کورد و ستراتیژی نوێی زلهێزەکان
9/7/2026 1:13:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
سیاسەتی نێودەوڵەتی بەتایبەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێستادا لە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەدایە، دەوڵەتە زلهێزەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و ستراتیژییە هاوبەشەکانیان، هەوڵی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدەن بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتە مەرکەزییە بەهێزەکانی ڕابردوو لە ناوچەکەدا.
ئەوانەی لە ئێستادا سیاسەتی نێودەوڵەتی دادەڕێژن خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادییەکان، مافی گەلان و پێکهاتەکان و تەنانەت تیرۆریش...
پێیان وایە دەوڵەتی لامەرکەزی و فیدراڵی بۆ وڵاتانی فرە پێکهاتە بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆسەیەکی سەرکەوتوو نییە، هۆکارێکە بۆ ناجێگیری و مەترسییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دواجار بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتانی زلهێز دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ناوەندی و دەوڵەتی بەهێز و قەوارەی یەکگرتوو وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ جێگیربوونی ناوچەکە و ئارامی هەرێمایەتی و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و زامن کردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان وێنا دەکەن.
سیاسەتی نوێی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناوچەکە و پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاک و بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتە ناوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕوداوەکانی ئەم دواییە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە زەرەرمەندی سەرەکی لەم قۆناغەدا پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەتایبەت گەلی کورد.
لەم بارەیەشەوە ڕاگەیاندنی پەیامی (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) بۆ چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی (pkk) و بڕیاری کۆنگرەی دوانزەی (pkk) بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە، هەروەها بونیادنانەوەی دەوڵەتی سوریا و داننان بە (ابو محمد الجولاني) وەک سەرۆک کۆمار و هەڵوەشاندنەوەی(هـ ، س، د) گەورەترین نموونەی ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوان.
ئەم سیاسەتە نوێیە بەتایبەتی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ سەرلەبەری پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ هەڵدەوەشێنێتەوە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی، کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای فراوانکردنی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان لەبەرامبەر کەمکردنەوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێم و دواجار لەدەستدانی زۆرێک لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.
کاتێک نێردەی ئەمریکا "تۆم باراک" لە لێدوانەکانیدا ئەزمونی لامەرکەزی و فرە پێکهاتەیی لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بە گرفت و نموونەی ئەزموون و سیستەمێکی شکست خواردوو ناو دەبات کە پێویستە دوبارە نەکرێتەوە، هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بە مەبەستی کەمکردنەوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێم و لەقاڵبدانی..
هەروەها لێدوانی "تۆم باراک" سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ئاشکرا دەڵێت: (خودا پێغەمبەرەکانی بۆ ئەم ناوچەیە ناردووە نەک بۆ ئەمریکای باشوور یان ئەمریکای باکوور یان ناوچەی دەریای کاریبی یان ئوسترالیا یان چین، گەر خودا و پێغەمبەرەکان کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێ چارەسەر نەکرابێت ئێمە چۆن بتوانین لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریان بکەین؟)، پەیامێکی ڕوونە کە ئەمریکا دەستوەردان ناکات لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە هەتا ئەو کاتەی مەترسی دەکەوێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان.
ئەم لێدوانانە هەمان بۆچوونی "هێنری کیسنجەر"ە بەڵام بە شێوازێکی تر کە دەڵێت: " لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە چارەسەر بدۆزێتەوە بۆ هیچ کێشەیەک لە جیهاندا، بەڵکو لە بەرژەوەندیەتی سەرەداوی کێشەکان بەدەستەوە بگرێت و بیجوڵێنێت بە گوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم سیاسەتە نوێیە و دۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین لە هەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناغەکانداین، هەربۆیە پێویستمان بە ئامادەسازییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەگەرێک، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و کاراکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان، پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، چالاککردنی دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.