کورد لە چەقی هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکاندا!
7/14/2026 5:01:00 PM
رابەر تەڵعەت
گوێم بۆ پۆدکاستێکی جۆرج فریدمان دەگرت لە یوتیوب؛ باسی لە گرنگی و بایەخی تورکیا دەکرد، لەناو قسەکانیدا وتی " تورکیا وڵاتێکی بەهێزە، کێشەی دابەشبوونی ناوخۆیی نیە، جگە لە کوردەکان لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، ئەوانیش شتێکی ئەوتۆ نین"!
ئەم بە کەم سەیرکردنەی پرسی کورد لەلایەن بەشێک لە ئەکادیمیست و توێژەرە جیهانییەکانەوە، رەنگە خوێندنەوەی هەڵەی جیۆپۆلەتیک بێت، لەوانەشە پەیوەندی بە لاوازیی خۆمانەوە هەبێ! بەڵام هەڵگری پەیامێکی گرنگە؛ کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش چیتر خۆمان وەک قوربانی سەیر نەکەین و ستراتیژمان هەبێ تا ببینە کارەکتەرێکی کاریگەر لەم یارییەدا.
ئێمە لەسەر هێڵی بەریەککەوتنی گەورەترین ململانێکانی ناوچەکەداین. بۆردی شەترەنجەکە لەسەر پشتی ئێمە دانراوە، تێگەیشتنمان لە جوڵەکانیان، مەرجی مانەوەمانە. جەنگی چاوشارکەئاسای نێوان ئەمریکا و ئێران، رەنگە کاریگەریی زۆری لەسەر سەقامگیریمان هەبێ!
لەولاشەوە؛ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، و بێزارییەکانی ئەوروپا و خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلانی جەنگ، بۆشاییەکی دروست کردووە کە تورکیا خوازیارە پڕی بکاتەوە. تورکیا ئێستا وەک هێزێکی سەربازی گەورە خەون بە گێڕانەوە میللی کاتژمێری مێژووەوە دەبینێت بۆ سەدساڵ لەمەوبەر ( سەردەمی هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی) بەسەر ناوچەکەدا.
هێز، بزوێنەری مێژووە؛ ئەو سیحرەیە هەمووان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن. کوردەکان ئازان لە دەستبەسەراگرتن و جوڵاندنی هێز لەناوخۆیاندا، بەڵام هیچ کات نەبوون بەو هێزەی مێژوو بۆخۆیان بجوڵێنن!