28 جیهان

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی: کاتی ئەوەیە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات

02:05 - 14/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 

 ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات."

 ئەمڕۆ سێسەممە، ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦،  ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" رایگەیاندووە: "پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات، چونکە بە پێی پێویست باجەکەی داوە و پێکدادانەکانی ئەنجام داوە؛ بۆیە ئێستا پێویستە بۆمبەکە دروست بکات."

دەشڵێت: لە ئێستادا کۆدەنگی جیهانی دژ بە ئێران زۆرە،  رێبەری جیهانی رۆژئاوا، ئەمریکا هەموو رۆژێک لەگەڵماندا لە شەڕدایە، ٦٠ هەزار سەرباز، کەشتییە جەنگییە گەورە و بچووکەکانی و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی لە دەریای عومان و زەریای هیندیدا جێگیر کردووە، بۆیە ژیان جارێکە و مردن جارێک."

لەبارەی دریژە پێدانی جەنگ لەنیوان ئەمریکا و ئێراندا ئاماژەی بەوەدا "هەردوو وڵات ئارەزوو دەکەن کە شەڕێکی درێژخایەنیان لەگەڵ یەکدیدا نەبێت؛ بەو هۆکارەی کە ئەمریکییەکان تێگەیشتوون لە شەڕی درێژخایەندا، راستە زیان بە ئێران دەگەیەنن، بەڵام ناتوانن پێکهاتەی سیستەمی ئێران لەناو ببەن."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران دەشڵێت: "ئێرانیش تێگەیشتووە کە ناتوانێت لە ناو خاکی ئەمریکادا گورز لەو وڵاتە بوەشێنێت و ناچارە لە ناوچەکەدا گورز لە ئەمریکا بوەشێنێت و شەڕەکە بکاتە ناوچەیی. کەواتە کاتێک شەڕەکە دەکاتە ناوچەیی، خۆی لەگەڵ شەش یان حەوت وڵاتدا تێوەدەگلێنێت، بۆیە ئێستا هیچ کام لە دوو لایەنەکە، جەنگی درێژخایەنیان ناوێت."

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چەق و ناوەندی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لە دۆسیەی ئەتۆمییەوە بۆ تەنگەی هورمز گواستراوەتەوە، روونیکردەوە: "تەنگەی هورمز کەرەستەی هێزی ئێمەیە و دەبێت هەوڵ بدەین لەدەستی نەدەین و بپارێزین."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و مەرکەزی لە نێوەراستی ئێران و پارێزگاکانی هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان لە  باشوور، باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن