بەدیهێنانی خەونەکان لە ڕێگەی پەروەردەوە
7/13/2026 12:37:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی
(بە دڵەوە شوێن خەونەکەت بکەوە، هەرچەندە
دووربێت، دەتوانیت پێی بگەیت- مارتن لۆسەر کینگ جونیۆر)
خەونی مرۆڤ بەگشتی هەموو ئەو ویست و خولیا و حەزانەیە کە بیریان لێ دەکاتەوە و هەوڵیان بۆ دەدات تا بەدیان
بێنێت.
دیارە خەون واتە ئامانج، ئامانجیش خولیا و
ئاواتە بەدیهاتووەکان دیاری دەکات، مەرج نیە ئەو ویستەی مرۆڤ وەک خۆی دەیەوێت بەدیبێت.
بەڵام لەهەموو کارێک گرنگتر دانانی پلان و ستراتیژ و ڕێگە و شێوازی بەدیهێنانە.
دەکرێ ژینگەی بەدیهێنانی خەون و ئامانجی تاک، ڕوانگە
و زەمینی دیاری کراوو تایبەتی خۆی هەبێت، دیارە مەبەستم لە تاک هەر کەسێک و مرۆڤێکی
بیرکەرەوە و خاوەن هزرە، هزریش بەمانا قووڵ و فەلسەفییەکەی نا، چونکە کاتێ باس لە
فەلسەفە دەکرێ ڕۆچونی فراوانتر و لێکدانەوەی زیاتری گەرەکە، تەنها مەبەست لێی خەونی
مناڵە کە نیگای دەچێتە سەر بینراوەکانی دەور وبەر، لەگەڵ گەورە بوونی ئەو تاکە خەونەکانیشی
گەورە دەبن.
یەکەم وێستگەی بەرکەوتنی دوای هاتنە سەر زەوی و بوون، دایکە کە لە ئامێزگرتن و سۆز
پێش پێدانی شیرە بۆ ئەو مرۆڤە بچووکەی گەشتێکی نادیار دەست پێدەکات بۆ ئەم ژیانە،
لەو کاتەوە پێویستیە تایبەتییەکان بۆ بەدی هێنان دەبنە خەونی بچووک هەر خواردن و
جل و بەرگ تا بەردەوامی بەخشینی سۆز و میهرەبانی وڕاهێنان و فێربوون و ئاشنا بوونی
بۆ دەور و بەر.
مرۆڤ لەگەڵ گەورە بوونی جەستەی پێویستی و خەونەکانیشی
گەورە دەبن، پەروەردە پێویستە ڕۆڵ و کاریگەری
هەبێت لە دەرخستنی توانا و کارامەییەکانی تاک و ئاراستە کردن و بەدیهێنان و خستنە
سەرپێی ویستەکان لە پێناو گەیشتن بە خەونەکان.
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئامانجی باڵای پەروەردە دروستکردنی نەوەی بیرکەرەوە و بیرمەند و کەسێتی
باڵایە، بۆ هەر یەکێک لەم ئامانجانە ڕوانین
و پلان و ستراتیژی تایبەت بە خۆی دەوێت.
پێمباشە بەشە گرنگ و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی
پەروەردە بۆ خەونی تاک و کۆمەڵ بخەینەڕوو:
یەکەم: بونیادنانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕەخنەگرانە،
دەکرێ بە سەرنجدان و دیدی دیمۆکراسی و لە شێوازە ناوازەکانی پەروەردەی گەلانی تر کەڵک
وەربگیرێت و سوودببینرێت.
دووەم: بەسەنتەر کردنی فێرخواز لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا،
واتە لابردنی شێوازە کۆنەکە کە مامۆستا سەنتەر و بەخشەر و پەخشکەر بوو، واتە ڕۆڵی
مامۆستا لە گواستنەوەی زانیاری دەگۆڕێت و دەبێتە هاوکار و ئاسانکار و ڕێبەر.
سێیەم: گرنگیدان و پەرەپێدان بە کارامەیی فێرخواز،
ئەویش هەر بە فێرکردنی زانیارییەکان بەس نییە. ئامانج لێی بەدەستهێنانی بیرکردنەوەی
ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان و توانای هاوکاریکردنە.
چوارەم: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بە شێوەی کارلێککارانە
و سەرنجڕاکێش و یەکخراو.
پرۆسەی گەیشتن بە خەون و ئامانجەکان پێویستە سەرەتا
بە ڕوونی ئامانجەکە پێناسە بکرێت و پاشان دابەشکردنی ئەرکی هەنگاونان دەست پێدەکات.
پێویستە نەخشەی هێڵی کار
دروست بکرێت و هەنگاوەکان جێبەجێ بکرێن و هەڵسەنگاندن بۆ بەدەستهێنان وگەیشتن
بە سەرکەوتن، لەڕێگەی ئەم قۆناغانەوە دەکرێت:
١. ڕوونی
ئامانجەکە دیاری بکرێت:
ئامانجەکەت بنووسرێت واتە دەبێت: تایبەتمەندی، پێوانەکردن، بەدەستهێنان،
پەیوەندیدار و کاتی پێویست.
٢. دیاری
کردنی ئامانجە گەورەکە:
ئامانجە گەورەکە دابەش دەکرێت بۆ ئامانجی
بچووکتر، چونکە ئەگەر ئامانجی گەورە بچووک
و وورد نەکرێتەوە بەدیهێنانی ئەستەم دەبێت، کورد گوتەنی(بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی).
٣. دروستکردنی
نەخشەی هێڵی کاتیك
بۆ هەر هەنگاوێکی بچووک کاتی دەستپێکردن و کۆتایی دیاری بکرێت، چونکە ئەم نەخشەیەی
هێڵی کاتی، ڕێگری دەکات لە دواخستنی کارکردنەکە.
٤. جێبەجێکردن
و ئەنجامدانی پڕۆژە و بیرۆکەکە:
دەست بە ئەنجامدانی هەنگاوەکان دەکرێت توانا و
هێز چڕ بکرێتەوە، چونکە پابەند بوون کلیلی سەرکەوتنە.
٥. بەدواداچوون
و هەڵسەنگاندن:
پێداچوونەوەی ناو بە ناوی کارەکاندا و بە سەرنج
و تێبینی بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی و ئەنجامدانی پێویست، تا بە ئاسانی کێسەی بەر دەم پلانەکە چارەسەر بکرێت و ڕێکبخرێت.
خەون و خولیا و ویستەکانی تاک لە ڕێگەی پەروەردەوە
ئاراستە دەکرێن و دەبنە ئامانج کە ڕێنمایی
پرۆسەی فێربوون دەخەمڵێنن. ئامانجی پەروەردە لە بنچینەدا گۆڕینی ڕەفتاری تاک و گەشەپێدانی
دەروون و ڕۆح و جەستەی تاکە.
لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵ و کاریگەری پەروەردە لە گەیشتن
بە خەونەکان ناکرێ نادیدە ببینرێت.
تێبینی:
بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لە چەند ماڵپەڕێکی عەرەبی
وەرگرتووە.