ئەمڕۆ زەبرێكی توند بەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان كەوت
10/27/2026 11:48:00 AM
هەندرێن شێخ راغب
ئەگەر سەیری نەخشەی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی كورد بكەین، دەبینین كە (شاخی شەنگال) بۆ سێ پارچەی كوردستان زۆر گرنگ و هەستیارو ستراتیژییە, بۆ بەستنەوەی باشورو رۆژئاواو باكوری كوردستان شاخی شەنگال و ناوچەی شەنگال زۆر زۆر گرنگە. بەداخەوە ئەمڕۆ نزیكەی پێنج هەزار شەڕڤانی یەبەشە تێكەڵ بە ناو سوپای عێراق بوون و ئیدی ئەم شوێنە زۆر گرنگەی كوردستان كەوتە دەست حەشدی شەعبی، بەرای من ئێران سەركەوتن و دەستكەوتێكی زۆر گەورەی دەستكەوت بێ جەنگ، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئێران شێتی ناوچەی شەنگال بووەو بۆ فشارو ململانێی توركیاو تەواوكردنی كەمەرەی شیعەو بەستنەوەی لوبنان و سوریا بە ئێران هەتا غەززەو حەماس، ئەوا شەنگال رێڕەوێكی هێجگار ستراتیژی و گرنگە، پێم سەیرە ئەمریكاو ئیسرائیل چۆن بەم ئاسانییە رازی بوونە حەشدی شەعبی بێتە شاخی شەنگال؟؟.
شەنگال و شاخی شەنگال بەشێكن لە جوگرافیای هەرێمی كوردستان, لەروی سەربازی و ئەمنی و جەنگەوە زۆر هەستیارو گرنگن بۆ كوردستان بەتایبەت بەشی باشورو رۆژئاوا.
هەست بە نائومێدی دەكەم و بەڵام خواستم ئەوەیە شتی گرنگ لە ژێر پەردەوە هەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان و رێككەوتنەكان باش ئیمزا كرابن، هەرچەندە ئەوەی لە رووی مەیدانی دیارە جێگای نیگەرانییە. ئەگەر بێت و هێزە كوردەكان و ئێزدیەكان خۆیان بمێننەوە هەر باشە، بەڵام بەداخەوە ئیدی فەرمانی سەربازی و موچەو یارمەتیان لە حەشدی شەعبیەوە بۆ دێت، بەس هەر گرنگە ئەوان لە سەنگەرەكان بمێننەوە.
هاوكاتی ئەمە دەوڵەت باخچەلی دەڵێت دەبێت پژاكیش چەك دابنێت، واتە رۆژهەڵاتی كوردستانیش چەك بكرێت، ئەمە شەنگالیش چوو، لەم جۆرە سیاسەتانە هەست بە گەمارۆدانێكی زۆر توندو خنكێنەری كورد دەكرێت كە توركیا دەستی داوەتێ و ئێرانیش زۆر بە هێمنی دەخشێت!.
لەم نێوانەدا ئەمریكاو ئیسرائیل كەوتونەتە داوی سیاسەتێكی ناواقعییەوە، كە گوایە پێویستە گروپە نادەوڵەتیەكان نەمێنن و ئیدی دەوڵەتەكان بەهێزبكرێنەوەو مەركەزیەت بگەڕێتەوەو چەك تەنها لە دەست دەوڵەت بێت، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە ئەمانە دەوڵەتی دیموكراسی و مەدەنی و سەروەری یاسا نین، دەوڵەتی هەموو نەتەوەو پێكهاتەكان نین، دەوڵەتی تایەفەو قەومی و شۆڤێنی و دژە دیموكراسین، بۆیە ئێمە هەست بە نائومێدی دەكەین, ناكرێت رەش بین سەیری روداوەكان بكەین، بەس پرسیارو سۆراغ كردنیش دەبێت بكرێت.