9وتار

لە خەونی دەوڵەتدارییەوە بۆ ناچاریی ڕێککەوتن

8/29/2026 4:00:00 PM
بەختیار نامیق

ئێمە دەزانین خەونەکانمان لەگەڵ ئەرزی واقع جیاوازن ، ئاسمان خەونەکانمانە و زەوی واقعەکەمان ، دەزانین مێژووی ئێمە پڕە لە دواخستن ، لە دەرفەتە لەدەستچووەکان ، لە شۆڕشەکانی سەرکەوتوو و شکست‌خواردوو ، و لە خەونی ئەو سەردەمانەی کە نەوە دوای نەوە ، سەدە دوای سەدە ، کورد بە نرخێکی زۆر قورس پارێزگاری لێی کردووە ، خەونی دەوڵەتێکی کوردی.

ئەو خەونە تەنها وشەیەک نییە لە کتێبە مێژووییەکاندا ، بەڵکوو یادگارییەکی خوێناویە لە ناخی نەتەوەیەکدا ، خەونی سەدان ساڵەیە ، خەونی ئەو سەرکردانەیە کە شۆڕشیان کرد ، ئەو شۆڕشگێڕانە کە گیانیان بەخت کرد ،  ئەو نەوەیەیە کە هێشتا بەو هیوایەوە دەژی.

لە یادەوەری هەر کوردێکدا بەشێک لەو خەونە هەڵگیراوە.

بەڵام مێژوو هەمیشە بە زمانی خەون قسە ناکات ، هەندێک جار بە زمانی زۆر، هێز، هاوسەنگی، جەنگ و ناچاری قسە دەکات.

 لێرەدا، لە نێوان خەون و واقع، ناوی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی دێتە پێشەوە.

مەزڵوم عەبدی ئەگەرچی لە ناخی خۆیدا خەونی دەوڵەتداری و سەروەریی نەتەوەیی هەبێت، ئەگەرچی دەکرێت  ئەوەی هەبێت کە کورد لە ڕۆژئاوا بە هەموو توانایەکی خۆی بگاتە ئاستی دامەزراندنی دەوڵەت و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە ، بەڵام خەون شتێکە و واقع شتێکی تر.

واقعی ئەمڕۆ ئەوەیە کە سەدەی بیست و یەکەم، سەدەی هێزی تەنها نییە ، سەدەی هاوپەیمانییەکانە ، سەدەی تەکنەلۆجیا ، ئابووری، هێزی ئاسمانی ، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنە نهێنی و ئاشکراکانە ، لەو جیهانەدا، ئەوەی هێزی سەربازیی هەیە بە تەنیا ناتوانێت چارەنووسی خۆی بنووسێتەوە.

ئێمە دەزانین دەکرا ئەم ڕێککەوتنە نەکرێت ، دەکرا بڵێین: نەخێر، ئێمە خەونی سەدان ساڵەمان هەیە و نابێت لە هیچ شتێک کەم بکەین. دەکرا گوێ بە هەموو فشارە هەرێمایەتی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەدەین و بڵێین تا کۆتایی لەسەر خەونەکەمان دەوەستین.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:

 ئایا ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە نرخەکەی ئەم وەستانە بدەین؟
کاتێک لەبەرامبەر دەوڵەتانی زلهێزی ناوچەیی، هاوپەیمانییە گەورەکان ، جەنگی ئاسمانی ، تەکنەلۆجیا و سیستەمی نوێی جەنگدا بە تەنیا دەوەستین ، ئەوا پرسەکە تەنها پرسێکی سیاسی نییە ، پرسێکی بوون و نەبوونە.
ئێمە ئەزموونی هەڵەبجەمان لەبیر نەچووە. ئەنفالمان لەبیر نەچووە. کۆڕەوەکانمان لەبیر نەچووە. هەموو ئەو کارەساتانەی کە مێژوو بە خوێن لەسەر پەڕەکانی نووسیوە، هێشتا لە بیرەوەریی نەتەوەکەماندا زیندوون.

لەبەر ئەوە، ئەم جارە پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە:
«چیمان دەوێت؟»
بەڵکوو دەبێت بپرسین:
«چی دەتوانین بپارێزین؟»
ئەمە جیاوازیی نێوان خەون و سیاسەتە.
خەون دەڵێت: دەوڵەتی کوردی دەوێت.
سیاسەت دەڵێت: بۆ گەیشتن بەو خەونە، پێویستە سەرەتا نەهێڵیت ئەوەی هەیە لەدەست بچێت.
لەوانەیە ئەمە بۆ زۆر کەس قورس بێت بۆ قبووڵکردن ، لەوانەیە هەندێکمان تووڕە بین ، چونکە پاشخانی هەر یەکێکمان پڕە لە خەونی سەرکردەکانی شۆڕشەکان ، هەموومان کۆمەڵە خەونی سەدان ساڵەین بۆ دەوڵەتداریی کوردی. هەموومان لە ناخماندا ئەو پرسیارەمان هەیە کە: «کەی کورد دەبێتە خاوەنی چارەنووسی خۆی؟»
بۆیە نابێت تووڕەبوونمان بە ئاسانیدا بە خیانەت، فرۆشتن یان کۆتایی شۆڕش ناوببرێت.
بەڵام لە هەمان کاتدا، نابێت هەر ڕێککەوتنێک بە سەرکەوتن و هەر کەمکردنەوەیەک بە شکست ناوببەین.
لەوانەیە ئەوەی لەبەردەستمانە ، ئەوە نەبێت کە خەونەکەمان تەواو بەدی بێنین ، بەڵکوو ئەوە بێت کە خەونەکە زیندوو بپارێزین.
ئەمەیە ئەو بارە قورسەی کە لەسەر شانی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدییە.
ئەگەر ئەو لە ڕابردوودا خەونی دەوڵەتداریی نەتەوەیی هەبووبێت، ئەمڕۆ ناچارە لەگەڵ واقعێکدا مامەڵە بکات کە زۆر جیاوازە لەو خەونە.
سەربازێک دەتوانێت جەنگ بباتەوە ، بەڵام سیاسەتمەدار دەبێت بزانێت کەی جەنگ بکات و کەی ڕێککەوتن بکات.
لەوانەیە ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆمان کەم بێت لەوەی خەونمان بووە ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەستکەوتە کەمە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ سبەیەکی گەورەتر؟
چونکە ئەگەر ئەمڕۆ هیچمان نەهێشتبێت و هەموو شتێک بخەینە سەر کارتێکی یەکجارەکی ، ئەوا دەکرێت سبەی نە خەونەکەمان هەبێت و نە ئەو دەستکەوتە کەمەی کە ئێستا لەدەستماندایە.
١ ـ تۆ دەزانی کە ئەگەر بە ئەو دەستکەوتە کەمە ڕازی نەبین، ئەوا مەترسیی کارەساتێکی تر لە ئارادایە.
هەڵەبجەیەکی تر، ئەنفالێکی تر، کۆڕەوەیەکی تر؛ ئەمە ترساندن نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی ساردی مێژووە ، نەتەوەکەمان جارێکی زۆر تاقیکراوەتەوە کە کاتێک هاوسەنگیی هێزەکان لە دژی ئەو بووە ، نرخەکەی زۆر قورس بووە.
٢ ـ تۆ دەزانی کە هیچ هاوپەیمانییەکی بەهێز بە دەوری ئەم مێزەی ڕێککەوتنەدا لەبەرژەوەندی و دۆستی کورد نیە.
لە سیاسەتدا، تەنیا بوون خۆی جۆرێکە لە شکست. ئەگەر پشتگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەبێت ، ئەوا هێزەکانت هەرچەندە قورستر بن ، ناتوانن بەتەنیا دۆخی سیاسیی ناوچەیەک بگۆڕن.
بۆیە ڕێککەوتن لەوانەیە لە هەندێک ساتدا تاکە ڕێگای مانەوە بێت ، چونکە دەمانەوێت خەونەکە بپارێزین بۆ ڕۆژێک کە مێژوو و هاوسەنگیی هێزەکان دەرفەتێکی ترمان پێ بدەن.
ئێمە نابێت لە مەزڵوم عەبدی تەنها ئەوە داوا بکەین کە خەونی ئێمە بێت ، دەبێت لێی تێبگەین کە لەسەر مێزی سیاسەتدا ، کاتێک کە بارودۆخی خەونەکەمان هەڵدەگرێت، بارودۆخی واقعیش لەسەر شانی خۆیەتی.
لەوانەیە ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی خەون نەبێت.
لەوانەیە تەنها پەراوێزێکی تر بێت لە کتێبی درێژی خەباتی کورد.
ئێمە لە خەونەکەماندا دەست نادات ، بەڵام دەبێت بزانین کە خەون بە تەنیا نەتوانێت دەوڵەت دروست بکات.
دەوڵەت بە هێز، دیپلۆماسی، ئابووری، هاوپەیمانی، دەرفەت و خوێندنەوەی وردی مێژوو دروست دەبێت.
لەوانەیە ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی نەیتوانیبێت ئەو دەوڵەتەی لە خەونیدا بووە بۆمان بهێنێت ، بەڵام ئەگەر بتوانێت ئەو خاکە ، ئەو خەڵکە و ئەو هێزە سیاسییە بپارێزێت و لە نەهامەتییەکی نوێ ڕزگارمان بکات ،  ئەوا لەوانەیە ئەوە خۆی دەستکەوتێک بێت کە مێژوو لە داهاتوودا بە چاوێکی جیاواز سەیری بکات.
چونکە هەموو سەرکەوتنێک بە دەستگرتنی خاک نییە ،  هەندێک جار سەرکەوتن ئەوەیە کە لە نێوان دوو شکستدا ، ڕێگای مانەوە هەڵبژێریت.
و لە کۆتاییدا، ئەوەی ئێمە لە مەزڵوم عەبدی دەمانەوێت، نە ئەوە بێت کە خەونی سەدان ساڵەمان لە یەک شەودا بەدی بهێنێت ، بەڵکوو ئەوە بێت کە چرای ئەو خەونە نەکوژێتەوه.
چونکە دەوڵەت لەوانەیە ئەمڕۆ نەبێت ، بەڵام ئەگەر نەتەوەکە بمێنێت ، خەونەکەش دەمێنێت.
و مێژوو زۆرجار لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ لە نێوان خەونی مەزن و واقعی قورسدا، بە زیرەکیی سیاسی هەڵبژاردەیەک دەکات کە ڕێگە بۆ ڕۆژی داهاتوو بەجێ دەهێڵێت.
مەزڵوم ڕێی لە دووبارەبونەوەی ئەنفالێکی تر و هەڵبجەیەکی تر و کۆڕەوێکی تر گرت.
Compose
Write to Sirwan Rashid


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن