چەک تێکەڵ بوو، ئایا مافی کوردیش لە دەستووری سوریای نوێدا جێگیر دەبێت؟
9/7/2026 11:35:00 AM
سهركهوتی جیهاز
دوای ساڵانێک شەڕ، قوربانی و بەرگری، پرسی کورد
لە سوریادا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسساز. قۆناغێک کە تێیدا چەک و هێزی
سەربازی بە تەنها بڕیاردەر نین؛ بەڵکو دەستوور، یاسا و هاوبەشیی سیاسی دەبنە پێوەری
سەرەکیی داهاتوو.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ـ هەسەدە ـ کە ساڵانێک
ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی دژی داعشدا بینی، ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆ و تێکەڵکردنی هێز
و دامەزراوەکان لەگەڵ دەوڵەتی سوریادان.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە؟!
ئەگەر چەک تێکەڵ بکرێت، ئایا مافی کوردیش لە دەستووری
سوریای نوێدا جێگیر دەکرێت؟
کورد لە سوریادا تەنها بۆ پاراستنی ناوچەیەک یان
هێزێکی سەربازی نەجەنگاوە. لە پشت ئەو هەموو قوربانی و بەرگرییەوە، خواستی ناسنامە،
زمان، مافی سیاسی، بەشداری لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان هەیە.
بۆیە ئەگەر قۆناغی نوێ تەنها بە تێکەڵکردنی هێزە
سەربازییەکان کۆتایی پێ بێت و مافە سیاسی و نەتەوەییەکان بخرێنە پەراوێزەوە، ئەوا
کێشەکە چارەسەر نەکراوە؛ تەنها شێوەکەی گۆڕاوە.
کورد پێویستی بە بەڵێنی نوێ نییە؛ پێویستی بە
گرەنتیی یاسایی و دەستووری هەیە.
فەرمان و ڕێککەوتن دەکرێت بگۆڕدرێت، پاشگەز بکرێتەوە
یان بە گۆڕانی دەسەڵات مانای خۆی لەدەست بدات. بەڵام مافێک کە بە ڕوونی لە دەستووردا
جێگیر بکرێت، دەبێتە بەشێک لە بنەمای دەوڵەت و دەستبردن بۆی زۆر قورستر دەبێت.
مێژوو پێمان ئەڵێت کە لە کاتی پێویستیدا بەڵێن
زۆر دەدرێت، بەڵام دوای گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان، زۆرێک لەو بەڵێنانە لەبیر دەکرێن.
بۆیە ئەمجارە نابێت چارەنووسی مافەکانی ملیۆنان
کورد بە نیازی باشی تاکە سەرکردەیەک یان بە ڕێککەوتنێکی کاتی ببەسترێتەوە.
ئاشتەوایی و یەکگرتوویی سوریا جێگەی پشتیوانییە،
بەڵام یەکگرتوویی بە مانای یەکڕەنگکردن و سڕینەوەی ناسنامەکان نییە. دەوڵەتێکی بەهێز
ئەو دەوڵەتە نییە کە هەمووان ناچار بکات وەک یەک بیر بکەنەوە؛ بەڵکو ئەو دەوڵەتەیە
کە جیاوازییەکان بە یاسا بپارێزێت.
سوریای نوێ تەنها کاتێک دەتوانێت بەڕاستی نوێ بێت
کە کورد، عەرەب، دروز، عەلەوی و هەموو پێکهاتەکانی تێیدا خۆیان بە هاوبەشی یەکسانی
وڵات بزانن، نە بە میوان یان هاوڵاتیی پلە دووەم.
لەبەر ئەوە، قۆناغی دوای چەکدانان لەوانەیە لە
شەڕی چەکداریش گرنگتر بێت. ئێستا کاتی ئەوەیە مافەکان بخرێنە سەر کاغەز و بە دەستوور
بپارێزرێن.
مافی زمانی کوردی و خوێندن پێی، بەشداریی ڕاستەقینە
لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، گەڕانەوەی ئاوارەکان، پاراستنی مافی
موڵک و نیشتەجێبوون و ناساندنی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سوریا، نابێت وەک بابەتی
لاوەکی یان دواخراو تەماشا بکرێت.
هەر پۆست و پلەیەک کە بە سەرکردەیەکی کورد بدرێت،
دەکرێت هەنگاوێکی ئەرێنی بێت؛ بەڵام مافی گەلێک بە پۆستی تاکەکەس پارێزراو نابێت.
گرەنتیی ڕاستەقینە: دەستوور، یاسا و دامەزراوەیە.
کورد دەبێت پشتیوانی لە ئاشتی و سوریایەکی
ئارام و یەکگرتوو بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە دەنگێکی ڕوون و یەکگرتوو بڵێت:
چەکمان دەکرێت تێکەڵ بکرێت، بەڵام مافەکانمان
نابێت تێکەڵ بە بەڵێن و ناڕوونی بکرێن.
ئاشتی بەبێ ماف، ئاشتییەکی بەردەوام نییە؛
یەکگرتوویی بەبێ دادپەروەریش، تەنها ناوێکە.
ئەمجارە دەبێت مافی کورد نەک لە وتار و بەڵێننامەدا،
بەڵکو بە دەقێکی ڕوون و گرەنتیدار لە ناو دەستووری سوریای نوێدا جێگیر بکرێت.
ئەگەر سوریای نوێ بۆ هەمووانە، دەستوورەکەشی دەبێت
مافی هەمووان بپارێزێت