بەپەلە.. ئەمریکا شۆکبووە لە کارێکی نهێنی سعودیە
03:29 - 27/09/2026
زەمەن_هەواڵ
بەڵگەنامەیەكی نهێنیی هەواڵگری پشتڕاستی ئەوەی كردووەتەوە، دوای دامەزراندنی بەرنامەی ناوكی ئاشتی، سعوودیە كار بۆ پەرەدان بە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی دەدات.
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی ترەمپ بۆ كۆنگرێس ڕەوانە كرا و دەنگی پێویستی بەدەست هێنا، لەو ڕێگەیەوە ئەمەریكا بەرنامەیەكی ناوكی بۆ بواری ئاشتی لە سعوودیە دادەنێت، بەڵام بەڵگەنامەیەكی نهێنیی هەواڵگری پشتڕاستی ئەوەی كردووەتەوە، دوای دامەزراندنی بەرنامەی ناوكی ئاشتی، سعوودیە كار بۆ پەرەدان بە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی دەدات.
بەگوێرەی بەڵگەنامە نهێنییەكە و هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمەریكا، بە دوور نازانرێ كە دواتر سعوودیە پەرە بە بەرنامەی ناوكییەكەی بدات و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە داهاتوو بۆ بەرزترین ئاست بەرز بكاتەوە و هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات.
ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، ئەو هەڵسەنگاندنەی هەواڵگریی ئەمەریكا ترس و نیگەرانی لای زۆر لە كۆنگرێسمانانی ئەمەریكا دروست كردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریكا و سعوودیە ڕێككەوتن و ڕێككەوتنەكەیش لە كۆنگرێس پەسند كرا، لەو ڕێگەیەشەوە ئەمەریكا یارمەتیی سعوودیە دەدات تا بەرنامەی ناوكی بۆ بواری ئاشتی لە وڵاتە دابمەزرێنێت.
مەترسی و نیگەرانیی كۆنگرێسمانان لەوەدایە، بەهۆی ئەو ڕێككەوتنەوە پەرە بە چەكی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێ، ململانێی پڕچەككردن و پێشخستنی چەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بكێشێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام كێشە و ئاڵۆزی و پێكدادانی تێدایە و جەنگ و ململانێكان لەو ناوچەیە كۆتاییان نایەت.
لە ڕێككەوتنەكەدا ڕێ بە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دراوە، پڕۆژەی وزەی ناوكی لە سعوودیە بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار بە ئەنجام بگەیەنن، كۆشكی سپی لە ڕێی ئەو هەنگاوەوە هیوای ئەوە دەخوازێت پێوەندییەكانی نێوان واشنتن و ڕیاز زیاتر بەرەوپێشەوە ببات، ڕێگریی لەوە بكات كە شانشینی سعوودیە هاریكاری و پێوەندیی ستراتیجی لەگەڵ ڕووسیا و چین دابنێت.
لە كاتی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكە لە تەمووز/یۆلیۆی ڕابردوودا واشنتن دووپاتی كردەوە، بەرنامەی ناوكی ئاشتیی سعوودیە ئاسایشی ناوچەكە بەهێزتر دەكات، تەواوی پێوەرەكانی سەلامەتی و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆم لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە پێڕەو دەكرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەوكاتیش ژمارەیەكی زۆر لە كۆنگرێسمانانی دیموكرات لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و دووپاتیان لەوە كردەوە، ئەمە ڕێگەخۆشكەر دەبێ بۆ سعوودیە تا یۆرانیۆم بەرەو سەرووی 20% بپیتێنێت.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، كۆنگرێس ئێستە پێداچوونەوە بە پڕۆژەكە دەكات كە لە ماوەی 90 ڕۆژ دەبێ ئەو كارە تەواو بكرێت، دەكرێ لەو ماوەیەدا كۆنگرێسمانان پڕۆژەیەكی تر بخەنە ڕوو كە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییەی نێوان ڕیاز و واشنتن بكات.
هەریەك لە سیناتۆرانی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیران "ئاد ماركی و جێف مێركلی"، لە نامەیەك بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ماركۆ ڕۆبیۆ ئاماژەیان داوە، حكوومەتی ئێستەی ئەمەریكا عورف و ڕێوشوێنەكان دەبەزێنێت و زۆرترین داواكارییەكانی سعوودیە جێبەجێ دەكات.
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دڵنیایی و متمانە و گەرەنتی هەیە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، بەڵام سیناتۆر جێف مێركلی دووپاتی كردەوە، پێویستە واشنتن متمانەی بە لێدوانەكانی سعوودیە لە دۆسیەیەكی وا هەستیار نەبێت، داوای سعوودیە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خواستەكانی سعوودیە زیاترە لەوەی تەنیا بەرنامەیەكی ناوكی ئاشتی بوێت.
پێشتر سعوودیە لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، بەرنامە ناوكییەكەی تەنیا بۆ بواری ئاشتی دەبێ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایش ئاماژەی دا، هیچ كات پشتیوانی بەرنامەی ناوكی بۆ بواری سەربازی لە سعوودیە ناكەن.
بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، لە سەرەتادا یۆرانیۆم تا ئاستی كەمتر لە 5% لە سعوودیە دەپیتێنرێت، دوای توێژینەوە و ڕێوشوێنی پێویست، دواتر ئەو ئاستە بۆ سەرووی 20% بەرز دەكرێتەوە، لەو ڕێژەیەشەوە دەتوانرێ بە خێراییەكی زۆر ئاستی پیتێنراوی یۆرانیۆم زۆر بەرز بكرێتەوە، بە جۆرێك شیاو بێ بۆ بەكارهێنانی لە بواری سەربازی.
خاڵێكی تری جێی ڕەخنە لە ناو ڕێككەوتنەكە ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەك مەرجی پابەندبوونی سعوودیە بە پرۆتۆكۆلی زیاتری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی لە ڕێككەوتنەكە دانەنراوە، ئەمەیش وا دەكات پرۆسەی چاودێریكردنی بەرنامەی ناوكی ئاشتیخوازانەی سعوودیە زۆر قورس بێت.