حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە كرایهوه
10:31 - 09/09/2026
زهمهن - ههواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە،
مەسرور بارزانی، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر
کردەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کاتژمێر 10:00ـی
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە هەماهەنگی و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان،
بۆ جاری حەوتەمین 'پێشانگای ئینڤێست ئێکسپۆ 2026' لە هۆڵی پێشانگاکانی پارکی شەهید
سامى عەبدولڕەحمان کردەوە و ماوەی چوار ڕۆژ تاوەکو 12ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئەم پێشانگایە وەکو
یەکێک لە گەورەترین چالاکییە گرنگەکانی بواری خانووبەرە و وەبەرهێنان لە هەرێمی
کوردستان ناسراوە، ئەمساڵیش بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەم بواره بەشداری دەکەن
کە نزیکەی 300 کۆمپانیا دەبێت لە 12 وڵاتی جیاواز، لە نێویاندا تورکیا، سەلتەنەی
عومان، ئیمارات، لوبنان، ئوردن، سعوودیە، میسر، یۆنان، ئەڵمانیا، چین، ئیتالیا و کەنەدا.
لە ماوەی چوار ڕۆژی
پێشانگاکە، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بەرهەمەکانی خۆیان بە ئۆفەری تایبەتەوە بۆ کڕیاران
دەخەنەڕوو، لە هەمان کات فرۆشتنی ڕاستەخۆ و گرێبەستی نوێ واژۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە
هۆی پەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان له بوارەکانی وەبەرهێنان و
هانی وەبەرهێنەران دەدات بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و دروستکردنی پەیوەندیی ئابووریی بەردەوام.
لە
ماوەی چوار رۆژی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا، هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران دەرفەتێکی
راستەوخۆیان لەبەردەمدایە بۆ سوودمەندبوون لە ئۆفەر و داشکاندنی تایبەت. ئەم هەنگاوە
دەبێتە هۆی جووڵەخستنە ناو بازاڕی خانووبەرە و رێگە بۆ بەدیهاتنی خەونی نیشتەجێبوونی
سەدان خێزان خۆش دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکان،
زیاتر لە 70 هەزار نووسینگەی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە لەو ژمارەیە
7,500 نووسینگەیان تەنیا لە هەولێرن. رۆژانە سەدان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە
لەو نووسینگانە دەکرێن.