حەسەن زیرەک، سۆزێکی کوردی و هونەری باڵا
9/1/2026 11:57:00 AM
رەووف محەمەد ئالانی
نووسین و باسکردنی هونەر کارێکی ئاسان و سادە نییە، بەتایبەت لەسەر بابەتێک کە چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە. لە ناو هونەریشدا، لەسەر دەنگ و سۆز و چریکەیەکی ناوازە و پڕ جۆش و خرۆش و ئەفسانەیەکی دووبارە نەبووەوەی وەک حەسەن زیرەک.
هونەر بە بەشێکی گەورە و گرنگی کەلتووری گەلان دادەنرێت. تەنانەت کاریگەریی زۆری هەیە لە گەشەسەندن و پێشخستنی مرۆڤایەتی، جوانکردنی ژیان، بەخشینی خۆشی بە دڵی مرۆڤ، ئاودانی گەرووی تینووی هەست و سۆز.
ئارنەست فیشەر وتوێتی: «هونەر لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک بووە، تا چاکتر و باشتر لە ژیان بگات و بیگۆڕێت».
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئاراستەی بەدیهاتنی ژیانێکی خۆشتر و باشتر بۆ مرۆڤ، هونەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت.
هونەر ئەگەر بۆ گەلان گرنگ بێت، بۆ نەتەوەی کورد گرنگییەکەی زۆرتر و کاریگەرترە؛ چونکە بۆتە قەڵایەکی سەخت و بەهێز بۆ مانەوەی زمانەکەی، پاراستنی، و نەهێشتنی لەناوچوون.
ئەمە پێناسەیەکی گرنگە کە بە هەموو بەشەکانی کەلتوور، بە هونەری گۆرانیشەوە، ئەو ڕۆڵەیان بینیوە. هەر بەتەنها بە گۆرانیبێژێک ئەم کارە نەکراوە، بەڵکو سەدانی تر لە شار و شارۆچکەکانی هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان بوون بە هۆکاری مانەوە و زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی.
لە وتارێکی ئاوادا ناکرێت باس لە هەموو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی کوردستان بکرێت، ئەوە پێویستی بە دەیان کتێب و چەندین دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی هەیە. هەرچەند لێرە و لەوێ وەک هەوڵی تاکەکەسی و پڕۆژەی هونەری و توێژینەوەی زانکۆکان کار کراوە، بەڵام کەم و کزن، نەک زۆر و زیاد.
کۆنفیشیۆس، فەیلەسوفی چینی، وتەیەکی گرنگی هەیە کە تیایدا ڕۆڵی هونەری گۆرانی بە پێوەری پێشکەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەک پێوانە دەکات و دەڵێت: «بۆ شارەزابوون و ناسینی ئاستی پێشکەوتنی شارستانییەتی هەر نەتەوەیەک، گوێ لە گۆرانییەکانی بگرە».
زۆرجار و لە زۆر جێگە و شوێنی جیاواز گوێمان لەو وتەیە بووە کە وتراوە: «نەتەوەی کورد نەیتوانی ڕێزی داهێنەر و بەهرەمەندێکی گەورەی وەک حەسەن زیرەک بگرێت».
بۆیە هەمیشە بەشی ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆڵ بە کۆڵ بووە. ماڵ و جێگەیەکی جێگیر و ئارامی نەبووە. هەژاری، بێدەرەتانی، سەختی ژیانی زیرەک ناچاری کردبوو بە ئەنجامدانی کاری جیاواز، وەک: چایچی، شاگردی، حەماڵی، و...
ڕاستە ئەم هۆکارە سەخت و دژوار بووە بۆ سەر شانی خودی زیرەکی نەمر، بەڵام لە لایەکی ترەوە بووەتە هۆی فراوانی، دەوڵەمەندی، داهێنان، فێربوونی زیاتر، و شارەزایی لە ئاستی تاکەکەسێک زۆرتر، کە ئەمەش هونەرەکەی مەزنتر و دەوڵەمەندتر کردووە.
حەسەن زیرەک وەک گەشتیارێکی گەڕۆکی هەمیشەیی، بە ناوچە و پارچەکانی کوردستاندا، شاخ و دۆڵ و دەشت و زنوێرەکانی پشکنیوە و لە ناو سۆزی دەنگە ناوازەکەی لەگەڵ هونەرەکیدا ئاوێتەی کردوون و بە گوێگرانی کوردزمانی ئاشنا کردوون.
چەندین جار لە گۆرانییەکدا زیرەک دەمانبات بۆ سەحرای چین و لە جوانناسی و بەرزدانانی چاوی خۆشەویستەکەی، تا دەیکاتە چرایەک کە ئەو بیابانە گەورەی چین ڕووناک بکاتەوە. کام جوگرافیناس و گەڕیدە وەک زیرەک توانای لەو جۆرەی هەیە؟
کاتێک زیرەک دەچریکێنێت، مرۆڤ هەستی دەڕوات بۆ سروشت، جوانی و خۆشی بە دڵی مرۆڤ شاد دەبن. زیرەکی نەمر ئەوەندە بە جوانی و پیاهەڵدانی هونەرییانە باسی ژن و ئافرەتی کورد دەکات، ئەوەندەی تر جوانیی کچان و ژنانی کورد پڕ بەها و نرخ کردووە و سەرسامیی دەگاتە لوتکەی گەورەیی ئەو مروارییە بەنرخانەی کۆمەڵگەکەمان.
بوارێکی تری گرنگی هونەری حەسەن زیرەک بەکارهێنانی هۆنراوەی شاعیرە ناودارەکانی کورد بووە، وەک: نالی، وەفایی، پیرەمێرد، بێکەس، سەید کامیلی ئیمامی و زۆری تر لە گۆرانییەکانیدا. ئەوەش ڕێگایەکی دیکە بوو بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی زمانی کوردی لە بواری هونەری گۆرانیدا.