نێچيرڤان بارزانی: چەك تەنها دەبێت لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكوەزیراندا بێت
04:23 - 13/08/2026
زەمەن_هەواڵ
نێچيرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دەمەوێت بەهەموو سیاسییەكان و گەلی عێراق بڵێم، سوێند دەخۆم ئەگەر عێراق چارەسەری پرسی ئەم گرووپە چەكدارانە نەكات، ئەوا روبەڕوی دابڕانی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، دووچاری دابڕانێكی هەرێمایەتیش دەبێت، وڵاتە عەرەبیەكانی دراوسێی عێراق پەرۆشن بۆ ئەوەی هاوكاری بكەن و وەبەرهێنانی تیادا بكەن، من دەزانم ئیمارات و سعودیەو قەتەر پێناخۆشە پشتیوانی عێراق بكەن.
نێچرڤان بارزانی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الشرقیة نیوز" وتی، پرسی كۆكردنەوەی چەك پابەندبوون نییە بەرامبەر بە ئەمریكا بەڵكو ئەمە پرسێكە بەرژوەندی خەڵكی عێراقی تیادایە، ناكرێت بەرژوەندی و چارەنوسی عێراق رادەستی كۆمەڵێك گرووپی دەرەوەی یاسا بكەین، كە تائێستا زیاتر لە هەزار جار هەرێمی كوردستانیان بۆردومان كردووە، ئەمانە بۆردومانی بارەگا ئەمنیەكانی عێراقیان كردووە لەناو بەغداد، عێراق چی دەستكەوتووە لەم گرووپانە.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "چەک دەبێت بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و لهژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت".
رونیشیکردەوە، "ئەو کێشانەی ڕوبەڕوی وڵات دەبنەوە کاتێک سەرهەڵدەدەن کە ههموان یهكگرتو نهبن، لەکاتێکدا چارەنوسمان یەکه، چ لە بەغدا، بەسرە، زاخۆ، یان دهۆک".
سەرۆکی هەرێمی كوردستان له چاوپێكهوتنهكهدا وتویهتی، "ئەوانەی بەرپرسی مەلەفی عێراقن لە ئێران بۆیان پشتڕاست کردوهتەوە کە سەقامگیری عێراق راستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئێراندایە".
سهرۆكی ههرێمی كوردستان رونیكردهوه، "بەرپرسانی ئێران لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ تاران بە فەرمی ئاگاداریان کردوهتەوە لە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکدا، ئەم پەیامەیان ڕاستەوخۆ بە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گەیاندوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ هێنانە ژێر دەسەڵاتی یاسا".
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026دا هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سنوردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا. لایەنە فەرمییەکان و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەخت دەکەنەوە کە لە دوای 30ی ئەیلولی 2026 هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت قبوڵ ناکرێت و هەر چالاکییەکی چەکداری وەکو تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.