22وتار

گەندەڵی و ململانێی مانەوە

7/11/2026 2:04:00 PM
فەرمان ڕەشاد



 هەرێمی کوردستان لە کوێی نەخشەی چاکسازییەکانی عێراقدایە؟

عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. ئەو وڵاتەی ساڵانێکە وەک "کۆماری گەندەڵی" دەناسرێت، ئێستا لەژێر فشاری نێودەوڵەتی (بەتایبەت ئەمریکا و دامەزراوە داراییەکان) و پێویستیی ناوخۆییدا، شەڕی گەندەڵی ڕاگەیاندووە، هەوڵدەدات مۆدێلێکی نوێی حکومڕانی تاقیبکاتەوە. ئەم مۆدێلە کە لە "پلانی عەلی زەیدی" و دیدگای ٢٠٣٠دا ڕەنگی داوەتەوە، بەجۆرێک عێراق لە "دەوڵەتێکی ڕەیعی پشتبەستوو بە نەوت"ەوە بۆ "دەوڵەتێکی خاوەن داهاتی هەمەجۆر"، لە قۆرخکاری و نەزیفی دارایی بگۆڕێت بۆ ئابوورییەکی کراوە و پێشکەوتوو.

هەرێمی کوردستان لەم هاوکێشەیەدا لە کوێدایە؟

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە بێت، ئێستا لەبەردەم قەیرانی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتیدایە، وەک ڕەنگدانەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی، هۆکارە بنەڕەتییەکانیش ئەمانەن:

١- گرێبەستەکان:

هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی داهاتی نانەوتیی باشە (باج، ڕسووماتی خزمەتگوزاری، مەرزەکان)، بەڵام ئەم داهاتە لە ڕێگەی "گرێبەستی خزمەتگوزاری" نادادپەروەرانەوە بۆ چەند کۆمپانیایەکی سێبەر تەرخانکراوە. کاتێک ٨٠٪ی داهاتی خزمەتگوزارییەک دەچێت بۆ کۆمپانیایەک و تەنیا ٢٠٪ی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەمە ناوی "کەرتی تایبەت"

نییە، بەڵکو ئەمە "بنکۆڵکردنی سیستماتیکی سامانی گشتییە"، ئەمەش وای کردووە نەتوانێت مانگانە ١٢٠ ملیار بۆ بەغدا بۆ مووچە کۆبکاتەوە، بەو دۆخەی لە بەغداش هەیە، پێناچێت ئیتر چاوپۆشی بکرێت، کەواتە چی بکرێت؟

- ئەرکی حکومەت: دەبێت دەستبەجێ "پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان" دەستپێبکات.

هەر گرێبەستێک کە حکومەت خۆی بتوانێت خزمەتگوزارییەکە پێشکەش بکات کۆتایی پێبهێنێت، بەرژەوەندیی کەس و کۆمپانیاکان بکاتە قوربانی بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، هەر گرێبەستێکیش پێویست بێت ئەگەر بەرژەوەندیی گشتی تێدا پارێزراو نەبێت، دەبێت هەڵبوەشێتەوە یان بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە زۆرینەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت بێت نەک بۆ باخەڵی چەند کەسێک.

٢- بڕینی هەموو سەرچاوەکانی قاچاخی و کەمبوونەوەی داهاتی گشتی لە دەروازە سنوورییەکان، دۆسیەی وەبەرهێنان و هاوشێوەکانیان.

ئەگەر هەرێم نەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم ئاراستە نوێیەی بەغدا بە پشتیوانیی ئەمریکا بگونجێنێت، ئەمانە ڕوودەدەن:

- پەراوێزخرانی ئابووری: بەغدا چیتر ئامادە نابێت چاوپۆشی لەو نەزیفە داراییە بکات، کە ئێستا لە خۆیان قبووڵ ناکەن و هەوڵی ڕاگرتنی دەدەن، مووچەخۆران و ئابووریی کوردستانیش دووبارە دەبنەوە قوربانی.

- پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆ هەرێم کەمتر دەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر زەیدی لە پڕۆسەکەی ئێستای سەرکەوتوو بێت.

مانەوەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی لە ئایندەدا، بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانێت لە "ئابوورییەکی سێبەر و حیزبی"ەوە خۆی بگۆڕێت بۆ "ئابوورییەکی نیشتمانی و شەفاف".

بەپێچەوانەوە، پاراستنی بەرژەوەندیی چەند کۆمپانیایەک، دەبێتە هۆی پووکانەوەی قەوارەیەکی سیاسیی کورد کە بە خوێنی هەزاران کەس دروستبووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن