ڕوی قسەم لە تاڵەبانی و بارزانیە
9/7/2026 12:01:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج
برادەرێك پێی
وتم كە بافڵ تاڵەبانی كوردی ناخوێنێتەوە و هیوادارم وانەبێت ، ئەوەشم بیست جارێك خۆی
وتبووی زۆر دەخوێًنمەوە ، بخوێنێتەوە یان نا من ئەم وتارە ئاراستەی ئەوو مەسعود
بارزانی دەكەم ، هیواداریشم چ بارزانی چ تاڵەبانی هێندە توانایان هەبێت كە سزای ئەوانە
بدەن كە زوخاو ئەكەن بە قورگی ئەم میلەتەدا ، لەو نزیكانەش نزیكێكی پارتی نووسیبوی
، ئێستا وەك جاران قسەی بارزانی نایخوات ، هیوام وایەئەوەش ناڕاست بێت و ئەو دوو
ناوبراوەبە جۆرێكی دیكە بن.
حەزم دەكرد لە
هەردوو ڕۆژنامەكەی پارتی و یەكێتی بوار هەبوایە ئەم وتارەم لەوێ دانابا ، لانی كەم
دەبوو لەو دوو ڕۆژنامەیە لاپەڕەی بێسانسۆر ، ئازاد، یان بێ ڕووپۆش هەبا ، بۆئەوەی
مرۆڤ لانی كەم بیزانیبا قسەی دڵی لە كوێ بكات ، ئێ خۆ هیچ یەك لەو دوو بەڕێزەش
سندوقی وەرگرتنی گلەو گازندەو ڕەخنەیان نیە ، هەشیانبێت ناهێڵن ڕاستی وەك ئەوەی هەیە
بگات پێیان . ئەرێ ئەوان ئاگایان لە دۆخی خەڵك و بازاڕو ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریە
، ئاگادارن هەر هەوا ماوە ببێتە پارە ، ئاگایان لەوەیە هەر بابایەك ئیشی بە فەرمانگەیەك
بكەوێت و قەرزی كارەباو ئاوو شتی دیكەی لابێت دەیڕوتێننەوە ، ئاگادارن ئەو خەڵكە لە
ترسی پارەی كۆنی كارەبا نەبا ئەو نیوە خۆشبوونە نەمێنێت دەچن قەرز دەكەن و دەیدەنەوە
دەڵێن زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر باشە چش قەرزاریش دەبن ، گەلۆ ئەو خەڵكە وا لە
حاڵی حەلوەلاداو كەسیش نیە بپرسێت ئەمە چیە ، ئێستا چینی ناوەڕاست نەماو ئەوی خوارەوەش
ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر نوقم دەبێت ، دەترسم بڵێن نان نیە با كێك بخۆن.
ڕێك لە كاتی ڕوتاندنەوەی
خەڵكا لەو موچەیەی كە لە بەغداوە بۆیان دێت ، حكومەتی عێراق یەك ملیۆن پارچە زەوی
بە خۆڕای دەدات بە هاوڵاتی ، لە نرخی كارەباو ئاوو بەنزین و نەوتیش هەر مەپرسە ، ڕاستە
لە عێراق بەرتیل و گەندەڵی زۆرەو لەو بیست و سێ ساڵەدا نەتوانراوە بەرتاقای ئەو
داهات و پارەیە وڵات بكرێتەوە وڵات ، بەڵام خەمی چینی خوارەوە هەیە ، خۆراك لای بریكارەكان
بەردەوامە، هاوكاری نەداران هەیە، زۆر بەخەمەوەتربوونی دیكە هەیە، ئەی ئەو خەڵكە بە
كێ بڵێن پڕۆژەی ڕوناكی و دانی ئاو بە كۆمپانیاو كەم بوونەوەی داو دەرمان لە نەخۆشخانەی
گشتی و حكومی وپەروەردەو خوێندن بەزەیی و لێخۆشبوون نازانن و خەڵك چارەنوسی دراوەتە
دەست ڕەشەبای قەدەرەوە ، ئەوەی هەیە لە ستەمكاری و نادادی و شكۆشكێنی زیاتر نیەو كەسیش
نیە چارەسەری بكات ، ڕاستیەكەی خودی حزبیش بووە بە كۆمپانیاو خەیاڵی بە تەنێ لای
قازانجەو هیچی تر ، لە من و نەكەوێن كۆشكی بلورین بەو جۆرە تاسەر ناچێت .