بەپەلە.. مێردمنداڵێک لەلایەن باوکی و خاڵییەوە کوژرا
12:48 - 08/09/2026
زەمەن_هەواڵ
شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماریی قەزای خورماتوو، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ "بەهۆی دۆڕاندنی 70 هەزار دۆلار (٧ دەفتەر) لە یارییەکی تیکتۆکدا"، لەلایەن باوک و خاڵییەوە ئەشکەنجە درا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەمید بەدر خەڵەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ئاشکرایکرد،باوکی مێرمنداڵەکە و خاڵی دەستگیرکراون. پاش لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بەوەدا ناوە کوڕەکە لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی ئەواندا گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ڕایگەیاند: ئەم مێرمنداڵە ماوەی چەند رۆژێکە لە تیکتۆک لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لەڕێگەی لینکی یارییەکەوە، سەرجەم پارەی ماڵەوەیانی دۆڕاندووە کە بڕەکەی (٧ دەفتەر دۆلار) بووە لە هەژماری بانکیی ماڵەوەیاندا بووە."
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر هاروون رەشید،بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی دەڵێت: تەرمی مێرمنداڵەکە لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو. شوێنەواری تووندی ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەیەوە دیاربووە و زۆر درەنگ گەیێندرابووە نەخۆشخانە."