پڕۆژەی ڕووناکی: مانگی (٧) نیوەی ماڵان کەمتر لە ٢٩ هەزاریان بۆ هاتووەتەوە
06:26 - 06/09/2026
زەمەن_هەواڵ
پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند: بۆ مانگی تەمموز، زۆرینەی هاوبەشان سوودمەند بوون لە کەمبوونەوەی تێچووی کارەبا، بە شێوەیەک کە نیوەی ماڵان بڕی کەمتر لە ٢٩هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٦، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داتاکانی مانگی تەمموزی پڕۆژەی "رووناکی" راگەیاند، کە تێیدا رەهەندە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە بۆ هاووڵاتییان روون کراوەتەوە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، نیوەی ئەو ماڵانەی کەوتوونەتە ناو پڕۆژەی رووناکی، تێچووی کارەبای مانگی تەمموزیان کەمتر لە 29,000 دینار بووە.
وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە کێشەی "پسوولەی سفر" بۆ ئەو هاوبەشانەی گرفتیان هەبوو چارەسەر کراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ شەفافیەت و رێکخستنی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات.
لە رووی ئابوورییەوە، داتاکان دەریدەخەن کە 80%ـی هاووڵاتییان، بە تایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، ئێستا بڕە پارەیەکی کەمتر خەرج دەکەن بۆ وزە بە بەراورد بەو تێچووەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان دەیاندا.