خۆراسانی و دشداشەکانی
7/13/2026 3:51:00 PM
د. مەجید ساڵح
(١)
جلی کوردی هەر تەنها پارچە قوماشێک نییە بۆ داپۆشینی جەستە وەک مەزهەر خۆراسانی لێی حاڵی بووە، بەڵکو ناسنامەیەکی کولتووری، مێژوویی و نەتەوەییە کە گەلی کورد لە ڕێگەیەوە خۆی لە پرۆسەکانی سڕینەوە و تواندنەوەی کولتووری (ئاسیمیلاسیۆن) لەلایەن داگیرکەرانەوە پاراستووە. شۆڕشگێڕان، پێشمەرگە، دایکانی نیشتمان و تەنانەت زانایانی ئاینیی گەورەی وەک شێخ مەحمودی حەفید، قازی محەمەد و ئیحسان نوری پاشا و مەلا مستەفا لە مێژوودا هەمیشە بە شانازییەوە جلی کوردییان پۆشیوە.
کەمکردنەوەی بەهای جلی کوردی و بەراوردکردنی بە دشداشەی عەرەبی، نیشانەی جۆرێک لە نەخۆشی خۆبەکەمزانینی نەتەوەییە کە دەیەوێت مرۆڤی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی داببڕێت.
(٢)
ڕەخنەکانی کەسایەتییەکی دیاری ئەبوبەکر هەڵەدنی لە دژی پەرەسەندنی دیاردەی پۆشاکی بیانی (وەک دشداشە و جۆرەکانی تری پۆشاکی دەرەکی) لەسەر حیسابی جلی کوردی، لە خەمخۆرییەکی قووڵی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەڵەدنی وەک کەسایەتییەکی گشتی، هۆشداری دەدات لەوەی کە ونبوونی سیمبوولە نەتەوەییەکان، دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەستی نیشتمانی لەلای نەوەی نوێ.
ئەو پێی وایە ئاینی ئیسلام بۆ هەموو گەلانە و تایبەت نییە بە نەتەوەی عەرەب. هەڵوێستی بەرز و نیشتمانیی ئەو لەوەدایە کە جەخت دەکاتەوە مرۆڤ دەتوانێت موسڵمانێکی دڵسۆز و پاک بێت، لە هەمان کاتدا پارێزگاریی تەواو لە نەتەوە و جلی کوردیی خۆی بکات، نەک کولتووری نەتەوەیەکی تر بەسەر خۆیدا بسەپێنێت بەناوی ئاینەوە.
(٣)
ئەو پاساوەی خۆراسانی کە دەڵێت "دشداشە هەرزانترە لە جلی کوردی لەم دۆخە بێمووچەییەدا"، پاساوێکی لاواز و منداڵانەیە بۆ گۆڕینی ناسنامە. هەژاری و نەبوونی، هەرگیز نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی مرۆڤ دەستبەرداری سیمبوولە نەتەوەییەکانی خۆی بێت. گەلی کورد لە سەردەمی شۆڕش و ئەنفال و کیمیاباراندا، لەوپەڕی برسێتی و ئابڵۆقەدا بوو، بەڵام جلی کوردیی وەک سیمبولێک لەبەر دەکرد و نەیدەگۆڕییەوە بە پۆشاکی نەیارەکانی.
سەبارەت بەوەش کە "جاش و مستەشارەکان جلی کوردییان لەبەر بووە"؛ ئەوە ڕاستییەکە کە تاوانباران لە ژێر هەموو جۆرە پۆشاکێکدا هەن، بەڵام خیانەتی کەسانێک نابێتە هۆی ناشیرینکردنی جلی نەتەوەیی. وەک چۆن ئەگەر داعشییەک دشداشەی لەبەر بووبێت و تاوانی کردبێت، ناکرێت بڵێین دشداشە هێمای تیرۆرە، بە هەمان شێوازی لەبەرکردنی جلی کوردی لەلایەن جاشەکانەوە، لە بەهای شۆڕشگێڕی و پیرۆزیی ئەو جلە کەم ناکاتەوە کە هەزاران پێشمەرگە تێیدا شەهید بوون.
(٤)
دژایەتیکردنی جلی کوردی و پیاهەڵدان و بانگەشەکردن بۆ پۆشاکی بێگانە لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت جگە لە خزمەت بە پرۆسەی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی ریسوایی بۆ ئەوکەسە دێنێ کە داوایەکی وای هەیە. لە بەرامبەردا، هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئەبوبەکر هەڵەدنی و هاوبیرانی، کە داوای پاراستنی ڕەسەنایەتی و کولتووری کوردی دەکەن، شایەنی بەرز نرخاندنن، چونکە نەتەوەی بێ ناسنامە و بێ کولتوور، لە مێژوودا مەحکوومە بە ونبوون.
(وینەکە سەر چیای سەرکەشی سەفین… هەربە جلی کوردییەوە جوانە…)