پلەکانی گەرما دادەبەزن
02:17 - 14/07/2026
زەمەن_هەواڵ
کەشناسی ڕایگەیاند: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما دادەبەزن، سبەینێش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و گەرمیان هەیە.
ئەمڕۆ سیسەممە، ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، کەشی ٤٨ کاتژمێری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ (١ بۆ ٢) پلە نزم دەبنەوە.
دەشڵێت: بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت کە ٤٦ پلەی سیلیزییە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە ٣٥ پلە، هەروەها لە پارێزگاکانی هەولێر ٤٣، سلێمانی ٤٢، و دهۆک ٤١ پلە دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ بێت، بەڵام لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و گەرمیان ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم هەیە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ، کە بەرزترین پلە لە گەرمیان ٤٥ پلە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران ٣٣ پلە دەبێت.