جیابونەوە هەردەم خراپ نییە، بەڵکو ژیانەوەیە.
9/13/2026 4:00:00 PM
رەهێڵ دزەیى
پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، چەند شێوازێکی هەیە، لە هەمووی گرنگتر تێگەیشتنێکی ڕوون و لەسەر بنەمایەکی پتەو دروست بکرێ، تا بەردەوام بێت.
هەردەم گوێبیستی ئەوە دەبین، بۆچی دایک و داپیرانمان و باوک و باپیرانمان کەمتر جیابوونەوە ڕوویداوە لە نێوانیان. هۆکارەکە ئەوەیە، ئەوان هاوسەرگیریان نەدەکرد، بەڵکو ژنەکان مێردیان دەکرد و پیاوەکان ژنیان دەهێنا.
بەشەکی زۆر بێ ئەوەی پرسیان پێبکرێت بە مێرددراون، و پیاوەکانیش دایکیان یان ژنێکی گەورەی خێزانەکەی کچێکی بۆ دەدۆزیەوە. پرۆسەکە هاوسەرگیری نەبوو، بەڵکو تێڕوانینەکی تر بوو بۆ دروستکرنی خێزان.
ژن بە مافی خۆی نەدەزانی لێپێجینەوە لە مێردەکەی بکات بۆ گرنگی پێنادات، بۆ خۆشەویستی خۆی بۆ دەرنابڕێ، بۆ گوێ لە گلەیی و هەستەکانی ناگرێت، لەوانەیە خۆشەویستی هەر بوونی نەبووبێ لەنێوانیان، بەڵکو ڕێز و باشی ژنە و باشی پیاو گرنگترین بێت.
باشی ژن واتە ماڵداریکەر بێت و پاک و خاوێن بێت و ڕێز لە مێردی و کەس و کاری مێردی بگرێت و چونە دەروەی کەم بێت، زیاتر لە ماڵی خۆی بێت و خزمەتی مێرد و منداڵەکانی بکات، باشی پیاو پارە پەیدا بکات و بتوانێ ژیانێکی باش بۆ ژن و منداڵەکانی دابین بکات. تەنانەت پیاو مافی ئەوەی هەبوو لە ژنی بدات ئەگەر ژن شتێک بکات بە دڵی پیاوەکەی نەبێ، یان چەندین ژنی بەسەربێنێت، ئەو مافانەش ژنەکە باوەڕی پێبوو!
ژن درکی بە مافەکانی خۆی نەدەکرد.
مادام پیاوەک دەتوانێ بژێوی ژیان بۆ ژن و منداڵەکانی دابین بکات ئەوە ژن هیچ هۆیەکی نییە جیابێتەوە.
ئێستا پرۆسەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە، هەوڵدەدرێت پەیوەندیەکە لە نێوان دوو مرۆڤ بێت. دوو مرۆڤ لەسەر بنەمای خۆشەویستی و قبوڵ کردنی یەکتر و ڕێز لە تایبەتمەندیەکانی یەکتر هاوسەرگیری بکەن، تا بتوانن بەیەکەوە ژیانێکی خۆش بەسەر بەرن.
لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی هاتۆتە کایەوە، هێشتان بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی لەم شێوەیە دروست بێت کێشەی زۆر دێتە نێوان ژن و پیاو. پەروەردەی خێزانی ڕۆڵی زۆری هەیە لە سەرهەڵدانی ئەم کێشانە.
ژن و پیاو کە لە پەیوەندی دان، سەرەتا گرنگە کەسایەتی یەکتر و ئەو تایبەتمەندیانەی لە کەسایەتی هەر یەکەیان بوونی هەیە بەهەند وەربگرن، لە خۆیان بپرسن ئایا ئەو تایبەت مەندی و هەڵس و کەوتەی بوونی هەیە لە بەرامبەرەکەی دەگونجێ لەگەڵ کەسایەتی خۆی؟ ئایا پێی قبوڵ دەکەێ؟
ناکرێ بەرامبەرەکەت هەندێ سفاتی هەبێ بە دڵت نەبێ، بڵێی لە دوایی هاوسەرگیری دەیگۆڕم، مرۆڤەکان ناگۆڕێن، بەڵکو هەموو ژیانت لە دەستدەدەیت لە پێناو گۆڕینی، لە گۆتایی هەر ناگۆڕێ.
هاوسەرگیری واتە پێکەوە ژیانی دوو مرۆڤ، گرنگە ئەم دوو مرۆڤە کەسایەتیان زۆر نزیک بێت لەیەکتر و بتوانن کەسی بەرامبەر وەک خۆی قبوڵ بکەن و بە سفاتە باش و خراپەکانیانی.
هاوسەرگیری لەسەر هەمان بنەمای ژن هێنان و مێردکردن ناکرێت.
لە هاوسەرگیری دابین کردنی بژێووی ژیان لایەنی بەهێزی پیاو نییە، ماڵداری و خزمەتکردن و ڕاگرتنی پاک و خاوێنی خاڵی بەهێزی ژن نییە.
لەم سەردەمە ژنان دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کەواتە ژن هاوسەرگیری لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستیە سۆزداری و ڕێز لە کەسایەتی گرتن و شان بە شانی پیاو ژیانێکی ئاسودە و بەختەوەر دروست بکەن ئەنجام دەدات، پیاویش ژنێکی دەوێت ڕێزی بگرێت و هەستی پێبکات و بەشداری حەز و خولیاکانی بیت و بەیەکەوە ئەو ژیانە بەسەربەرن کە دەیانەوێ، ببنە ئەو باوەشە بۆ یەکتر کە تێیدا دەحەسێنەوە.
گرنگی بە هەستەکانی یەکتر بدەن، ئەو شتانەی بەرامبەرەکەت لە دڵیەتی و بۆتی باس دەکات بە هەند وەریبگرە، ئەگەر بە گرنگی وەرنەگریت، ئەوە دوورکەوتنە ڕوودەدات لە نێوانتان و تا وای لێدێ زۆر دوور دەکەونەوە و پێکەوە ژیان قورس دەبێ و هەر یەکەو بە ژیانی خۆی خەریک دەبێت.
بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ژن و مێردەکان لە بێدەنگی دەژین، قسەکردن بوونی نەماوە لە نێوانیان، ئەوەش ناخۆشترین قۆناغە لە نێوان ژن و پیاو. قسەکردن بەو مانایە نییە باس لە پێداویستیەکانی ماڵ منداڵ بکەن ، بەڵکو هیچیان نییە لە نێوان خۆیان باسی بکەن بۆ یەکتر و دەردە دڵی خۆیان بۆ یەکتر باس بکەن و هەر یەکەیان هەست بە دڵی یەکتر بکات.
هەر کاتەک تێگەیشتن لە نێوانیان ئاسان نەبێت و وەک پێویست گرنگی بە یەکتر نەدەن، یان ئەو خۆشەویستیەی هەبوو لە نێوانیان کاڵ بێتەوە یان نەمێنێ، لەم کاتەدا جیابوونەوە زەرورە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی ئاسودەتر و ئارامتر و خۆشتر بۆ خۆیان دروست بکەن.
مرۆڤ یەک جار دەژی، ژیان دووبارە نابێتەوە، ناکرێ بە ناخۆشی و ناتەبایی بەسەری ببەین لەکەڵ کەسی هەڵە، زۆر ئاساییە هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە، نەک هەموو ژیانمان بکەینە قوربانی هەڵەیەک کردوومانە کە پێمان وابووە ڕاستە. جیابوونەوە نابێ ببێتە هۆی دروست بوونی ڕق و بێ ڕێزیکردن بەرامبەر یەکتر، بەڵکو ڕێز لە بڕیاری یەکتر بگرین، ڕاستە نەمانتوانی وەک دوو هاوسەر بین، بەڵام دەتوانین وەک دوو مرۆڤ ڕێز لە بوون و ئیرادەی یەکتر بگرین و ئەو ئەزمونەی پێکەوە هەمان بوو بە گرنگ و ڕێزەوە لە دڵی خۆمان هەڵیگرین و سودی لێ ببینین بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی تر.
بۆیە با بەو دیدە سەیری جیابوونەوە بکەین، وەک سەرەتایەک بۆ دروست کردنی ژیانێکی تازەتر و سوود وەرگرتن لە هەڵەکان، بۆ ئەوەی دڵ و رۆحکان ئاسودەبن و بتوانن بەختەوەری بەدەستبێنن.