بەرزی نرخی نەوتی مالان گەیشتە لوتکە
03:45 - 08/09/2026
زەمەن_هەواڵ
بەم هاوینە گەرمە نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ماڵان گەیشتووەتە ٣٢٥ هەزار دینار.
لەم بارەیەوە کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان شیکارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛
نەوتی سپی بەم هاوینە گەرمە لە هەولێر گەیشتە 325 هەزار دینار!
نەوتی سپی، بەپێی وتەی فرۆشیارانی نەوتی ماڵان، لە بازگەکاندا ڕێگری لێ دەکرێت لەوەی بگاتە هەرێم؛ لە هەمان کاتدا، ئەو نەوتەی لە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، دیار نییە بە تەواوی چی لێ دەکرێت و بۆ کوێ دەچێت.
ئەگەر تەنها نموونەی 50 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لەبەرچاو بگرین، کە بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین کراوە، ئەوا لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی 91 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەرهەم دێت؛ واتە نزیکەی 455 هەزار بەرمیلی 200 لیتری.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، بڕی نەوتی پاڵێوراو لە پاڵاوگەکانی هەرێم زۆر زیاترە لە 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ بۆیە بەرهەمی واقعی نەوتی سپی دەکرێت بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لە ئەوە بێت. و دوو هێندەش بێت.
هەروەها بەپێی ئەو تێچوونەی کە لەلایەن وەزارەتەوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتنی سوتەمەنی باس کراوە، کە (زۆر ناڕاستیشە نرخێکی زۆریان داناوە ) بەڵام هێشتا تێچووی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ هەر لیترێک بە تێکڕا نزیکەی 210 دینارە؛ واتە تێچووی تێکڕای پاڵاوتنی بەرمیلی 200 لیتری نزیکەی 42 هەزار دینار دەبێت.
بەڵام ئێستا هاوڵاتی لە بازاڕدا هەر لیترێک نەوتی سپی بە نزیکەی 1,500 دینار دەکڕێت؛ کە بەرمیلی 200 لیتری بە 325 هەزار دینار دەکڕێت.
ئەگەر لە تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەدا، لە ساڵێکدا نزیکەی 455 هەزار بەرمیلی 200 لیتری نەوتی سپی بەرهەم هاتووە، بۆچی بەشێکی ئەم بەرهەمە بە نرخێکی گونجاو بە هاوڵاتیانی ناوچە ساردەکان نادەن!!!
دەکرا بۆ چارەسەر 455 هەزارە دابەش بکرێت و بەشێکی تریش ــ وەک ساڵانی رابردوو ــ لە عێراقەوە وەربگیرێت ، ئەمساڵ هەوڵەکان زیاتر بکرێت بۆ زیادکردنی بۆ پێداویستی تەواوەتی. بەو شێوەیە، دەتوانرا بەشێک لە کێشەکە چارەسەر بکرێت و فشار لەسەر نرخەکانی بازار کەم بکرێتەوە.
لە ئێستادا نە 455 هەزار بەرمیلی نەوتی سپی پاڵاوگەکانی کار و لاناز بە شێوەیەکی ڕوون دیارە، نە پلانێکی ڕوون بۆ دابەشکردن و چارەسەرکردنی کێشەکە دەبینرێت..
نایانەوێت دەست ببەن بۆ ئەو 455 هەزار بەرمیلەی کۆمپانیاکانی خۆیان! و چاوەڕێی لە خۆیەوە چارەسەر دەکەن ،!!
تاوەکو نرخی سووتەمەنی بەرز بێتەوە، کۆمپانیاکان ڕێگر دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی وە پاڵپشتی دەکرێن!
کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان