ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق: دیار نییە کەی مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت
04:38 - 12/07/2026
زەمەن_هەواڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هێشتا وادەی ناردنی مووچەی مووچەخۆران بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦، دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: لە ئێستادا عێراق بە قەیرانێکی دارایی قورسدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی ئەم دۆخەوە تاوەکو ئێستا کاتی ناردنی مووچەی مووچەخۆران بە دیاریکراوی ڕوون نییە و دیار نییە کەی پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت پێش ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتەکەی بۆ واشنتن ئەنجام بدات، بڕیاری کۆتایی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بێت.
سەبارەت بە بڕی پارەی نێردراو، دیلان غەفوور دووپاتی کردەوە کە بۆ ئەم مانگە، وەزیری دارایی عێراق پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان بە لێبڕین نانێرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەوڵ هەیە شایستە داراییەکان بە تەواوی ڕەوانە بکرێن و ڕێگری لە هەر لێبڕینێکی نایاسایی بگرن.