ئەمریکا و جەنگی ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا و ململانێی دیموکرات و کۆمارییەکان
9/12/2026 12:56:00 PM
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
لە ڕووی بازرگانی، گواستنەوە و جیۆپۆلەتیکییەوە، تەنگاوە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە نەوت و وزەی جیهانییەوە هەیە، و بابولمەندەب، کە یەکێکە لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی بازرگانی و کەشتیوانی لە دەریای سووردا، بەهۆی چالاکییەکانی حوسییەکانەوە بوونەتە خاڵی هەستیاری ئابووریی جیهان و ئەمریکا.
هەر تێکچوونێک لەم ڕێڕەوانەدا، یان درێژەخایەنبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، زیادبوونی هەڵاوسان و دروستبوونی قەیرانی بژێوی لە ناوخۆی ئەمریکادا. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئیدارەی ترامپ دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ و حیزبی کۆماری، کە بەڵێنیان بە دەنگدەران داوە کۆتایی بە جەنگەکان بهێنن و ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیر دروست بکەن، ئەگەر ئاگری جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گڕ بگرێت و درێژە بکێشێت، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبنەوە. ئەگەر جەنگەکە فراوانتر ببێت و بەرەکانی تورکیا، سعودیە و پاکستانیش بگرێتەوە، ئەوا فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر ئیدارەی ئەمریکا زیاتر دەبن.
لە دۆخێکی ئاوادا، دیموکراتەکان دەتوانن لە ناڕەزایی ناوخۆیی و بێزاریی دەنگدەران لە قەیرانی ئابووری و جەنگ سوود وەربگرن و ئەو دۆخە بکەنە بەشێک لە ململانێی خۆیان بۆ گەڕانەوەی باڵادەستیی سیاسی.
درێژبوونەوەی قەیرانە دەرەکییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا، دەتوانێت ببێتە چەکێکی بەهێز بە دەست دیموکراتەکانەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کۆمارییەکان. کاتێک هاووڵاتیی ئەمریکی هەست بە گرانبوونی ژیان، بەرزبوونەوەی نرخ و نائارامیی ئابووری بکات، متمانەی بە پارتی دەسەڵاتدار کەم دەبێتەوە.
لە ئەنجامدا، ئەم ناڕەزاییانە دەتوانن ئاراستەی دەنگدان بگۆڕن و دەرفەتێک بۆ دیموکراتەکان دروست بکەن تا کورسییەکانی کۆنگرێس زیاتر بەدەست بهێنن و لە هاوکێشە سیاسییە داهاتووەکاندا پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن.
لە لایەکی ترەوە، پرسی دەستوەردانی دەرەکی و کاریگەریی ڕووسیا و چینیش دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کارت و بابەتە سەرەکییەکانی ململانێی دیموکرات و کۆمارییەکان.
لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٦ بە دواوە، پرسی دەستوەردانی ڕووسیا و چین بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی مشتومڕ. وڵاتانی ڕکابەری ئەمریکا، وەک ڕووسیا و چین، هەوڵ دەدەن لە پشێوییە جیۆپۆلەتیکییەکان سوود وەربگرن، واشنتن لە دەرەوە سەرقاڵ بکەن و لە ناوخۆدا فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بکەن.
بەکارهێنانی کارتی دەستوەردانی دەرەکی لە کاتی قەیرانەکاندا، نەک تەنها دەنگۆ و گومان لە ناوخۆی ئەمریکادا زیاد دەکات، بەڵکو متمانە بە دامەزراوە دیموکراتییەکانی ئەمریکاش لاواز دەکات و دابەشبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە.
ئەم دۆخە نیشان دەدات کە جەنگەکان تەنها ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕووت نین، بەڵکو دەتوانن ببنە ئامرازێکی کاریگەری سیاسی لە ململانێ ناوخۆییەکانی ئەمریکادا. پاراستنی بەرژەوەندییەکان لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب، بووەتە مەیدانێک کە سەرکەوتن یان شکست تەنها لە بەرەکانی جەنگدا یەکلا نابێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی لە سندوقەکانی دەنگدانی ناوخۆی ئەمریکاش دەبێت.
لە هەمان کاتدا، چین و ڕووسیاش بەرژەوەندییان لەوەدایە کە ئێران بە ئاسانی لاواز نەبێت یان نەکەوێت. درێژەکێشانی جەنگ و قەیرانەکە تا نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەتوانێت فشارەکان لەسەر کۆمارییەکان زیاد بکات و دەرفەتێکی سیاسی زیاتر بۆ دیموکراتەکان دروست بکات.
لێرەوە دەکرێت بڵێین یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەم جەنگانە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ئەمریکایە ، واتا لە پەنای جەنگی نەوت و ئیسائیل و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و جەنگی ڕێڕەوەکان ، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەردەوامی و درێژەکێشانی ئەم جەنگە.