ئەو كتێبانەی منیان گریاند
10/29/2026 12:06:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج
لە پۆلی دوی ناوەندی بووم لە ماڵی پورێكم لە سەرچنار كە ئەو كاتە كتێبخانەیەكی بچوكیان هەبوو، چارەنوسی ئادەمیزادی شۆڵۆخۆفم خوێندەوە، چارەنوسی ئادەمیزاد دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف لە ڕوسییەوە كردبووی بە كوردی، جاری یەكەم فرمێسك بواری نادام بیخوێنمەوە، هەر ئەو شەوە جارێكی تر خوێندمەوە، ئەوە یەكەمین كتێبێك بوو كە گریاندمی، گریانێكی بێئامان، دواتر بێنەوایان، بێسەرپەرشتان شیعری "بۆ هیوای كوڕم"ی گۆران و زۆر نوسین و كتێبی تر گریاندمی، وابزانم چیرۆكێكی مامۆستا هێمنیشم خوێندبوەوە بە ناوی شێرە ژن، هەروەها ڕۆمانی دایكی مەكسیم گۆركی و نیناو كتێبگەلی دیكەش كە ڕەنگە ئێستا نەچمەوەسەریان، لە ماوەی ڕابردودا چەند كتێبێكی تر هەمان ئازاریان پێدام.
جگە لە كتێب شیعر تەنانەت فیلمیش ئەوكی گرتوم، من بە سروشت كەسێكی زۆر وێرانم، لە نەوەدەكان زۆر جار لە گەڵ دایبابی ئەنفالكراوانمان دادەنیشتم، خاتونێكی خەڵكی جەباری هەبوو بە تایبەت دەچوم تا گوێم لە لاوانەوەكەی بێت كە هەر ڕۆژ دەیكرد، لە تەك یەكەم هاواری ئەودا منیش خۆم پێناگیراو بە كوڵدەگریام، چیرۆكی ئێمەو گریان زۆر زۆرە نامەوێت ئەو چیرۆكانە بگێڕمەوە، ساڵی 1989دەمویست خۆم لە توڕەییەكی بەر باد رزگار بكەم و بە گژ بە عسدا بچمەوە، جۆرێك بوو لە شێتی، دەفتەرێكی گەورە شیعرم هەبوو شیعری خۆم بوون دەمخوێندەوە و دەگریام، بیرمە ئەو دەفتەرە لە خورجەیەكدا بوو هاوڕێیەكم بەهرۆز جەلال كە دواتر شەهید بوو بردی بۆ خوێندنەوە كە هێنایەوە سەرزەنشتی كردم وتی نابێت ئەو بسكەی تیا بێت كیژێك كە پێشتر دەفتەرەكەی لابوو هەر ئەویش خورجەكەی بۆدروستكردبوو بسكێكی خۆی هۆنیبوەوەو لە ناویا داینابوو، لە دوای كۆڕەو كە گەڕامەوە ئەو دەفتەرەش لە گەڵً ماڵ و شتگەلی دیكەدا بە تاڵانبرابوو.
چارەنوسی بەهرۆز، دەفتەری شیعرەكە ، بسكە هۆنراوەكە زۆر جار گریاندومیان، لە ماوەی رابردوو سێبەری قەلە بەردم خوێندەوە لە زۆر شوێنی گریام، وای بەوە بە داخ بووم كە "مەلەكە" چیرۆكی بۆنی خەیارەكەی دكتۆر جەعفەری شەفیعە دەگێڕیتەوە، بە مەرگی كچەكەی، بە شەهید بوونی براكانی، بەردەپشتی كوردیش ئەوی سیامەندی موعینی بە كوڵگریاندمی، كورد بونەكەی حەمەدی مەولودی، پەڵەخوێنەكانی سەر بەفر، بیرەوەریەكانی ساكینە، كتێبگەلی دیكەش یەك دوو ڕۆژ لەمەوبەر كتێبی لە زیندانەكانی بەعسەوە بۆ شاری بوخوم لە ئەڵمانیای "تانیا محەمەد ئەحمەد ڕەشان" م خوێندەوە، چیرۆكی ژیانی ئەو خاتونە تا تەواو بوو چەندین جار گریاندمی،لە چیرۆكی ئەودا وێنەی چیرۆكی ژیانی ئارا ڕۆژبەیانی و خانەوادەكەیم دەبینی ، هەندێك سەركێشی خۆم بیر دەكەوتەوە، بیرمە هەر لە ساڵی 1989 بوو نەنە هەوام دایكی دایكم یەخەی گرتم وتی بۆ كوێ دەتەوێ بڕۆ بەس كچەكەم و خوشكەكانت مەخەرە بەردەستی بەعس.
كتێبەكەی تانیا خان كە جێی ستایشەو هەقی خۆشیەتی وێڕای دەستخۆشی لەو دەستخۆشی لە دكتۆر سامان حوسێنیش بكەم، پێویستە بخوێنرێتەوەو خەڵكانی دیكەش چاو لەو بكەن و چیرۆكی خۆیان بگێڕنەوە ، من لەو خوێندنەوەیەدا بۆ تانیا بۆ باوكی و دایكی بۆ هاوڕێكانی بۆ ژولیای خوشكە زای و بۆ زۆری دیكە گریام، ئەوە جارێكیش بیرەوەریەكانی عیماد غەفوری بەو جۆرە گریاندمی، وەك چۆن نامەی شێخ مارف و شێخ حوسێن و هاوڕێكانیان، نامەی عاسی مستەفا ئەحمەد، شیعرەكانی مەلا عەلی منیان گریاندوە، جارێكیان لە گەڵ نازو ڕەنودا لە گوند سەرمان لە خاتو "نەبات فایەق" دا، باسی زیندانی دوبزو مەرگی مناڵەكانی بۆ دەكردین لە پڕ سەیرم كرد هەموومان دەگریاین وەك ئەوەی لە ناو چركە ساتی مەرگەكەدابین.
ئێستا بیر دەكەمەوە دەبوو كاتی خۆی هەر كتێبێك منی گریاندوە لە سەریم بنوسیایە، چونكە دەیانجار خوێندنەوەم بۆ كتێب كردوەو كاتی خۆیشی لە تەلەفزیۆنی زەحمەتكێشان لە كەركوك دوای ساڵی 2003 بەرنامەیەكی تایبەتم بە كەركوك كتێب هەبوو.
دەبێت سوپاسی تانیا خان بكەم كە بە گێڕانەوەی چیرۆكی ئازار زەدەی خۆی و هەڵەبجە كورد بوونی بیر خستمەوە و ئەم نوسینەی پێنووسیم.