10وتار

دەرکەوتنی ئاماژە مەترسیدارەکانی ڕێکەوتنە مێژووییەکەی مانگی ئابی ٢٠٢٦ نێوان هەسەدە و جۆلانی!

9/12/2026 12:54:00 PM
هونەر حاجی جاسم

ئەوانەی ڕۆژێک گوتیان ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان «بڕیارێکی مێژوویی» بوو، نابێت جیاوازییەکی ئەوتۆ لەگەڵ ئەوانەی ئێستا ڕێکەوتنەکەی هەسەدە و جۆلانی بە «ڕێکەوتنێکی مێژوویی» ناودەبەن ببینن. چونکە لە کۆتاییدا، ناڕاستی و لەخشتەبردنی خەڵک، هەر بۆ هەر لایەنێک بێت، هەمان شتە و هەمان ئەنجام دەدات. ئەوانەی گوتیان ڕێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق مێژووییە، زۆربەیان لە خەمی کیانە سیاسییەکەی ڕۆژئاڤایی کوردستان نەبوون. ئەمڕۆش، تەنیا دوای سێ حەفتە لەو ڕێکەوتنە بەناوبانگە، هەنگاوی مێژوویی و ستراتیژی یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن.

یەکەم: هێزی ناوخۆی جۆلانی بە ئیستفزاز گەڕانەوە بۆ حەسەکە.
دووەم: وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕەتیکردووە کە هێزی ژنانی کوردی ڕۆژئاوا بەشداری پێ بکات.
سێیەم: بەشێکی زۆری چەکە قورسەکانی هەسەدە ڕادەستی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی دیمەشق کراون.

چوارەم: بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا، خوێندنی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان قەدەغە کراوە؛ تەنیا سێ وانە بە کوردی دەخوێندرێن و تەواوی وانەکانی تر بە زمانی عەرەبی دەبن. ئەمەش بەرهەمی زیاتر لە دە ساڵ خوێندنی بە زمانی کوردی دەخاتە دۆخێکی نادیارەوە.
پێنجەم: دوێنێ چەکدارانی جۆلانی لە حەسەکە، سەری سیپان ــ کە شەڕڤانێکی هەسەدەیە ــ لە لاشەی جیاکردووەتەوە.

ئەمە چییە، ئەگەر ئەمانە سیگناڵی مەترسیدار نەبن؟

ئەوانەی بە بەژن و بالای ئەم ڕێکەوتنەی هەسەدە و جۆلانیان هەڵدەدا، بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە من دەیان ناسم، مرۆڤی پاک و کوردن. ئەوانی دیکە یان ئەحمەقی سیاسی بوون، یان دەروێشی سیاسی؛ بەشێکیش لەوانەی قەشمەریان بە ڕێکەوتنەکە دەکرد، دەمێکە دژی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، یانیش جەماعەتی ئەنەکەسەن. هەتا ئێرە، ئەم گروپانە لە ئاستی پۆلێنکردنیش دیارن. بەڵام ئەوانەی وەکو ئێمە ڕەخنەمان لەم ڕێکەوتنە گرت و بە «کارەسات»مان ناوی برد، لەناو هەموو کورد بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

بۆ مێژوو، ئەو ڕەخنانەی من لە سەرەتادا خستمەڕوو، ئەمانە بوون:
یەک: هیچ مافێکی سیاسی بۆ کورد لەم ڕێکەوتنەدا نییە!
دوو: کورد بەم ڕێکەوتنە نابێتە بەشێک لە بڕیاری سیاسی.
سێ: جارێ زۆر زووە بۆ هەڵوەشانەوەی هێزی سەربازی، چونکە هێزەکانی سووریا کە ماون، بەشێکیان پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە.
چوار: «زمانی نیشتمانی» واتایەکی جیاوازە؛ پێی ناگوترێت زمانی خوێندن و نووسین و بیرۆکراتی و ئیدارە.
پێنج: هیچ زەمانەتێکی سیاسی و دەستووری تێدا نییە بۆ نووسینەوەی داهاتووی دەستوور!
شەش: بەڕێز مەزلوم عەبدی پێویست نەبوو ئەم پۆستە وەربگرێت؛ چونکە ئەو پۆستە، جگە لەوەی پۆستی بڕیاری سیاسی نییە، کەمکردنەوەی ئاستی خۆی و نەتەوەکەیشە.

ئێستا، تەنیا سێ حەفتە دوای ڕێکەوتنەکەی هەسەدە و جۆلانی، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاماژەی مەترسیدارتر بەدەر دەکەون. کۆنتڕۆڵکردنی مەلفی ئاسایشی حەسکە؛بێ‌ڕۆڵکردنی دەسەڵاتی چەکداری و سیاسی هەسەدە؛ ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی کوردی؛ و کوشتنی شەڕڤانی یەپەگە. ئەمە هەمووی تەنیا ڕووداوێکی جیاواز و بێ‌پەیوەندی نییە. ئەم سیگناڵانە پێمان دەڵێن هەورێکی ڕەش بەسەر شارەکانی ڕۆژئاواوەیە.
ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ئەو «ڕێکەوتنە مێژووییە» دەکرێت ببێتە کارەساتێکی مێژوویی.

ئەی  پێشنیار وچارەسەر چییە؟

 من بە ڕوونی دەڵێم: تاکە ڕێگای مانەوەی کورد لە سووریا، ئەوەیە کورد هێزی خۆی لە دەست نەدات، چونکە ئەگەر کورد چەک و هێزی پاراستنی خۆی لەدەست بدات، ئەوا ئەگەری ئەوە زۆرە کە هەمان ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لەسەر کورسیی دەسەڵاتن، سبەینێ خۆیان لە زیندانەکانی دیمەشق و حەلەب ببینن، وە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، گەلی ئێمە لە ڕۆژئاڤایی کوردستان دەکرێت ببێتە قوربانی پاکتاوکردن و سەرکوتکردن. بۆیە، پێش ئەوەی کار بگاتە ئەو قۆناغە، نابێت هەسەدە بە ئاسانی بچێتە ژێرباری ئەم ڕێکەوتنە مێژووییەی جەماعەتی یۆرۆخۆری بندیوار.

ٸایە ڕووداوی مێژوو بە وشەی «مێژوویی» درووست دەکرێت؟ نا. مێژوو بە ئەنجامەکانی ڕێکەوتنەکان درووست دەکرێت. ئەگەر ڕێکەوتنێک ماف و دەنگ و ئاسایش و داهاتووی سیاسیی کورد دابین بکات، ئەوا مێژووییە. بەڵام ئەگەر کورد خۆی چەک بکاتەوە، دەسەڵاتی سیاسیی خۆی لەدەست بدات، زمانی خۆی لە قوتابخانەدا بێبەش بکرێت و لە کۆتاییدا شەڕڤانەکانی خۆی بکوژرێن؛ ئەوا ئەوە ڕێکەوتنێکی مێژوویی نییە؛ ئەوا دەکرێت سەرەتای کارەساتێکی مێژوویی بێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن