سەد ساڵی تر
10/29/2026 11:28:00 AM
لوقمان حەوێز
سەد ساڵی تر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ تۆ مردوویت و لێرە نەماویت، تەنیا تۆش نا بەڵکو هیچ یەکێک لە ئێمە کە ئەمڕۆ مرۆڤێکی کامڵە و هەیە ئەوساکە لێرە نابێت، ئەوکاتە کەسێکی تر لە ماڵەکەتدا دەژیت، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئەمڕۆ لێیدەخوڕیت و پێت جوانە کراوە بە خوردەی ئاسن، ھەموو ئەو شتە ماددیانەی کە زۆر هەوڵت بۆیان داوە و ماندوبوویت پێیانەوە لەناوچوون، ناوەکەشت یەک دوو نەوە دوای مردنت بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە و دواتر بەتەواوی لەبیر دەکرێیت.
با کەمێک بیربکەینەوە و بپرسین، ئایا تۆ ناوی تەواوی باپیرە گەورەکانت دەزانیت؟ یان دەزانیت چیرۆکەکانی ژیانیان چی بووە؟
ئەمە دەریدەخات کە 99% ی ئەو نیگەرانییانەی کە ههموو ڕۆژێک مێشکیان داگیر کردووین بێمانان.
ئێمە لەسەر بەردێکی گۆیی دەژین کە زەویە و بە خێرایی 1670 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە، بە خێرایی 30 کیلۆمەتریش لە چرکەیەکدا لە سوڕدایە بە دەوری خۆر کە ئەستێرەیە، لەناو گەردوونێکیشدا هەین کە لەنێوان 10 توان 22 بۆ 10 توان 24 ئەستێرەی تێدایە، تۆش تەمەنت زۆر کورتە و زووش دەمرێت، بەڕاستی کاتێک مرۆڤ لەم گۆشە نیگایەوە سەیری ژیان و بوونی خۆی دەکات زۆرێک لەو خەم و سترێس و کێبڕکێیە ماددیانەی کە هەموو ڕۆژێک وزەمان لێدەبەن لە چاو و هزرماندا بچووک دەبنەوە و قورساییەکەیان لەسەر شانمان سووک دەبێت.
بۆ من بیرکردنەوە و تێگەیشتنی قوڵ لەو ڕاستیانە ئارامییەکی ڕۆحیم پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی گرنگی بە شتە ڕاستەقینە و جوانەکانی ژیان بدەین نەوەک سەرقاڵبوون بە وردەکارییە بێماناکان.