وای پێوتن....نەوشیروان مستەفا.
9/8/2026 1:31:00 PM
بەختیار شارەزووری
×لە دوای هەرەس سێ سەرکردە هەبو ، یەکێکیان لەسەڕ مۆدێلی بنەماڵە مایەوە و یەکێکیان هاوکێشەی هەرێمایەتی دروستی کرد ، یەکێکیان خوێندەوار و کوڕە هەژار.
×سێ سەرکردە یەکێکیان شێخ و ئەویان مەلا و بنەماڵە و ئەمیان پارتی زانی خوێندەوار.
×کە شۆڕشی چەکداری دەستی پێ کرد ، یەکێکیان لە ئێران ویەکێکیان لەم وڵات و ئەو وڵات و ئەوەی لەگەڵ پێشمەگە و شاخ و گوند و داروبەردی کوردستان مایەوە...کوڕەهەژارەکە بو.
×کە ڕاپەڕین نەخشەی بۆ دانرا ئەمیان لە ڕاژانەوە هەر باوەڕی پێی نەبو ، ئەویان کەس نەیدەزانی لە چی وڵاتێکە ، پارتی زانە خوێندەارەکە و هاوڕێکانی ڕاپەڕینیان کرد و ئەوانیشی هێنایەوە.
×دوای ڕاپەڕین حکومەت و پەرلەمان دروست بو ، ئەوان هەریەکەیان بونە پاشکۆی هێزێکی ناوچەیی ، ئەم دەیوت با خۆمان بین و خۆمان ڕێکبخەین و گشت کەیسەکانمان نیشتمانی بن نەک حیزبی و ئەجێندای دەرەکی.
× نەک بە گوێیان نەکرد پەراوێزیان خست و خۆیان دەستەڵاتیان داگرکرد ئەو لە بەغداد و ئەم لە هەرێم و گەندەڵیان کردە سیستەم ، بێدەنگ بو ، دواجار هات پێیانی وت من نەبومایە ئێوە هیچ نەبون ،فەرمون ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.
×ئەویانی لە سەرۆکایەتی هەرێم هێنایە خوارەوە و لەمیشیانی بردەوە .
×دوای خۆی مۆدێلی نەوەی بنەماڵەکان چەسپی وبوە ئەمری واقع ، نەوەی ئەویان بە سەتڵێک بۆیاخی تورکیاوە زۆنێکی بردو ڕەنگی زەردی کرد ، نەوەی ئەمیان بە سەتڵێک بۆیاخی ئێرانەوە زۆنەکەی تری برد و ڕەنگی سەوزی کرد.
×ئەوەی مایەوە کوڕی هەژارەکە و پارتی زانە خوێندەوارەکە بوو ، نە نەوەی هەبوو نە هاوڕێ ، وا خەریکن مێژوشی دەشێوێنن ، ئەگەر دواجار بە غیابی مەحکەمەشی نەکەن.
×هەقە ناوبنرێت سەرکردە تاقانە بێکەسەکە.
دانیشن بەخێر...