فرۆشتنی زەوی و موڵک و مەترسییەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی لەهەرێم
10/24/2026 11:48:00 AM
ئومێد خدر
بابەتێک کەنابێت بێدەنگی بەرامبەر بکرێت،فرۆشتنی زەوی، شوقە و موڵک لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە بابەتێکی هەستیار و گرنگی نیشتمانی گۆڕاوە، بابەتێک کە پێویستە لە ڕوانگەی یاسایی، دیمۆگرافی و ئاسایشی نیشتمانییەوە بە وردی لێی بڕوانرێت.
دوێنێ دادگای کارگێڕی سلێمانی بڕیارێکی گرنگی دەرکرد، بەڵام بەپێی ئەوەی ڕاگەیەنراوە، دواتر دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی دەرکردووە وڕێگری لە کڕینی موڵک لەلایەن هاووڵاتیانی عەرەبەوە ڕەت کردەوە. ئەم بابەتە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی یاسایی و گفتوگۆیەکی گشتیی بەرپرسانە هەیە.
پرسیارەکە تەنها فرۆشتنی چەند پارچە زەوی یان شوقەیەک نییە؛ بەڵکو ئەوەیە چۆن دڵنیا بینەوە کە مامەڵەکانی موڵک و زەوی، بە هیچ شێوەیەک، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی شار و ناوچەکانی کوردستان بەکارناهێنرێن. ئەزموونی عێراق، بە تایبەتی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، نیشان دەدات کە سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی دەتوانن کێشەیەکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
نابێ بەرژەوەندیی کورتخایەنی چەند کۆمپانیایەک، بازرگانێک یان دەڵاڵێکی چاو برسی ببێتە هۆی ئەوەی پرسی خاک و داهاتووی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی گشتی و بەرپرسیارانە دوور بخرێتەوە. ئازادیی خاوەندارێتی و فرۆشتنی موڵک پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ڕێگری لە هەر جۆرە مامەڵەیەک بکرێت کە بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی یان زیانگەیاندن بە مافەکانی دانیشتووان ئەنجام بدرێت.
وەلە ماددەی ٢٣ی دەستوری عێراق، لە بڕگەی دووەمدا، هاتووە کە خاوەندارێتیی موڵک نابێت بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی بەکاربهێنرێت. ئەم بنەمایە گرنگە و پێویستە لە هەر بڕیار و سیاسەتێکدا کە پەیوەندی بە زەوی و موڵکەوە هەیە، بە وردی لەبەرچاو بگیرێت.
ئەگەر ئەم بابەتە بە شێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی چارەسەر نەکرێت، دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی . بۆیە پێویستە پەرلەمان، حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چالاکوانانی سیاسی، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕای گشتی، بە بەرپرسیارییەوە لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بکەن و ڕێکارێکی یاسایی و دادپەروەرانە بدۆزنەوە.
پاراستنی خاک و مافە دەستورییەکان پێویستی بە هۆشیاری، یاسا، شەفافیەت و بەرپرسیارییەتی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە ٧ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەئابی ٢٠٢١ ژمارەی ئاوارە عەرەبەکان لە هەرێمی کوردستان ٩٢٦٬١٨٠ کەس بووە و لە ٢٦ کەمپدا ژیاون. لەو زانیارییەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٨٦٪ لە هەولێر و دهۆک بوون و ٤١٪ تەنها لە هەولێر بوون ئایا لەو ژمارەیە چەندیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان؟! وەچەندیان ماونەتەوەو بونەتە خاوەن ماڵ!؟
هەروەها، بەپێی زانیاری هەمان ڕاپۆرت ژمارەی ئەو کەسانەی بە کارتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەژین، نزیکەی ١٬٠٣٥٬٠٠٠ کەسە؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی ٦٠٠٬٠٠٠ کەس لە هەولێر نیشتەجێن. هەمان زانیاری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ژمارەیە نزیکەی ٢٨٪ی دانیشتووانی هەولێر پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕێژەی باسکراو بۆ دانیشتووانی عەرەب لە دهۆک ١٥٪ و لە سلێمانی نزیکەی ٨٪. ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی بەعەرەبکردندایە پێویستی بەهەڵوێستی جدی هەیە.