9وتار

چەقین لە قوڕاوی سیاسی

9/8/2026 1:00:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

دژبەیەکی سەرچاوەی دەردەکان، لە مێژدایە تاکی کورد لە شوانێکەوە تا خوێندەوارێک درکیان بەم نەخۆشیە گەورە و کوشندەیە کردوە و تاڵاوی بە قوڕگیاندا چوە. لە دروستبونی دەسەڵاتە خێڵەکیەکان و ئیماراتەکان بگرە تا دەگاتە شێخ مەحمود ، شێخ سعید ، قازی محمد و بارزانی، لەوانەوەش بۆ ئێستا لە هەر چوارپارچەی کوردستان  نەبونی بنەما جێگیرە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لای سەرانی کورد هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی دژبەیەکی و پچڕپچڕیە. ئەم دژبەیەکیە کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا و دەوروبەر لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کورد و نیشتمانەکەی. جێی پرسیارە لەم دەوروبەرە ، تورک ، فارس و عەرەب  وڵاتیان بۆ دروستکرا و بون بە خاوەن ناسنامەی خۆیان. راستە رۆژئاوا دەستی خستە بینی عوسمانیەکان بەڵام نەیان خنکاند و ئەتاتورکیان هێنایە پێش. بە رای بەندە هۆکاری ئەوەبو سەرکردەکانی ئەم سێ نەتەوەیە نامەی یەکیان دەخوێندەوە و خاوەن بنەما جێگیرە نەتەوییەکانی خۆیان بون. ئینگلیز بۆی دەرکەوت  بە پێچەوانەی سەرانی کوردەوە لە رێگەی شێخ، مەلا و سەرۆک خێڵەوە ناتوانن بەسەر ئەو میللەتانە زاڵ بن و گوێڕایەڵیان بن. 

لە ١٩٩١ وە وڵاتانی رۆژئاوا، هەوڵیان داوە چوارپەلی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانە ببەستن، لە بەرامبەردا هەنگاو بەهەنگاو پشتیوانی کوردیان کردوە. ئەوەی ئێستا لە سوریا، ئێران، عێراق و تورکیا دەیبینین بەرهەمی ئەو سیاسەتەی رۆژئاوایە. ئەگەر کاتی خۆی یەکێ لە هۆکاری دروستکردنی ئەم دەوڵەتانە بۆ پێشگیری لە بیری کۆمونستی بوبێ، ئەوا لەم سەردەمە ئەو مەترسیە نەماوە. بەرژەوەندی ئابوری و بازاڕ جێی ئەو مەترسیەی گرتۆتەوە.

 کوردستان لە روی ئابوری و کانزای سروشتیەوە بازاڕێکی زۆر باشە بۆ رۆژئاوا، بەڵام ئەمریکا و رۆژئاوا لەگەڵ ئەوەی ئەم راستیە دەبینن، کەچی هەنگاوبەهەنگا و لە پشتیوانی هێزە سیاسیە کوردیەکان پاشەکشە دەکەن. یەکێ لە هۆکارەکانی ئەم پاشەکشەکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دژبەیەکی و ناتەباییەی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان هەیە. ئەو هێزە سیاسیانەی جێی خێڵی جارانیان گرتۆتەوە. ئەم رەفتارە سیاسیە هۆکاری چەقینی سەرانی حیزب و پرسی کوردە لە قوڕاوی سیاسیدا.

ئەم قوڕاوە تا بینی حیزب و سەرانی حیزب هاتوە، ئەوەی ماوە و جێی ئومێدە لە لایەک رەوایی  پرسی کوردە لای رۆژئاوا و نابوتی نەیارەکانیەتی لە ناوچەکە. لە لایەکەیتر بونی ئەو یەکڕیزی و سۆزە نەتەوەیی و نیشتمانیە خۆرسکەی ناو کوردە.

 ئەم پەیوەندیە خۆڕسکە جێی ئومێدە و زەمینەیەکی باشی سازکردوە بۆ دەربازبون لەم قوڕاوە سیاسیە،ئەم دەربازبونەش بە دانانی بناغەی دەسپێکی بزاڤی بوژانەوە و چاکسازی ( رێنەسانس)  لە بوارەکانی (کوردبون، فەرهەنگی،سیاسی ، ئایینی و زانستی) دەکرێت و سەردەکەوێ.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن