10وتار

لەیادی ٢ دوو ساڵەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی خەڵکی کوردستان دا :

10/24/2026 11:47:00 AM
مەحمود حاجی عومەر

ئەمڕۆ ٢٢ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٦ ،دوو ساڵ و دوو ڕۆژ  تێپەڕی بەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان. ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی دوو ساڵ لە دواخستنی کاتی یاسایی خۆی و دوای چەندین کات دیاریکردن، ئەوە بوو نتیجە ٢٠ی ١٠ ی ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن ئەنجام دراو تا ڕادەیەک هیوایەک هەبوو بۆ نوێ بوونەوەو گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی وڵات وسیستەمی حوکمڕانی  کوردستان. خەڵکیش هەر بەو هیوایەوە چوونە سەر سندوقی دەنگدان . بەڵام بەداخەوە جارێکی تر بەرژەوەندی تەسکی حیزبی وپلەو پۆست ونەبوونی ئیرادەیەکی دڵسۆزانە بۆ وڵات و ڕێکنەکەوتنی ( پارتی ویەکێتی ) ئەو هیوایەو دەنگی خەڵکیان نادیدە کرد….

زیاتر لە ٤ چوار ساڵە پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی یاسادانان و چاودێری حکومەتی نیە. چ جای ئەوەی حکومەت بۆ خۆی کاربەڕێکەرەو حکومەتی دەسەڵاتی حیزبە نەک شەرعیەتی یاسایی. ئەم حکومەتە هەر بە تۆبزی بە شەقامی کوردی دەڵێ: من ئێوەم بە برا بچوک قبوڵە. جائیتر ئێوە منتان بە براگەورەی خۆتان قبوڵ نیە سیر بخۆن وزوڕنا لێدەن. ئەوە کێشەی خۆتانە…! لەم دەڤەرە باوکی میللەت ئاوهایە. ئیدی هەرێمێک کە بەخوێنی هەزاران شەهیدو هیواو ئاواتی خەڵک دروست بووە لە ئێستادا لە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەییدا دەخولێتەوە بەداخەوە کراوە بە قوربانی عینادی وبەرژەوەندییە حیزبیەکانی دەسەڵاتە کاربەڕێکەرەکەی کە زۆری نەماوە باجەگەورەکەی بدەین…!

خولی شەشەمی پەرلەمان لە ساتەوەختی هەڵبژاردنیەوە تاوەکو ئەمڕۆ یەک کۆبونەوەی کردوە ، ئەویش بۆ سوێند خواردن و شەرعیەت دانە بە ئەندامانی پەرلەمان و موچەکانیان.! 

بەرژەوەندی حیزبی وشەخسی ڕێگرە لە کارانەبونەوەی پەرلەمان . ئەمەش ئەو مەترسیەمان نیشاندەدا کە چاوەرێ ی گڵۆپی سوری بەغداو ئەمریکاو دەوروبەر بین.

مسجەکانی ( تۆم باراک) ی نێردەی تایبەتی ترامپ وئامریکا دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە دیموکراسی ودەنگی خەڵک لە کوردستان لە پاشەکشەی تەواودایەو دەسەڵاتی ئێستای کوردی و سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخەو سەربەخۆیی کوردستان ودادی کۆمەڵایەتی خەڵکەکەیدا نین..!

کە ڕاستەوخۆ  هەردوو حیزبی دەسەڵات و بەپلەی یەکەمیش پارتی دیموکراتی کوردستان قورسایی بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخەی دەکەوێتە ئەستۆ کە بەرپرسیاریەتیەکی مێژوویە. 

لەلایەکی ترەوە بە گوشاری هاوپەیمانان وبە فشاری پنتاگۆن بۆئەوەی هاوکاریە دارایی وسەربازی ولۆجیستیکەیکانی هێزی پێشمەرگە نەبڕدرێن. بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە لە بۆتەی میلیشیاییدا نەتوێتەوە بەناوی یەکخستن ویەکگرتنی هێزی پێشمەرگە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ کران بە دەڤەرەکانی یەك و دوو. کە لەڕاستیدا سوپای یەکگرتووی کوردستان ئاوها دروست نابێت …!

ئەوە ١٣ ساڵی ڕەبەقە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوەو زۆر دەمێکە ماوەی یاسایی دەستوری بەسەرچووەو شەرعیەتیان لەدەست داوە.

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان وابڕیار بوو ڕەشنوسی دەستور بنوسرێتەوەو لیژنەی یاسایی وپسپۆری وئەکادیمی بۆ تەشکیل کراو دوای چەند کۆبونەوەیەک مەحزەرەکانیان لە دۆڵاب وڕەفەکانی پەرلەماندا تۆزی لێ نیشتووە.

زیاد لە ١٢ ساڵە پاشەکەوتوو لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی کوردستان یان کرد بەقوربانی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان وتاکو ئێستاش نەسەرۆکی هەرێم ونەحکومەت خۆیان ناکەن بە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆیان و قەرزی خەڵکی …

بەداخێکی زۆرەوە لەپرسی نەتەوەو خاکەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ونیشتیمانیمان هاتینە سەر ئەوەی کە لەبەغاوە چاوەڕوانی موچە بکەین.

ئەم قەیرانانەو دەیان قەیرانی ترو ناکارامەیی دەسەڵاتی کوردی ڕوی ڕاستەقینەی خۆیان وهەیبەتی کوردوکوردستانیان لای یارو نەیار خستە ڕوو…!

لەکاتێکدا ناوچەکە ئەکوڵێ و گۆڕانکارییەکانی جیهان خێران و خیتابی قەومی و سیاسی یەکگرتووی کوردیش تا بێت لاواز دەبێت! 

ئایا پلان و ستراتیژی دوور مەودای سەرکردایەتی دەسەڵاتی کوردی لەم دەڤەرە بۆ ڕو بەڕو  بوونەوەی مەترسیەکانی سەر ئەمنی قەومیمان لە لایەک و قۆستنەوەی هەلی ئیجابی بەگریمانە لەلایەکی تر بۆ کورد چی دەبێت؟ 
وەڵامی ئەم پرسیارەو دەیان پرسی چارەنوساز کلیلەکەی کە گیرفانی چاکەتی دەسەڵاتی کوردی وهەردوو حیزبی سوڵتەدایەو لێیان ون بووە..!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن