هەگبەی زەیدی لەکۆشکی سپی !
7/13/2026 12:40:00 PM
د.بەختیار شاوەیس
بە هەگبەی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و راوەدوونانی
گەندەڵەکاران، هەرەشەی چەککردنی میلیشیا زۆر و زەوەندەکان ، سنگ دەرپەراندن بەرامبەر
عەراقچی ، بریارە عەلی زەیدی سبەی بچێتە کۆشکی سپی و لەوێ میوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابێت.
ئەم سەرۆک وەزیرانە گەنجە تازە ناسراوەی
دنیای سیاسەت کەبەهەفتەیەک بەر لەوەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەعیراقدا ، هیچ پەیوەندیەکی
راستەوخۆی بەهیچ لایەنێکی سیاسیەوە نەبوو و رۆژێک لەرۆژان ئەندامی حیزب یان لیستی
پەرلەمانی یان پۆستی حکومی نەبوە ، بەڵکو وەک بسنزمانێک کەبەرێژەیەکی سنووردار ناوەکەی
دەهات و دەچوو، ئێستا بوەتە جێ سەرنجی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق و لەدوای سەردانەکەیشی
بۆ واشنتن پێدەچێ جێپەنجەی زیاتر قایم بکات و دەسەڵات و پاوەری بچێتە قۆناغێکی نوێوە.
ئەگەر کەمێک دیقەت بدەین دەبینین کە بەراورد
بەسەرۆک وەزیرانی پێشتر ، پێدەچێ ئیدارەی ئەمریکا و خودی ترەمپ ئومێدی زۆریان لەسەر
هەڵچنیوە و جگە لەپیرۆزباییە گەرمەکانی کۆشکی سپی و دەربرینی پشتیوانیە بەردەوامەکانی
کە هەر لەسەرەتاوە بە ئازادکردنی ملیاران دۆلاری عیراق دەستی پێکرد ئەوەتا بەر لەتەواوکردنی
دانانی ئەندامانی کابینەکەی پێشوازی لێدەکرێت، لەکاتێکدا کەهەریەک لە عەبادی،
عبدالمهدی، کازمی و سودانیش لەکۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
نەبینران.
پرۆسەی دۆزینەوە و دانانی زەیدی کەبەفلتەری
تۆم باراک- فائیق زیدان پاڵاوتەی بۆکراوە، لێکەوتەی توند لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی
جێدەهێڵێت. چونکە لەلایەکەوە لەناوخۆی عیراق بەهەڵمەتی دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی
پلە باڵا لەپەرلەمانتار و وەکیل وەزیر و وەزیری کۆن و بەرێوەبەری گشتی تا خوارەوە
دەستی کردوەتە ناو کونی زەردەواڵە و لەئاستی ئیقلیمیشدا بەوتنی ( ئایا ئێوە رێگەدەدەن
من لەئێران گروپی چەکدار دروست بکەم بە عەباس
عەراقچی ) مەیدانی ململانێکانی قوڵ و توندتر کردوەتەوە. ئەمە جگەلەوەی کەبەهەرەشەی
چەکدانان بە میلیشیاکان و گەرانەوەی چەکەکانیان بۆ دەوڵەت تا کۆتایی ئەیلولی
داهاتوو. وە نوێکردنەوەی رێکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان عیراق و ئەمریکا، گواستنەوەی
پەیوەندیەکانی نێوان بەغداد و واشتنتن لەئیدارەدانی قەیرانەوە بۆ هاوبەشی ئابووری
درێژخایەن.
زەیدی هێشتا لەبەغدایە و گەشتەکەی دەست
پێنەکردوە، بەڵام ئەم بەلاداکەوتنە بێ چەندوچۆنەی عەلی زەیدی لەململانێ توندەکانی
نێوان تاران و واشنتن و رانەگرتنی پارسەنگی نێوان هەردوولا، ئەگەر لەرووکەش و لەقوڵایدا
وەک یەک بێت و جیاواز نەبن ئەوا ئاکامی ئەم کابینەیە باش نابێت و لەئایندەی نزیکدا
رووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە.