یەكەمین هەڵوێستی رێكخراو دژ بە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك دەنگی لێبەرزبوەوە
12:07 - 05/08/2026
رێکخراوی (کەرکوک بۆ هەموان) یەکێکە لە گروپ و رێکخراوە مەدەنی و چالاکەكان لە شاری کەرکوکلە راگەیەنراوێكدا یەكەمین هەڵوێستی رێكخراو دژ بە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك دەنگی لێبەرزبوەوە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
بەڕیزان:
جەماوەری پارێزگای کەرکوک
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدرال
سەرۆک کۆماری عێراقی فیدرال
سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراقی فیدرال
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
رۆژتان باش
بەڕێزان
جەماوەری کەرکوکی خێر لەخۆ نەدیو
رێکخستنی ئەم کۆبونەوەیە و ئەم کۆنگرە
رۆژنامەوانیە، لەسەر داوای بەربژێرێک لە رۆشنفکران و کەسایەتی نیشتمانپەروەری کەرکوک
ئەنجام دەدرێ. بەربژێرێک وەک خۆ بەخاوەنزانی کەرکوک هەمیشە دەیەوێ شار شکۆداربێت و
پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی نێوان پێکهاتەکان
پارێزراو و بەردەوام بێت. هۆکارێکی دی ئەم هەنگاوە بێدەنگی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی
کورد و عەرەبە لە ئاست بریارە تاکڕەویەکانی پارێزگار.
لە لایەکی ترەوە وەک ئاگادارن، وڵاتەکەمان
لە لایەن تەواوی وڵاتانی دراوسێوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، موخابن ناکۆکیە مەزهەبی
و نەتەوەییەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق هێند لاوازی کردوین کە نەتوانین وەک پێویست
بەربەستێک لە روی ئەو دەستدرێژیانە دابنێین، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە یەکگرتوبین.
کورد وتەنی چیتر " کچی خۆمان نەکەین بە قوربانی کوڕی خەڵکی".
بۆیە جێی تێڕامانمانە چەند مانگێکە پارێزگاری
کەرکوک لە جیاتی وەک پارێزگاری هەموان هەڵسوکەوت بکات و کێشەی لە ژمارە نەهاتوی رۆژانەی
شارەکەمان چارەسەر بکات، دەستی بردوە بۆ هەندێ بابەتی سیاسی کە کاریگەری خراپی لەسەر
ژیان و گوزەرانی هەموان هەیە و ئاشتی و تەبایی نێوان هاوڵاتیانی کەرکوک دەخاتە مەترسیەوە.
موخابن هەڵسوکەوت و قسەی تاکڕەوانەی ئەم پارێزگارە کاتیەی کەرکوک لەمەڕ نزیکبونەوە
لە دەسەڵاتی تورکیا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا رێگە خۆشکەرە بۆ دەستوەردانی
زیاتری تورکیا لە کاروباری ئیدارەی کەرکوک. لە رێگەی بون بە ئەندامی شارەوانی کەرکوک
لە ( یەکێتی شارەوانی جیهانی تورک) دەیانەوێ سیمای شار و کەلتوری شارەکەمان بشێوێنن.
جێی سەرسوڕمانە شارەوانی کەرکوک بەشداری ئەم بەرنامەیە بوە، ئەنجومەنی کەرکوکیش
چاو لەژێرانە بێدەنگی لێکردوە.
جگە لە رێخۆشکردن دەستێوەردانی دەرەکی
، ئەم هەنگاوە تاکلایەنەیە، لێکەوتەی خراپی دەبێت، لەوانە:
١- تورکیا دەیەوێ کونترۆلی کەرکوک
بکات لە رێگەی لێشاوی پارە و ئابوریەوە.
٢- گۆڕینی ناسنامەی کەرکوک لە رێگەی زیندوکردنەوەی شوێنەوارەکانی داگیرکەری
عوسمانی. لێرەوەش مێژوی شار دەشێوێ و کاریگەری دەکاتە سەر مێژوی پێکهاتەکانی تر،
وا دەکات تاکی کەرکوکی بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتی گومان لە مێژوی دروستی خۆی
بکات.
٣- بەرکەنارکردنی دەسەڵاتی بەرپرسانی هەردو پێکهاتەی کورد و عەرەب.
٤- تەقینەوەی ملمانێی سیاسی و یاسایی.
بۆیە داوا دەکەین:
١- پارتە سیاسیەکانی پێکهاتەی کورد و عەرەب هەڵوێست و قسەی خۆیان هەبێت.
٢- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێگە نەدەن بە
هەر بیانویەک بێت مێژو و سیمای کەرکوک بشێوێندرێ. رێگە نەدەن پرسی کەرکوک تێکەڵ
بکرێت بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و پشکی ١٥٪ کۆمپانیای تورکی لە پشکەکانی نەوتی کەرکوک .
٣- جەماوەری هەمو پێکهاتەکانی کەرکوک
( کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشور و کلدان ) هەڵوێست وەرگرن و لە چوارچێوەی رێگەپێدراوی
یاسایی فشاری جەماوەری دروست بکەن.
بەردەوامبێت ئاشتی و پیکەوەژیان لە کەرکوک.
پارێزراوبێت مێژوی رەسەنی ئەم شارە.
رێکخراوی کەرکوک بۆ هەموان
کەرکوک/٤/ئاب/٢٠٢٦