7وتار

کەس نا، ئێوە ..

9/12/2026 3:57:00 PM
هۆشیار عەبدوڵا

دیقەت بدەن؛ لە سلێمانی و هەولێر، لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتییدا؛
پارە بۆ مووچە نییە، 
پارە بۆ پلە بەرزکردنەوە نییە، 
پارە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە نییە «بە کۆنسێرت پارەیان بۆ کۆ دەکەنەوە»، 
پارە بۆ زۆر کایە و بواری گرنگ و زیندووی ژیانی خەڵک نییە! 
قسەیەک هەیە کە بە پیلان مووچەیان کردووە بە ٤٥ رۆژ جارێک، لە نێوخۆیاندا باسیان لەوەکردووە ئەگەر ٤٥ رۆژیش مووچەیەک بدەین خەڵکەکە ڕازییە و کێشەی نابێت! 
بەڵام لە هەردولا پارە ڕژاوە بۆ میدیای بێ ڕوئیا، بۆ فێستیڤاڵی بێ مانا، بۆ کۆڕ و کەرنەڤاڵی سوک و ڕسوا، بۆ بۆنەی پڕ و پووچ و، بۆ چالاکی بێ ناوەرۆک و بێ سوود! 

ئەم دیاردەیە؛ ئاماژەیەکی دیکەیە لە ڕاستی ئەو بۆچوونەی کە دەمێکە باسمان کردووە، ڕژێمی سیاسیی هەرێم « حوکمڕانی دزەکان»ە، دزەکان بە مۆدێلێک حوکم دەکەن، کە کۆمەڵگە سەرقاڵی پوچگەرایی و هیچ و پووچی دەکەن تا لە پەنایدا بە ئیسراحەتی خۆیان چۆنیان بوێت ئاوا وڵاتەکە تاڵان بکەن! 

نە سودفەیە و نە لە خۆڕا هاتووە ئەم هەموو قردێلە بڕینە بێ فەڕە، ئەو هەموو دەزگا و رێکخراوە بێ بەرە، ئەو هەموو فێستیڤاڵە کە گەیشتووە بە فێستیڤاڵی سەگ و پشیلە! نەخێر بەرنامەیەکی ڕوونە و بەشێکە لەو سیاسەتی تاڵانییەی کە حوکمڕانی چەتەکانی لە هەرێمدا لەسەر بونیاد نراوە! 

دەشێ یەکێک دژی ئەم بۆچوونەی سەرەوە بێت و بپرسێت و بڵێت لەو هەموو چالاکییانە ئایا هیچیان بایەخدار و گرنگ نین؟! ئایا شار بێ ئەدەب و هونەر و کولتوور شارە؟! لە وەڵامدا دەڵێم؛ بێگومان هەموو گشتاندنێک بە ڕەهایی خراپە، شار بێگومان پێویستی بە ئەدەب و کولتور و هونەری ڕەسەن هەیە، بەڵام کارەساتی ئەو زۆر و زەوەندی و بۆ هەڵڕژانەی دەسەڵات دەیکات دیوێکی هەر خراپی ئەوەیە کە پاک و پیس تێکەڵ دەبێت، خراپ و باش پێکەوە وون دەبن، ئەو چالاکیانەی جۆرین و جێگەی بایەخن لە نێو فەوزای ئەو فەزا گشتییە پوچگەراییەدا ون دەبێت! بە مانایەکی دیکە ئەو هەموو زۆری و بۆرییە یەکێکی دیکە لە تاوانەکانی بریتییە لە شاردنەوەی هەوڵ جدییەکان بە هۆی زۆری کار و چالاکییە بێ بەهاکانەوە! 

ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە؛ وەک هەموو ئیدیعاکانی دیکەیان ئەوەشیان پووچە کە قەناعەتمان پێ بکەن، خەمخۆری و کولتور و فەرهەنگ و ئەدەب و رەسنایەتییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی هەرێمی کوردستانن! کەسانێک خەمخۆری ئەو بەها باڵایانە بن، هەرێمی کوردستان تاڵان ناکەن، مووچە نادزن، خێر و بێری وڵات بەسەر خۆیان و خێزان و دەست و پێوەندەکانیان دابەش ناکەن! 

ئاخر ڕوو قایمییە خۆت وەک خەمخۆری کولتور و فەرهەنگی نەتەوە و خاکێک بخەیتە ڕوو کە جگە لە تاڵانی هیچی دیکەت تێیدا نەکردبێت! 
کەسیش نا ئێوە؛ کە کوردستان وەک خەزنەی دزی و خەڵکەکەی وەک بارمتە سەیر دەکەن! 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن