شەشی تر بەتۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکران
04:39 - 14/07/2026
زەمەن_هەواڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق رایگەیاند: شەش فەرمانبەری بازگەی گومرگی "دارەمان"یان لە پارێزگای کەرکووک بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق ئاشکرای کرد، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، شەش فەرمانبەری بازگەی گومرگی "دارەمان"یان لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کردووە، کە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکووک و هەولێ، ەو فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی بە مەبەستی وەرگرتنی بەرتیل و سەرانە، بە ئەنقەست رێگرییان لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کردووە لەسەر رێگای کەرکووک -هەولێر.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەو فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست مامەڵەی هاووڵاتییانیان پەکخستووە، تاوەکو ناچار بن پارەیان وەک "بەرتیل" پێ بدەن. ئاماژە بەوەش کراوە، کە هەرچەندە مامەڵەی هاووڵاتییان یاسایی و بێ کێشە بووە، بەڵام فەرمانبەرەکان بە مەبەستی وەرگرتنی پارە، پەنایان بۆ "سەرانە وەرگرتن" بردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن.
هەر شەش فەرمانبەرەکە رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون و بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 راگیراون، کە تایبەتە بە سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی پلە و پۆستەکەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت و وەرگرتنی پارە بەکاردەهێنن.