیەللاو شوێنی ڕابواردنیان تیا هەبێت، بازرگانەکانی چەندین ساڵە بانگەشەی ئەوە بکەن ئەوان تەنها بۆ برا عەرەبەکان شووققەو یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکەن! ئەو هەموو کچ و کوڕە گەنج و بێژەرە لە خۆی بتۆرێنێ.. حیزب بە دەیان باڵەوە بنیشێتە ناو شارەکەو داگیری بکات. کاکە تۆ سەرکردەی حیزبت هەبوە، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێت؛ ئێمە هۆکاری کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووین؛ زیندویەتی شارو خەڵک لە کوێدایە ئەمە قبووڵ بکات!؟
عەلی بۆسکانی بکوژیت، لەبەرئەوەی ئەقڵی بەدونیا دەشکێ و سەرمایەدارە، وتویەتی؛ برادەران ئەگەر ئێوە وەک حیزب پێتان ناکرێت؛ ئێمە خۆمان خزمەتی شارەکە دەکەین. جەماڵ عیرفان بکوژیت لە بەرئەوەی وتویەتی دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین و خۆشمان شتێک بکەین! لەم ساڵانەی ڕابردوودا سلێمانی چەندین نوێنەری ناردوەتە بەغدا؛ تاکە دەستکەوتی ئەوەیە لە سەر کەناڵە عێراقییەکان دەڵێت؛ پێشمەرگەش میلیشیایەو، مووچەی هەرێم مەنێرن و...تادوایی! ئەمە ڕێکەوت نییەو، مێژوویەکی هەیە و، پێشووتریش خەڵکی تر هەبوون، ئەو ئاوەیان ڕژاندوە.
یەکێک ناوێرێ دوکانێکی فەلافل بکاتەوە، کارخانەیەک، پرۆژەیەکی چەندە بچووکیش بێت ئیشی لەسەر بکات، تۆ بچیتە سەری بڵێی دەبێت ٥٠٪ ی بدەی بە کۆمپانیاو ئیدارەی حیزب! بەجارێک شارەکە بکەیتە شوێنی خۆ-دەرخستنی کچە مۆدێل و میدیای سێبەرو مایک بەدەستی خاڵی لە کاری پیشەیی و مەعریفەی ڕاستەقینە. ئەو هەموو دار سنەوبەرە بسوتێنی، ئەو هەموو شاخە کوون- کوون بکەیت؛ بۆ ئەوەی نوخبەیەکی تازە-هەڵتۆقیو تیا کەیف و سەفا بکەن! ئاوەدانی سلێمانی هەر ناو شارەکەی نییە؛ کەمێک لە دەرەوەی شارەکە (بۆ نموونە لەناو تەکیەی کاکەمەند) کە ڕێگای سەرەکی و نێودەوڵەتییە؛ تاسەو چاڵی چۆڵییەکانی تەمەنی سەروو بیست ساڵە! تۆ ناتوانی سەت مەتر تاسە و شەقامی سەرەکی چاک بکەی، خەتای حیزب و ئیدارەی پارتی و هەولێر چییە!؟ نۆ کارگەی چالاک هەن لە سلێمانی قیر بەرهەم دەهێنن، تۆنێک قیر ئەمڕۆ بە (٢٦٥ دۆلارە)؛ بیست ساڵە نەتتوانیوە دوو تۆن قیر ببەی ئەو چاڵی و چۆڵییانە پڕ بکەیتەوە!؟
ئێستا هەندێکتان دەنووسن، ئەی لە هەولێر وانییە؟ لە ئەمریکای ترەمپیش وایە، بەڵام وەک ئێستاو ئەم چەند ساڵەی سلێمانی قەت نەبوەو، نییە! مرۆڤی ئێمە دەبێت لەگەڵ خۆی و، ئینجا لەگەڵ کوردستان ئاشت ببێتەوە.. دەبێت خەڵکی زاخۆ بچنە سلێمانی بزانن ئەوە چییە ڕوویداوە لەوێ! خەڵکی سولەیمانیش بچنە زاخۆ بزانن ئەو زاخۆیە چەندە پاکوخاوێن و گەشەسەندوە، نموونەی پێگەی گەشتیاریی نەک لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەیە. هەر کوردێک دەبێت بە کەمووکووڕییەکانی چەمچەماڵ دڵتەنگ بێت، (چەمچەماڵ گەورەترین و فراوانترین قەزایە؛ ٣٤ ساڵە تا ئێستا دەستەڵات نەیتوانی نەخۆشخانەیەکیان بۆ درووست بکات، ڕۆژانە کۆمپانیای حیزبی دەستەڵات و نیزیکەکانیان سەروو ملیۆنێک دۆلاریان لەوێوە دەست دەکەوێت). وە دەبێت بە جوانییەکان و ئاوەدانییەکان لە سلێمانی بن، یان هەولێر و زاخۆ دڵگەش بێت.
سەرمایە چۆن ڕوودەکاتە شارێک؛ ترس و تۆقاندن و تۆپ و درۆنی تیا بەکاربێت! تۆ دەبێت هەر بە ڕاستیی ڕووئیا "ڤیژن"ت هەبێت، بە دەستکەوتەکانتەوە قسە بکەی، نەک بە تەخوین و هاتو-هەراو خۆ-گیڤکردنەوە و، درووستکردنی دوژمنی وەهمی بتەوێ کادر و خەڵک و جەماوەر ڕابهێنیت؛ بە کەرەستە کۆنەکان ئیدارەی ئێستا و ئایندە مەحاڵە.
دەبێت سلێمانی بەهەموو تایبەتمەندییەکانییەوە وەک بەشێک لە قووڵایی ستراتیجی کوردستان تەماشا بکرێت، ئەو ڕێگانە کامانەن خەڵک دەکەنە بەشێک لەداهات و خێروبێری ناوچەکە، ئەی ئەو کەسانە کامانە بوون (کێ و کێ و کێ بوون) کە شارەکەیان وا لێکردو، ئابوورییەکەیان وێرانکرد، خەڵکەکەیان ناچار بە کۆچ کرد، ئەوانەی داهاتی هەموو شتێک و هەموو مەزرێکیان بۆ خۆیان بردوەو، بەپارەی جگەرو جگەرەی قاچاخی مەرزەکان مووچەی کادرەکانیان دەدەن.. ئەوانە سزا بدرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت وەک کێشە تەماشای بکات، بەڵکو وەکو دەرفەتێک و پرۆژەیەک بۆ چارەسەریی. ڕاشکاو بین، لە هەولێرەوە، لەلای پارتییەوە هەڵەیەکی کوشندە ئەوەیە؛ لووتبەرزانە نەک لەگەڵ سلێمانی بەڵکو لەگەڵ خەڵک و کەوادیری خۆشیان لە شوێنەکانی کوردستان مامەڵە دەکەن، بەهۆی غرورێکی بێماناوە، توانای کرانەوەو چوونە ناو خەڵک لەلایەن ئەو نوخبە حیزبی و حکومییەی (پ،دک) ەوە زۆر کەمە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی ئەو جەنابی سەرۆک بارزانییەیە کە لەچەندین بۆنەدا، خستوویەتیە ڕوو.
بەهەرحاڵ، ئاسایشی سلێمانی ئاسایشی کوردستانە، کوردستانیش ماڵ و چەتری هەموو یەکێکمانە. دەبێت ڕابچەڵکێن (دەبوو ڕابچەڵکێن) کە بیستتان کارگەی ماددەی هۆشبەر کەمێک لە خوارووی شارەکەوە کراوەتەوە!؟ پرۆژەیەکی تر نەبوو ئەو گەنجانەی پێوە سەرقاڵ بکەن!؟ بە مووسەقەفانە پێتان دەڵێم؛ پارادایمێكی نوێ پێویستییەکی هەنووکەییە.
ئا؛ مادام بەرپرسانی ئیداریی شارەکە ئەوەندە لە قسەکردندا مامۆستان و، پیاو حەز دەکات گوێیان لێ بگرێت، دە بچن هونەرمەندی خۆشەویست "ئەحمەد سالار" یش ئاشت بکەنەوە..دە بچۆ (بڕۆ) دەی. ئیمڕۆکە سەروو ٧ ملیار مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەی زەوییە لایانوایە ساڵ-بە-ساڵ ڕەوشی وڵاتەکانیان و دونیا بەرەو ئاڵۆزبوون و شێواویی دەچێت، تەنها پارێزگاری سولەیمانی نەبێت بە تاقی تەنها لایوایە سولەیمانی یەکەمە و ڕەوشی شارەکە تادێت بەرەو باشتربوون دەچێت!
جوانییەکان و سیماو هێماکانی شار هی هەموانن، لێ ئەوەندەش شانازییکردنی زیاد لە پێویست مانای خۆ ونکردنە لەناو ئەم ڕۆژگارە ئاڵۆزەی ناوچەکەو جیهاندا.. هێشتا پێیان وایە ڕۆشنگەریی (تەنویر) لەوێوە بوە نەک لە فەڕەنساو ئەڵمان و ئینگلستانەوە، وا دەزانن گرووپی ڕەهەندییەکانی سلێمانی قوتابخانەی فرانکفۆرتە!
هەیبوو، نەیبوو، فڕۆکەخانەیەکی هەبوو بەناوی سولەیمانییەوەو، سولەیمانی بە دونیا دەناساند، ناوەکەیان گۆڕی "بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی"، چوونکە ئەو دەزگایەی بەناوی "مام" لەشارەکەدا هەیە، کۆڵەواریی فیکرییان هەیەو، شتی دیکە بە مێشکیاندا نایات کە ناوەندێکی پەروەردەیی، یان شارێکی تەکنەلۆژیی هاوچەرخ بەناوی مام جەلال تاڵەبانییەوە بکەنەوە. تا "مام" لەژیاندا بوو ئێوە لە کوێ بوون!؟ هێشتا پێکەنینم بەو ساتە دێت [شاهیدەکانیش ماون] وتیان مامە، فوڵان (ئاوەڵزاوایەتی) دەیەوێ بیکەیت بە وەزیر (بەخوا، دەڵێم بەخوا شایەتەکەم پیاوە سپییەکەی شارە] مام وتی؛ ئەوە با بچێت خۆی فێری پێکەنین بکات، دەورەی بۆ بکەنەوە، ئینجا ببێت بە وەزیر!
ئیدی ئەوانە بەو شێوەیەی لەسەرەوە باسکرا؛ حوکمڕانیی ناوچەی سولەیمانی و دەوروبەریان کردوە؛ خەڵکیش دەنگی پێ نەداون، ئەوەتا ناومان چوەتە "کتێبی گینس" ەوە،. سەروو دوو ساڵە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، لەبەرئەوەی برادەران دوو پۆست زیاتر یان کەمتریان بەردەکەوێ! ئایا دەبێت بوترێت ئەوە سلێمانییە ڕێگە نادات کە کوردستان حکومەتی هەبێت، یان نا!؟ حیزبی بەرانبەر نیزیکەی ٤٣ کورسی هەیەو کۆیکردۆتەوە، ئەمانیش ٢٣، دەڵێن دەبێت ٢٣ یەکسان بێت بە ٤٣ !؟ دەڵێن دەبێت هاوسەنگی هەبێت لە پۆستەکاندا (....). شتی وا لەکوێ بوە، ئەی هەڵبژاردن بۆچی دەکەن !؟ ئا.. ئنجا ئەی ئەو سەرۆک کۆمارانە بۆ باس نەکەین کە لە سلێمانییەوە دانراون، ئایا کەس (هیچ کەسێکی ئاقڵی کورد هەیە) ئەم سەرۆک کۆمارانەی ئەم پانزە ساڵەی ڕابردوو بە نوێنەر و نمایندەو بەشێک لە خەیاڵدانی خۆی بزانێت!؟ کاکە بۆ ڕاشکاو نەبین!
ئا، با ئەوەشم بیر نەچێت؛ لەو کەشێکی ئاوادا چوونکە کۆمەڵگە هیچ مەعریفەیەک نییە پێوەی سەرقاڵ بکرێت، ژیانێکی ڕاستەقینە نییە، ئیتر زۆر بەئاسانی هەر کەس هەڵدەسێت دەبێت بە ئامۆژگاریکار، بانگخواز، مۆدێل و،،،تادوایی. سەرباری هەموو ئەوانەی لەسەرەوە نووسراون، لەباتی ئەقڵی بونیادنان و فیکریی دەوڵەتدارییان پەرەپێبدەن، خەریکی درووستکردنی "چەتری میدیایین!" بۆ ئەوەی (تەڕ) نەبن یان بۆئەوەیە سوورتر بن لەسەر ئەو ناڕێکییانەی لەسەرەوە باسکران!
با ناوی خۆشم بنووسمەوە، چوونکە هەن ناوێرن بە ڕاشکاویی ئاوها باسی بکەن.
خەڵکی هەموو شوێنەکانی کوردستانم، ئەم هەرێمی کوردستانە تاکە میراتێکە بۆ هەموو کوردێک.