سوپاس ژەنەراڵ
8/29/2026 3:32:00 PM
هیوا مەحمود عوسمان
لای ئێمە هەڵگرتنی چەک زۆر ئاسانترە لە دانانی، چونکە ئەو پارچە ئاسنە دەسەڵات و هێزو پارەت دەداتێ و خەڵکێکی زۆرت دوا ئەخا، وا دەکات لەسەر مێزی گفتوگۆ ببیتە ژمارەیەکی بەهێز. بۆ بازرگانانی جەنگ، چەک نیعمەتی خوایە، لەبەر ئەوەی هەمیشە بیانوویەکیان بە دەستەوە دەمێنێت، تاقم و تفەنگەکەیان بهێڵنەوە.
ژەنەراڵ مەزڵوم رێک پێچەوانەی ئەمەی کرد، لە کۆشکی کۆماری سوریا لە بری جلە سەربازییەکەی بە قات و بۆینباخەوە وەستاو “بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە” هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی راگەیاندو تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریای کردنەوە.
ئەم دیمەنە ئەگەر هەموو شتێک بێت خۆ بە دەستەوەدان نییە، ئەمە ئازایەتی و لە خۆبوردووییە، چونکە بۆ فەرماندەیەکی سەربازی دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی شەڕ، بڕیارێکی زەحمەت نییە، بەڵکو بڕیارە قورسەکە ئەوەیە ژەنەراڵێک تێبگات کەی شەڕ دەبێتە مەترسی لەسەر ئەو ئامانجەی چەکی بۆ هەڵگرتووە، ئەمەش جیاوازی هەرە دیاری نێوان بازرگانی جەنگ و جەنگاوەرە، چونکە بازرگانی جەنگ باش دەزانێت مانەوەی گرێدراوەتەوە بەو چەکەی هەڵیگرتووە، بەڵام لای جەنگاوەر چەک کەرەستەیە نەک ئامانج.
ژەنەراڵ مەزڵوم کاتێک ئەو بڕیارەی دا، زیاتر لە بژاردەیەکی لەبەر دەستدا بوو، دوای ئەوەی ئەمەریکا پشتی تێکرد بۆ ئەو ئاسان بوو بەدوای پشتیوانێکی دیکەی نێودەوڵەتی یان ناوچەییدا بگەڕێ، پێی دەکرا خۆی بداتە پاڵ یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەو لە ژێر دروشمی قەبەو گەورەدا هەتا چەند ساڵێکی تر درێژە بە شەڕێکی کراوە بدات و رۆژئاوای کوردستان بکاتە بەرەیەیەکی سەختی جەنگ.
لەم ناوچەیەش بە ئاسانی پاڵپشتیکاری ئاشتی نادۆزرێتەوە، بەڵام دۆزینەوەی پشتیوانیکاری شەڕ ئاسانە.
ژەنەراڵ بڕیاریدا دەرفەتێک بداتە ئاشتی، ئەمە لە هێزو بڕوابەخۆبوونەوەیە، چونکە لە پشت ئەم فەرماندەیەوە مێژوویەک هەیە کە پڕیەتی لە بەرخۆدان و فیداکاری، هەزاران شەهید وشەڕڤان بوونە سیمبولی رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو رێبەرایەتی ناوچەیەکی خۆسەری کردووە کە دامەزراوەی زۆری سەربازی و ئەمنی هەبووەو زیاتر لە دەیەیەک لەسەر پێی خۆی وەستاوە.
دەوڵەتی نوێی سوریا هێشتا بە تەواوی تاقی نەکراوەتەوە، بۆیە ئەوەی مەزڵوم عەبدی کردی تەنیا هەنگاوێکی سادە یا مانۆڕێک نەبوو، بەڵکو گەنجینەیەکی گەورەی پڕ لە قوربانی بوو کە کورد لای دیمەشق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داینا.
ئەم هەنگاوە نابێ لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە بێ بەرامبەر بێت، بەڵکو لەسەر ئەحمەد شەرع پێویستە بەڕاستی مافەکانی کورد بپارێزێت و دان بە کورددا بنێت وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلانی سوریاو رێگای خوێندن بە زمانی دایک ئاوەڵا بکات و رێڕەوێک بدۆزێتەوە بۆ جێکردنەوەی ئەم مافانە لە دەستووری هەمیشەیی سوریادا.
ئەوەی لە ئەستۆی ژەنەراڵ بوو بەشە قورسەکە بوو، ئەو بڕیاریدا بچێتە دیمەشق و ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی کورد بیکات، بەڵام بێگومان رازیبوون بە ”یەک سوپا، یەک حکومەت، یەک دەوڵەت” مانای ئەوەی نییە قاییلە بە یەک شوناس و یەک زمان و یەک جۆر گێڕانەوە بۆ چیرۆکی سوریای نوێ.
ئەگەر کورد بەوە رازی بوون کە چەکەکەیان ببێتە بەشێک لە دەوڵەت، ئەوا لەسەر دەوڵەت پێویستە ئەوە جێگیر بکات کە کورد بەشێکی سەرەکییە لەو دەوڵەتە.
تۆم باراک لەسەر ئەم بڕیارەی ژەنەراڵ وتی ”وەرچەرخانێکی مێژووییە و هەنگاوێکە بۆ هاوبەشێتی هەمیشەیی” بەڵام بێگومان هاوبەشیبوونی هەمیشەیی گەرەنتی هەمیشەیی دەوێ، ئەوان داوایان لە فەرماندەیەک کرد چەکەکەی دابنێت و متمانەی خۆی بداتە دەست سیاسەت، بۆیە دەبێ بۆ گەلی کوردی بسەلمێنن کە ئەو سیاسەتە شایەتی ئەوە بوو متمانەی پێ بکرێت.
رەنگە بۆ مەزڵوم عەبدی ئاسان بوایە چەکەکەی دانەنێت، مێژووی کوردو ئەزموونی ناوچەکەو تەنانەت ئەزموونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا رێی ئەوەی پێ دەدەن بە گومان بێت لە بڕیارەکەی. بەڵام ئەو بڕیاریدا سەرکێشی بکات و ئاشتی هەڵبژێرێت، ئەم سەرکێشییەش زۆر لە سەرکێشی شەڕ قورسترە.
ئێمە نازانین مێژوو چۆن حوکمی خۆی لەسەر ئەم رێکەوتنە دەکات، بەڵام دەزانین ئێستا چی روویدا، فەرماندەیەک کە هێزێکی سەربازی تۆکمەو سەربەخۆو شەڕڤانی چاونەترسی لەگەڵدا بوون، بڕیاریدا دەست لەو سەربەخۆبوونەی خۆی هەڵبگرێت و گرەو لەسەر دەوڵەتێکی تازە بکات لە بری گەڕێکی دیکەی شەڕ.
نابێ ئەم بڕیارە وا بخوێندرێتەوە کە لاوازییە، بازرگانانی جەنگ دەزانن چۆن شەڕ دەست پێ بکەن و جەنگاوەرە راستەقینەکانیش دەزانن چۆن کۆتایی پێ بهێنن.
ئێستا نۆرەی دیمەشق و جیهانە بیسەلمێنن ئەو گرەوە لەسەر ئاشتی هەڵە نەبوو، ئەوەی ئەو کردی شایەنی پێزانینە لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەمەش نەک بۆ خۆی، بەڵکو بۆ گەلێک کە شەڕو چەوسانەوەو لەناوبردن و پەراوێزخستن ماندووی کردبوو.
سوپاس ژەنەراڵ.