11وتار

خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بۆ ڕەوشی کورد

8/31/2026 12:41:00 PM
سامانی وەستا بەکر

ئەوەی لە ناوچەکەیا ڕووئەیا بەوجۆرە نییە کە لەلایەن زۆرێکەوە شیکاری بۆئەکرێ، هەندێک ئەیبەستێتەوە بە هۆکاری نێودەوڵەتی و هەندێکیش بە هۆکاری هەرێمی و بەشێکیش بە هۆکاری ناوخۆی، بەڵام هتچ کەسێ ئەمە ناکا بەخەتای خۆی!  هەڵبەتە مەبەستم لە هاوڵانیشتمانییەکی سادە نییە، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە لێرەیا دەسەڵاتدار و حیزب و سەرۆکە زۆرەکانە.

ناکرێ کاتێ شیکاری بۆ بابەتێک ئەکرێ، تەنها ئەو لایەنانە ببینرێ و شیکارییان لەسەر بکرێ کە کەس و لایەنەکانیتر وەک نەزان و تاوانبار و هۆکاڕی شکست باسکرێ چونکە کەیفی پێیاننایە، هەڵەی حیزب و کەسانێک کە هۆگریانە و ئولفەتی پێوەگرتوون بە سیاسی دانا و پسپۆڕی جیۆسیاسی بیانناسێنێ.

ئەگەر ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکەوە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕووییا نسکۆ یان ئاشبەتاڵێکی تر بوو هاوشێوەی ئەو نسکۆیانەی کە لە ١٩٧٥ و ٢٠١٧ وە ناوبەناو کورد ئەزموونیان ئەکا بەڵام،،،

جیاوازی ئەم نسکۆیە بە بەراورد بە هەموو ئەوانەی پێش خۆی ئەکرێ بوترێ،  باشترینی ناو خراپەکان بوو کە شکۆی تاکی کوردی بەجارێ نەهاڕی ، لەگەڵ خۆیا ئومێدێکی هاوپێچی شکستەکە کردووە، کە تاکی ئاواتەخوازی بەدیهاتنێتی، کە ئەویش ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانەیە کە گوایە لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێگیرەکرێ، کە باشترین دەستەواژە و دەربڕێنێک بۆ ئەوە ئومێدە تەنزە باوەکەیە کە ئەڵێ” ک،ە،ر،ە مەمرە بەهاڕە”

مادەی ١٤٠، بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان، ڕێژە و ژمارەی کورد لە سوپای ئێراقا، پشکی کورد لە جبەخانەی سوپا...هتد لە دەستوری ئێراقا دانی پیانراوەو کاریشی پێناکرێ، چ جای بەڵێن و ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێک لە ئەمیری ترسناکترین ڕێکخراوی تیرۆرستی دوێنێ و سەرۆکی وڵاتێک کە شۆڤێنی ئەرەبی ناسنامەکەیەتی و لەسەردەمێکیشا کە کورد گڵۆڵەی ڕوو لەلێژییە، ئیتر ئەبێ گەرەنتی چیبێ کە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی نێوان جەنراڵ مەزڵوم و ئەبو محەمەد جۆلانی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی ئەمڕۆیا لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێبگرێ! ئایا زۆرینەی ئەرەبی سوریا دەنگ بەدەستورێ ئەیەن کە مافی کورد لە نەبوونەوە هاوتای مافی ئەعرابەکان بکرێت؟ لە گریمانەی جێگیربوونییشی لە دەستورا ئایا کاری پێئەکرێ یان نا؟

بۆ ئەم پرسە شەقامی کوردی بووە بە دوو بەشەوە، بەشێک شیعر و شانامە بۆ جەنراڵ مەزڵوم عەبدی ئەهۆننەوە, بەشێکیش بەپاساوی جیاواز هێرشی ئەکەنە سەر، کە لە ڕاستیا هەردوو بەرەکە هەڵەن.

جەنراڵ مەزڵوم نە دەستکەوتێکی هێندە مەزنی بەدەستهێناوە کە لایەنی کەم بۆ ١٠٠ ساڵی داهاتوو کورد لە ڕۆژئاوای وڵات بە ژیانێکی شایستە وەک هاوڵاتی پلەیەک بەهرەمەندبێ لە مافەکانی، وە نە هاوشێوەی نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئاشبەتاڵێکی ئابڕوتکێنی بەسەر کورد هێناوە کە خاکی کوردستان بخرێتەوە ژێر پۆستاڵ و ڕکێفی ئەرەبە شۆڤینستەکان و شەڕڤانان بەسەر شۆڕی بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.

هەڵەی جەنراڵ مەزڵوم عەبدی هەمان هەڵەی مام جەلال بوو کە نەیەتوانی خۆی لە هەژموون و کاریزمای خوالێخۆش بوو مەلا مستەفا پاکاتە، وە هەمان هەڵەی کاک نەوشیروان بوو کە نەیەتوانی لەژێر هەژموون و کاریزمای مام جەلالا بێتە دەرێ.
جەنڕال مەزڵوم زۆر خراپتر کەوتۆتە ژێر هەژموون و کاریزمای بەڕێز ئەبدوڵا ئۆجەلانەوە، کە ئەکرێ بە ئەندازیاری هەڵوەشانەوەی هەسەدە ناوزەندکرێ، بگرە جەنراڵ مەزڵوم لە کۆشکی کۆماری سوریا تەنها پەیامەکەی بەبریکاری ڕاگەیاند.

هەڵبەتە نابێ هیچ کەسێ کوێرانە و بێ ویزژدانانە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بەڕێز ئۆجەلان، بەڵکو ئەبێ لەبری ئەوە تێگەشتنی بۆ ئەوە هەبێ کە ڕێکەوتی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پلانێکی هەواڵگری نێودەوڵەتیا لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی لە تورکیا گۆشەگیرکراوە.

“باشترین کورد ئەو کوردەیە کە مردووە” ئەمە بۆچوونی باو و جێگیرە لە هزری تاکی تورکا بەرامبەر بە کورد، جا کە ئەمە بۆچوونی تورکبێ لەسەر کورد ئیتر کاتێ یەکێک لە گەورەترین ڕێبەری پارتێکی کوردی نەیاری دژی تورکیا بە زەلیلی زیندانیبێ لەلایان، ئەبێ بەرهەمی کارکردنی ٢٧ ساڵی دەسگاکانی هەواڵگری و دەرونناس و سایکۆ پسپۆڕ و هەموو پسپۆڕییەکانتر بۆ کارکردن لەسەر شتنەوەی ئایدۆلۆجیایەکی دیارکراو لە هزری زیندانییەکی دابڕاو لە هەموو زانیارییەک کە تینوویەتی بیری ئۆجەلان بشکێنێ و جێگیرکردنی ئایدیایەک کە لەبەرژەوەندی داگیرکەر ئەبێ چیبێ؟

وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکیرایە، بێ هیچ گومانێ شکست و ئاشبەتاڵ و خۆڕادەستکردن و چەکدانان و ناوزەندکردنی بە پرۆسەی ئاشتی، بەرهەمی ئەو کارە زۆرو چڕ و مێشک شتنەوەیە ئەبێ. هەر ئەوەشنا بەڵکو ناساندنی خەباتی سەرو ٤٠ ساڵی نەتەوەیەکی ژێردەست و چەوساوە و بۆ سەرەتایترین مافی هاوڵاتی بوون بە تیرۆر و جێگیرکردن و تێپەڕاندنی لە پەرلەمان بە هاوکاری دەنگی کورد و  ناساندنی بەکۆی جیهان،  وە  بانگەشەی ئەوەش بکرێ کە داڕێژەرەکەشی ڕێبەری یەکێک لە کاریگەرترین پارتە کوردییەکانبێ، ئیتر هیچ شڕۆڤەیەکی دژ هەڵناگرێ.

تورکیا کە بە ئمتیاز چەمکی دەوڵەت-نەتەوە جێبەجێئەکا و لەمادەی سێی دەستوری تورکیایا هاتووە، تورکیا وڵاتێکە بۆ تورکەکان و هەرکەسێ لەسەر ئەوخاکە بژی تورکە، بەڵام وایان کردووە کە بەڕێز ئۆجەلان چەمکی دەوڵەت-نەتەوە ڕەفزکاتەوە و بگرە لە داوای دەڵەتی سەربەخۆوە بۆ کوردستانی گەورە هێناویانەتە سەر "کۆنفیداڵیزمی دیموکراتیک" کە ئەم چەمکە بەکردەوە تەنانەت لە دیموکراتیترین دەلەتانی دنیایا کاری پێناکرێ، چ جای لە وڵاتێکی وەک تورکیایا کە نەک دان بەمافی کوردنانێت بگرە نەمانی کورد بە فاکتەری مانەوەی خۆیانەوە ئەبەستنەوە.

هەرئەوەشنا لە بەدبەختی کورد و ١٠٠ ساڵ دوای پەیماننامەکانی لۆزان و  سیڤەر و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیی باڵادەستەکان، لەم کاتەیا سەرۆکی گەورەترین و ئابوری و بەهێزترین هەژموونی سەربازی جیهان کە وڵاتی ئەمریکایە، کەسێکە کە تاکە هۆکار بۆ پشتگیری کردنی سیاسی و سەربازی لەلای دەستکەوتی ئابوریە، هەم بۆ وڵاتەکەی و هەم بۆ خۆشی، هەرئەوەشنا چەرخی چەپگەری کورد واسوڕاوە کە نوێنەری سەرۆکیش بازرگانێکی چاوچنۆک و بەرژەوەندیخوازێکی بێ ڕەوشتی ناسیاسیە کە پاڵپشتی سیاسەت و بەرژەوەندی خراپترین دیکتاتۆر و سەرکردە جیهانییەکانە و دژی فیدراڵی و مافی چارەنوسی گەلانە، چونکوم لەو ڕێیەوە چەورترین گرێبەست و دەستکەوتی مادی و کەسی بەدەستەهێنێ، دژایەتییەکی کوێرانەی کوردەکا لەسەر کۆی خاکی کوردستانی گەورە چونکوم جزدانی کورد چاوچنۆکی و گیرفانی ئەو بازرگانە چەپەڵەی بۆ پڕ و تێر ناکرێ.

لە ڕاستیا ئەمانە هەمووی بیانوون بۆ داپۆشینی ناتەبایی و یەکنەبوون و دژایەتی ناوخۆی ناو ماڵی کورد، زلهێزو بڕیاربەدەستەکان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کورد توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان سەربەخۆیی نییە.  ئەزموونی دێگەڵە و ٣٥ ساڵ حوکمرانی باشوری کوردستان و یەکنەخستنەوەی هیزی پێشمەرگە باشترین نمونە و هۆکارێکە کە هاوپەیمانی نێودەڵەتی گەیانە ئەو باوەڕەی لە ئەگەری دروستکردنی ستاتۆیەکی سەربەخۆ لە ڕۆژئاوای وڵات، هەمان سیناریۆی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوان هەسەدە و ئەنەکەسەیا دووبارە ئەبێتەوە هەربۆیە چۆلەکەیەکی ناودەستیان لە هەزارانی سەر دار بەلاوە پەسەندتر بوو.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن