13وتار

ســـــمێڵ

10/26/2026 1:25:00 PM
کاروان ئەنوەر

  

ئەندامێكی مەکتەب سیاسی یەكێتی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی پێشوو، ویستبوی قسەیەكی پیاوانە بكات، وتبوی ئەگەر وانەبوو من ئەم سمێڵانەم دەتاشم.. دکتۆر كەمال فوئادیش یەكسەر هەڵیدابوویە و وتبووی:
ـجا ئەوە چیە؟ ئەوپەڕی وەك منت لێدێت.

د.كەمالی رەحمەتی كارگێڕی م.س یەكێتی لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواو كردبوو، هاوسەرەكەی ئەڵمان بوو، پیاوێكی زۆر جوان و خوێندەوار بوو، هەر زوو خۆی لە دەست سمێڵ و لێكەوتەكانی رزگار كردبوو.

جا بابەتی سمێڵ دانان و جوانكردن و بەخێوكردن و هەندێك جار لوولكردن و بۆیاخكردن و چەڵەمەكردن و تێكەڵكردنی لەگەڵ (ریش- ردێن) و شۆڕكردنەوەی بۆ خوارەوە كە شەقاوەكانی پێدەناسرایەوە، یان سمێڵی ٨ ی شوبات كە بەعسیەكانی پێدەناسرایەوە، بە دەیان دیزاین و سیفەتی تر بۆ سمێڵ دانرابوون، لەو سەردەمەدا سیمایەكی پیاوبوون وپیاوەتی و دڕیی درابوویە و زۆرم لا سەیربوو وەك شتێكی پیرۆز و بەھەیبەت وگرنگ تەماشا دەكرا، هەندێك جار پۆزیشی پێوە لێدەدرا و دوای هەر ئاوخواردنەوەیەك یان دۆ و ماستاو خواردنەوەیەك، دەستێكی پێدا دەهێنرا و بە گرمەی قرقێنەیەك لەسەرلا گۆمی بێدەنگی پێدەشڵەقا.

سمێڵ بە چەندین مانای شاراوەو ئاشكراوە چوەتە ناو ئیدیۆمی کوردیەوە، وەک: سمێڵیان چەورکردوە، بسکەی سمێڵی دێت، سمێڵی تۆز نایگرێت، سەر روتی سمێڵ تاشراو، تاڵێک مووی سمێڵی نالەنگێت... دەیان پەندۆکەو قسەی تریش.. هەر لای خۆمان نا، لەجیهانیشدا سمێڵ تەنها شوێنی بەرلوت ودەموچاوی پیاوان نەبوە، چونكە هەندێك كەسایەتی پێناسراوەتەوە، وەك (سیلڤادۆر دالی، ئەدۆلف هیتلەر، یۆزیڤ ستالین، چارلی چاپلین، فرێدریك نیچە، ناسری رەزازی، نەجمەی غوڵامی و چەندانی تریش... لەرێگەی بیچمی سمێڵەكەیەوە شیکار بۆ كەسایەتی ئەو پیاوە كراوە، بۆیە کورد دەیان جۆر و ناوو نازناوی بۆداناوە وەک: (بابڕ، قەترانی، گوگرە، چەخماخی، بۆز، قیت، بۆر، قەیتانی، قنج، ھیتلەری، سمێڵ فش بۆ ترسنۆکەکان بەکارھاتوە.. دەیان ناوو ناتۆرەی تریش...) وەك من بزانم شێوازی دانانەكەی لەئایینی ئیسلامدا بەرێنمایی دەبێت و بەپێی ئامۆژگارییەكان، مەرجە بەرسمێڵی پیاو كرابێت و ریشی پاك نەتاشرابێت، یان لای برا كاكەییەكانمان جۆرێك ستایلی دیاریكراوی هەیە، لای بنەماڵەی بەدرخانیەكان جۆرێكی تر لە سمێڵ ھەبوە، یان لای دروزەکان و سیخەکان و بەھائیەکان و حاخام و قەشەکانی پرۆتستانت و ئەرثەدۆکس، بەجۆرێک بوە، بەڵام لای کاثۆلیک و دالای لاماکان لە تیبت نەکراوە بەمەرج.... یان لای ھەڵگری بیروباوەڕە جیاوازەکانی سەدەکانی پێشووتر، پیاوەکان بەجۆری سمێڵەکانیاندا ناسراونەتەوە، لەکاتێکدا ژنە موسڵمان و جوەکان و کریستیان و سیخ و زەردەشتی و ئەوانی تر بە جلوبەرگیاندا جیاکراونەتەوە..

ئێستا دڵنیام خوێنەری بەرێز دەڵێت دە چیت هەیە بیڵێ و دڵنیاین بابەتەكەت تەنها بۆ سمێڵ نیە، ئێستا دەمانبەیتەوە سەر بابەتێكی تر نە ریشەو نە سمێڵە، خۆ باسی پێشبڕكێی جوانی سمێڵیش ناكەین كە لە وڵاتانی ئینگلاند و بەلقان و ھیندۆروپیدا هەموو ساڵێك جوانترینیان هەڵدەبژێرن. 

جا بۆ ئەوەی لەمە زیاتر سەرتان نەیەشێنم دەڵێم: مەرج نیە هەموو سمێڵ بابڕێك پیاو بێت، قەشە رەبەنەکان سمێڵیان ھەبوەو ئەندامی پیاوەتییان لەکاردا نەبوە، لای عەرەبی (الصعالیک) كوشتن و نەفەکبڕین و ئەتک و دزی و تاڵانی پیاوەتی بوە، جەنگی (بەسوس) چل ساڵی خایاند، سەدان پیاوی بەسمێڵ لەسەر خوێنی وشتری ژنێک کوژران، یان زیندەبەچاڵ کردنی کچان (وأد البنات)وەک خویەکی دێرین لای عەرەبەکانی حیجاز، مەرجی پیاوەتی بووبێت..

پیاو بە رەوشت و خوو مۆراڵی مرۆڤبوونەوە پیاوە، دەستبردن بۆ تابۆكانی كۆمەڵ و ژاكاندنی جوانیەكان و بڕینی هەناسەی پەپولەكان، ئەگەر لە كلتوری هەندێك نەتەوە و میللەتاندا مایەی پیاوەتی بووبێت، ئەوە لای ئێمەی کورد لەمڕۆدا پیاوبوون گونجاندنە لەگەڵ بنەما راستییەکانی ئایین و رەوشت و خۆشەویستی و سۆز و بەزەیی و لۆجیكی سەردەمدا، بۆیە ژنكوشتن و كچکوشتن سیمای كوردانە نین و سمێڵ دارەکانیش هێمایەك نین بۆ پیاوەتی، ئەگینا پشیلەش سمێڵی هەیە.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

(سێگۆشەی خڕ) ناونیشانی گۆشەیەکە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاودەبێتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن