راگەیەنراوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە
04:24 - 17/06/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە
17ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی،
جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی
گرنگی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا،
سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی
خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە
بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان
درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە
یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی
شایستەبوونیانەوە.
پاشان، ئەنجومەنی
وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی
چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم،
بە وردی تاوتوێ کرد.
لەم بارەیەوە، وەزیری
کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی
پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی
لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی
حکومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ .
دواتر هەر یەک لە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی
پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.
دوای گفتوگۆی
فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی
لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی
کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و
پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی
گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی
کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە
پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ
بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو
بگرێت.
لە بڕگەی دووەمی
کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی
پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی
خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە،
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان،
سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت،
بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون
لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا،
ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی
لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک
و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.
ئەنجومەنی وەزیران،
لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی
سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە
و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی
وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا،
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی
دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری
دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی
یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر
بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە
بودجەی حاکیمە.