لە خانەقین گەنجێک لەسەر بە کوردیی نوسین دەستگیرکرا
03:58 - 31/08/2026
زەمەن_هەواڵ
هێزە ئەمنییەکانی خانەقین، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵی کوردیان دەستگیر کردووە و جارەنوسی نادیارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق لە قەزای خانەقین، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵیان بەناوی (رێبین ستار) ناسراو بە "رێبینی ئاسنگەر" دەستگیرکردووە و تائێستاش چارەنوسی نادیارە، باوکیشی باس لەوەدەکات پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنەکەی تەنها گۆڕینی ناوی دوکانەکەی بێت بۆ زمانی کوردیی.
ستار عەبدوڵڵا، باوکی رێبین، لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی دەنگ ئاماژەی بەوە کردووە: پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنی کوڕەکەی تەنها بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی بگەڕێتەوە، چونکە ناوی دوکانەکەی کردوە بە کوردیی و هاوکاری خاوەن دوکانەکانی دیکەشی کردوە تاوەکو تابلۆی شوێنکارەکانیان بە زمانی کوردی بنووسن.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمە مافێکی سەرەتایی و ئاسایی هەر هاوڵاتییەکی کوردە کە لە شارەکەی خۆیدا زمانی دایکی بۆ ناو و نیشانی کارەکەی بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردن و شوێنی کوڕەکەی، باوکی رێبین رایگەیاند: هێزەکە لە شاری باقوبەوە هاتوون و کوڕەکەیان بۆ ئەوێ گواستووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەرییان پیشانبدەن یان هیچ رونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی شێوازی دۆسیەکە و مامەڵەی هێزەکەوە، ئێستا لە دۆخێکی نائاسودەدان و مەترسی ئەوەش هەیە کە فشاری زیاتریان بخرێتە سەر و خۆیشی دەستگیربکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە هەڵمەتێک لە خانەقین سەرپێخراوە دژ بە تەعریبکردنی قەزاکە، بڕیاریش بو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک لەوبارەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵوەشێنرایەوە.