وەزیری پەروەردە: منداڵی منیش لەناو تیروپشكی قوتابخانەی بارزانی نەمر لە هەولێر دەرنەچووە
05:29 - 13/09/2026
زەمەن - هەواڵ
ئالان حەمە سەعید زانیاریی وردی لەبارەی كۆمەڵێك بابەت كە پێوەندیی بەخوێندنی ساڵی نوێ و رێژەی دەرچووانی پۆلی 12، پرۆسەی رێكخستنەوەی میلاك، بینای نوێی قوتابخانەكان، دابینكردنی سووتەمەنی خستەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری پەروەردە ئالان حەمەسەعید لە كۆنگرەیەكی رۆژناوانیدا ئاشكرای كرد، نزیكەی 41 هەزار قوتابی دەرچوون. روونیشی كردەوە كە هۆكاری كەمیی رێژەكە شكستی قوتابیان نییە لە تاقیكردنەوەكاندا، بەڵكو نەچوونیانە بۆ هۆڵەكانی ئەزموون، بە جۆرێك تەنیا لە وانەی ئینگلیزی 30 هەزار قوتابی لە خولی دووەمدا بەشدارییان نەكردووە، هەروەها لە وانەكانی تریش 24 هەزار بۆ 26 هەزار قوتابی نەچوونەتە تاقیكردنەوەكان بە مەبەستی هێشتنەوەی ساڵەكەیان بە بڕیاری خۆیان.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەم گۆڕانكارییە لە ژمارەكاندا سروشتییە، وەك چۆن ساڵی پێشتر 52 هەزار و پێراریش 38 هەزار قوتابی دەرچووبوون، هاوكات پێشبینی كرد ژمارەی قوتابیانی پۆلی 12 بۆ ساڵی داهاتوو لە نێوان 117 بۆ 123 هەزار قوتابی تێپەڕ نەكات.
لەبارەی رێكخستنەوەی میلاكات، ئالان حەمەسەعید باسی لەوە كرد، 98%ی پەروەردەكان راپۆرتی رێكخستنەوەی میلاكیان پێشكەش كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە كرد كە میلاكی پەروەردە بەردەوام لە گۆڕاندایە بەهۆی مۆڵەتە جیاوازەكان وەك مۆڵەتی دایكایەتی لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لە كاتی بوونی هەر كورتهێنانێك، رێگەیان پێ بدرێت لە جێگەدانان ئەنجام بدەن.
وەزیری پەروەردە گوتی، ساڵانە لە نێوان 150 هەزار بۆ 165 هەزار قوتابی لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تۆمار دەكرێن، ئێستەش لە سەرانسەری هەرێم زیاتر لە ملیۆنێك و 750 هەزار قوتابی لە كەرتی حكوومی و 170 هەزار قوتابی لە كەرتی ئەهلی دەخوێنن.
ئەوەشی گوت، 31 بۆ 32 باڵەخانەی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەن، بەوەش لە ماوەی دوو ساڵی سەختی دارایی و داراییدا زیاتر لە 300 قوتابخانەی نوێ خراونەتە خزمەتەوە (274 قوتابخانە پێشتر تەواو بوون لەگەڵ 32 قوتابخانەی نوێ).
وەزیری پەروەردە دەنگۆكانی بوونی واستە و ناعەدالەتی لە وەرگرتنی قوتابیان لە كۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر بە تەواوی رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە، ئەم ناوەندە قوتابخانەیەكی حكوومییە و پێڕەوی سیستمی فەرمیی پەروەردە دەكات، وەك نموونەش باسی لەوە كرد: "دوو ساڵ لەمەوبەر ناوی منداڵەكەی خۆمم بە ناوی (ئارین ئالان حەمەسەعید) لە تیروپشكدا بۆ باخچەی ساوایانی ئەو كۆمەڵگەیە نووسی، بەڵام ناوی دەرنەچوو و هیچ ئیستسنا و واستەیەكیشم بۆ نەكرد". روونی كردەوە بۆیە ئاساییە ئەوانەی ناویان دەرنەچووە نیگەران بن.