بەپەلە.. برای جێگری پارێزگار کوژرا
04:56 - 13/09/2026
زەمەن_هەواڵ
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، برایەکی خزر کاک دەروێشی، جێگری پارێزگاری ورمێ کوژراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە، ئیسلام کاک دەروێشی، برای خزر کاک دەروێشی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری گەشەپێدان، بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری پیرانشار کوژراوە.
ئاژانسەکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتی رووداوەکە بکات، هێرشەکە بە "تیرۆریستی" ناوزەد دەکات و دەڵێت، ئیسلام کاک دەروێشی لەلایەن "گرووپێکی دژەشۆڕشەوە" تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
لقی سوپای پاسداران لە پیرانشاریش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیسلام کاک دەروێشی، کەسایەتییەکی سەر بە عەشیرەتی مەنگوڕ و ئەندامی سوپای پاسداران بووە، لەلایەن کەسانی سەر بە "هێزەکانی دژەشۆڕش"ـەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
میدیای ئێران دەڵێت، دوای رووداوەکە هێزەکانی سوپای پاسداران و بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆن کردووە و لە ئەنجامدا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی برای جێگری پارێزگاری ورمێ دەستگیر کردووە.