١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ – ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦: هەڵسەنگاندنێکی کەسی
7/14/2026 4:21:00 PM
فازڵ میرانی
لە ڕووداوە گشتییەکاندا، دروست نییە گێڕانەوەی کەسی (چ کورت یان درێژدادڕ) بکرێتە بنەمایەکی گشتگیر، کە تێیدا پاڵنەری سوودمەندان وەک وەڵامێکی قایلکەر و پاساو بۆڕووداوەکان وێنا بکرێت. ئەوەی لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨دا ڕوویدا، جووڵانەوەیەکی سەربازیی ناوخۆیی بوو کە کۆتایی بە ٣٧ ساڵ حوکمی پاشایەتی هێنا و بە بڕیارێکی سیاسی و سەربازی، عێراقی لە پاشایەتییەوە گۆڕی بۆ کۆماری.
کاتێک عەبدولکەریم قاسم و فەرمانڕەواکەی، فەیسەڵی دووەمیان لە دەسەڵات لادا، من تەمەنم دە ساڵ بوو، دوای چەند ساڵێکی کەم، وەک پێشمەرگە چوومە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تا ئەمڕۆش لە خەبات بەردەوامم. ئەو ناسەقامگیرییەی لە دەسەڵاتی عێراقدا دەبینرێت، دەرەنجامی بەردەوامی ئەو ساڵەیە کە تێیدا پاشایەتی هەڵوەشایەوە، چونکەکارکردن بە پەرلەمان لە هەمان ڕۆژی کۆتاییهاتنی ڕژێمی فەیسەڵ ڕاگیرا، دواتر لە ساڵی ١٩٨٠دا لەژێر ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) و وەک دامەزراوەیەکی پاشکۆی (ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) گەڕایەوە.
هەرچەندە ڕژێمەکەی ١٩٥٨ لە دەستووردا ماددەیەکی تایبەت بە هاوبەشی کوردی جێگیر کرد، بەڵام نووسینی دەستوور شتێکە و جێبەجێکردنی شتێکی دیکە؛ چونکە دەستکەوت ئەگەر پەک بخرێت، بەهاکەی لەدەست دەدات. ئەوانەی گەیشتنە دەسەڵات، دروشمی کۆتاییهێنان بە پاشکۆیی عێراقیان بەرزکردەوە و هەندێک هەنگاویشیان نا، بەڵام ئەوە بڕیارێک بوو کە کاردانەوەی توندی ئەو هێزانەی لێکەوتەوە کە سەرپەرشتی گۆڕانی عێراقیان کردبوو لە پاشکۆیەکی عوسمانییەوە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە دوای قۆناغی ئینتیداب.
دوای نەمانی سیستەمی پاشایەتی، دوو هێزی دیار بە چڕی کۆنترۆڵی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی عێراقیان کرد، ،سەرباز، و حزبیایەتی. دواتر ئەم دوو جەمسەرە تووشی پێکدادان بوون، تا ئەو کاتەی حزبیایەتیی تاکڕەو هەژموونی خۆی بەسەر سوپادا سەپاند و توانای کودەتای لێ زەوت کرد؛ ئەمەش لە کۆتایی تەممووزی ١٩٦٨دا بە تەواوی ڕەنگی دایەوە.
ئەرکی فەیسەڵی یەکەم ئاسان نەبوو، نە بۆ خۆی و نە بۆ حکومەتی بەریتانیا کە سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی گەورەی گۆڕانکارییان لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا دەکرد. بەڵام فەیسەڵ لە کۆتاییدا بە حیکمەتی خۆی توانی کارگەلێک ئەنجام بدات کە نەیارانی پاشایەتی لێی دەستەوەستان بوون. لێرەدا واقیعبینی و بێلایەنی وامان لێ دەکات دان بەوەدا بنێین کە تەرازووی دەستکەوتەکانی فەیسەڵ قورسترە لەوانەی دوای ئەو هاتن.
پەکخستنی ژیانی پەرلەمانی و دواتر گەڕانەوەی وەک پاشکۆی دەستەیەکی حزبیی فەرمانڕەوا، ئەو تەڵەزگەیەیە کە تا ئەمڕۆش هۆکاری تێنەگەیشتنە لە کاری یاسادانان. هەروەها قووتدانی دامەزراوەی سەربازی لەلایەن حزبیایەتیی تاکڕەوەوە لە ترسی کودەتا، سوپایەکی لاوازی بەرهەمهێنا کە تەنها بۆ ئەو جەنگانە بەکاردەهات کە دەکرا عێراقیان لێ بەدوور بگرن.
سەبارەت بە حزبیایەتی، عێراق بە گۆڕانکارییەکی سەیردا تێپەڕی؛ ئەو حزبانەی بێشکەی کاری سیاسی بوون، وشک بوون و لەناوچوون. کاریگەریی ئەو حزبانەی جاران هێزی شەقام بوون، کز بوو. دواتر قۆناغی سڕینەوەی هەمووان هاتە پێشێ. ئەوە
سەختترین تاقیکردنەوە بوو، تەنها کەمینەیەک لە بزووتنەوەکان خۆیان گرت، لە ناویشیاندا تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم توانیان لە تاقیکردنەوەی جەماوەردا سەرکەوتوو بن، و کەمتر لەوکەمینەی کەمینانە، لەسەر ڕەسەنایەتیی خۆیان مانەوە کاتێک گەیشتنە دەسەڵات.
٦٨ ساڵ بەسەر هەڵکوتانە سەر کۆشکی ڕیحاب و کۆتاییهێنان بە ژیانی فەیسەڵی دووەم وعەبدولئیلاهـ و نوری سەعید تێدەپەڕێت. لەو ماوەیەدا، لە تەممووزی ٦٨ەوە تا ئەمڕۆ، ٣٥ ساڵی یەکەمی لەلایەن ئەفسەرانی دەرچووی قوتابخانە سەربازییەکانی عێراقەوە بەڕێوەبرا (قاسم، هەردوو برا عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر)، کە هەموویان بە مانا سیاسی و سەربازییەکەی کودەتاچی بوون. لە نیوەی دووەمی ئەو ماوەیەدا تا ساڵی ٢٠٠٣، عێراق بووە مەیدانی باڵادەستیی دووانەی ناوچە و خێڵ کە هەردوو جەمسەری سەرباز و حزبیان لە خۆیاندا کۆکردەوە، تا گەیشتە ئەوەی کەسێک ٢٥ ساڵ بە تەنها حوکم بکات.
ناکرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت کێشەکە لە کوێدایە، ئایا عێراق حوکمکردنی قورسە؟ یان ئەوانەی حوکمی دەکەن درکیان بە گەورەیی بەرپرسیارێتییەکەیان نەکردووە؟ ئەو حیزبەی زۆرترین تاقیکردنەوەی قورسی بڕیوە، حزبەکەی ئێمەیە، چونکە هیچ هێزێک
نەدەبوو ئاگری شۆڕشێکی جەماوەری هەڵگیرسێنێت، ئەگەر ئەو هەموو فشار و ستەمە نەبوایە کە کەوتە سەر نەتەوەی کورد و خاکەکەی.
ئەیلوولی ١٩٦١ لە سەردەمی قاسم، گوڵان لە سەردەمی بەعس، و ڕاپەڕینی دوای داگیرکردنی کوێت، پێش ئەمانە و دوای ئەمانە، بارزانی و باوک و باپیرانی و هاوڕێکانیان، لە خەباتێکی دێریندا بوون دژی هەر دەسەڵاتێک کە دەگۆڕا، چونکە نەیارییان
بەرانبەر بەمافەکانی کورد زیاتر دەبوو.
بەڵام کێشەکە ڕوون، مەرج نییە هەرکەس خاوەن ناونیشان بێت، مەرجەکانی ئەو ناونیشانەی تێدا بێت. سەرۆکێک ڕەنگە تەنها ناو بێت، بەڵام بە کردەوە کارێک بکات کە گەلەکەی چەندین جار بکوژێت. ئەمە بۆ وەزیر، پەرلەمانتار و سەربازیش ڕاستە، ئەگەر
متمانە و شایستەیی پیشەیی لەدەست بدەن، تەنها وەک پۆستێکی بێ ناوەرۆک دەمێننەوە.
ڕەنگە پڕۆژەی دەوڵەتسازی لە عێراق ڕووبەڕووی ڕێگریی دەرەکی بووبێتەوە، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو بۆ تاوانە ناوخۆییەکان؛ لە خوێنڕشتن و دژایەتیکردنی مافەکان و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان. هەرچەندە دەستپاکی ،نەبردنی سامانی گشتی جێگەی ڕێزە، بەڵام نابێتە تاکە پێوەر بۆ شانازی، چونکە دەستپاکی بنەمایەکی سەرەتایی ڕەفتاری مرۆڤە، چ لە ناو دەسەڵات بێت یان لە دەرەوەی.
شۆڕشە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن و سیستمێکی ئەخلاقی و ڕەفتاریی بەهێز بونیاد دەنێن. ئەم گۆڕانکارییانە بە ڕێکەوت یان بە پڕوپاگەندەی میدیایی نایەنە دی، کە تەنها یاری بە هەستی جەماوەر دەکەن بۆ
دەستەمۆکردنیان.
ئەوەی لە تەممووزدا ڕوویدا و ئەوەی دواتر لێکەوتەوە، وانەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئاستی هۆشیاریی سیاسیی ئێمە. پێداچوونەوە بە بەڵگەنامە مێژووییەکانی عێراق لە تەممووزی ١٩٦٨ەوە تا ئەمڕۆ، میراتێکی گەورە لە بڕیاری پەکخراو، دامەزراوەی لاواز، و
ڕووبارێک لە خوێن نیشان دەدات. لەناو ئەم پڕۆژە سیاسییانەدا، زۆربەی سەرکردەکان زیانیان بە نیشتمان گەیاند، هاوڕێیان لە یەکتر هەڵگەڕانەوە و هەزاران کەس ناچار بوون بیروباوەڕی خۆیان لەگەڵ هەڵاتنی هەر خۆرێکی نوێی دەسەڵاتدا بگۆڕن.
ئەم شڵەژانە و ڕانەهاتن لەگەڵ ڕاستییەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە پڕ لە تەنگژەیەن کە عێراقییەکان ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ئەمە خوێندنەوەیەکی کەسییە، کە بە شایەتحاڵی زیندوو و بەڵگەی مێژوویی بێلایەن پاڵپشت کراوە.
وەرگێڕانی : سەردار پێنجوێنی