سێ ملیۆن دۆلار سوتا
04:18 - 18/08/2026
زەمەن_هەواڵ
شەوی ڕابردوو لە گۆڕەپانی کۆگاکردنی سووتەمەنی لە تانجەرۆ ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و ٢٢ کەس برینداربوون و زیانە مادییەکان بە سێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی ئابی ٢٠٢٦، ئاری محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە بەردەوامە و بەهۆی ئاگرەکەوە نزیكەی سێ ملیۆن لیتر لە جۆرەکانی گاز و بەنزین بەتەواوی سووتاون، دوای نزیکەی شەش کاتژمێر ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵکرا.
ئاماژەی بەوەشدا، ٢٢ کەس لە ڕووداوەکەدا بریندارن و لەنێو بریندارەکاندا دوو ئەفسەر و دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی سلێمانی هەیە برینی یەکێکیان سەختە و ٪٩٠ی جەستەی سوتاوە.
ئاری محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕەتیکردەوە ئاگرەکە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بووبێت و جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری سەرەکی و یاساییبوونی شوێنەکە بەردەوامن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەک پلانێکی داهاتوو، کار دەکەن بۆ ئەوەی چیتر ڕێگە نەدرێت گۆڕەپانەکانی کۆگاکردنی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ بمێننەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، هەموو ڕێکارێکی پێویست گرتراوەتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگریی بکرێت لە هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە لەو ناوچەیەدا. ئەم ڕووداوە کە زیانێکی گەورەی بە کەرتی سووتەمەنی و گۆڕەپانەکانی کۆگاکردن گەیاند، بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کارمەندی حکومی و مەدەنی کە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان. لێکۆڵینەوەکانی لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی مۆڵەت و مەرجەکانی سەلامەتی ئەو گۆڕەپانانە لە تانجەرۆ دەستیپێکردووە تاوەکو ڕاستی و دروستی ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ دەربکەوێت.