لە هەڵە چارەسەرکردنى قەیرانەکانەوە، بۆ دەرئەنجامە نەرێنیەکان؟
11/30/2022 5:33:00 PM
412 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
ئاشکرایە
لەم هەرێمەى ئێمەدا،کارەکتەرە باڵاکانى حیزبایەتى و حوکمڕانى،دەیان ساڵە بۆ کۆى
کێشەو ئاریشە و قەیرانەکان، بە قسەى
لابەلا،نەزانانەوچەواشەکارانە،دوور لە هەموو ئایدیا و بیروباوەڕێکى ژیانویستى و
ماف پارێزى و خۆشگوزەرانى تاک،لە هەنگاوەکانى بیر و کارە نەرێنیەکانەوە،بە تیرى
سالارێتى و کوتەکى بازرگانانى سیاسى،ڕەوایی دەدەن بە بەردەوامی ئازارە ڕۆحى وجەستەیەکانى
تاک بە تاکى ئەم نیشتیمانە تەنراوە بە قەیرانەکان.
ئێمە لێرەدا، لە تاریکستانى دەرئەنجامى هەڵەکانەوە،وەک هاندانێک بۆکردنەوەى کڵاوڕۆژنەو
بەنجەرەى ڕوانینە نیشتیمانیەکان و ڕۆشنکردنەوەى ڕێگا چارەسەرییە زانستیەکان،قسە لە
سەر ئەو شێوازە کۆن و کلاسیکی و کردار و دەرئەنجامە نەرێنیە باوانەى مامەڵەکردن
لەگەڵ قەیرانەکان دەکەین، پێش چوونە ناو کرۆکى باسەکەشمان،پێویستە ئەو ڕاستیەش
بڵێن،کە بەداخەوە زۆر لەو هەنگاو ڕێگایانە
تائیستاش بە ئەزمونێکى تاڵەوە،لێرەو لەوێ لە لایەن دەسەڵاتخوازانەوە،لە ژێر چەترى
سالارێتیەکاندا ، خوازیارانە بۆ بەرژەوەندیە کەسى و گروپ و دەستەکان جێ بەجێ
دەکرێن،هەر لە بەر ئەو چەواشەکارى، بەلاڕێدا بردن ، گوێپێنەدان و نازانیانەیە،کە
بە پێویستمانزانى لەم ڕێگەو شێوازە هەڵانە بدوێین،و بە دەسەڵاتداران و خوڵقێنەرانى
قەیرانەکان بڵێین،بەسە ئیتر خێوەتى بەلاڕێدا بردن و چەواشەکاریتان ببێچنەوەو، لێگەڕێن
تا بە بیر و پلان و بەرنامەى هەمووان،دڵسۆزان، ڕاستگۆیان ،پسپۆران،ئەکادیمان،شارەزایان
و ئەزمونداران،زامەکانى خەڵک و خاک ساڕێژ بکرێت.
ڕاستیەکى
سەلمێنراوە کە تا ئیستاش،بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان،بەشێوازە کۆن و کلاسیکییەکان،
هیچ دەرئەنجامێکى باش و ئەرێنیان نەبووە و نابێت،ئەو ڕێگە وشێوازانە کە هەر لەکۆنەوە
بۆ مامەڵەکردنێکى نادرووست و ناپێویست لەگەڵ قەیرانەکان بەکار هاتووە،لە خوارەوە گرنگترینیان
دەخەینەڕوو.
1- بەرپەرچدانەوەى بوونى قەیران :حکومەتى هەرێم هەر لە سەرەتاوە،وەک دەسەڵاتە مەرکەزیەکان و بەناو دیموکراتیەکان، بەرپەچى بوونى قەیرانەکان دەکات،و لە ژێر چەترى چەواشەکارى و دەستەمۆکردنى ئازادیدا ،ڕێگە نادات هەواڵى بوون قەیران و زانیارییەکان وفراوانى کاریگەرى و مەترسیەکان، بگوازرێنەوە بۆ ڕاى گشتى وخەمى گشتى لە سەر درووست بێت.
٢-خەفەکردن
و کوژانەوەى قەیرانەکە: هەر لە سەرەتاى ئەگەرەکانى ڕووداندا،هەوڵدانە بۆ شاردنەوەى
دەرکەوتەى قەیرانەکە ، ئەم جۆرە مامەڵە ڕاستەوخۆیە ڕێگرییە،لە تەشەنەنەکردن، لەناوبردن
وبەلاڕێدابردنى ناڕەزایەتیەکان لە سەرکاریگەرییەکانى قەیرانەکە،کت و مت وەک کار و
کردەوەکانى حکومەتە بەناو دیموکرات ودەسەڵاتدارە سالارێتیەکان،کە بۆ کوژانەوەى
قەیرانە، ئابوورى و کارگێریەکان، سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان،کەمى و خراپـى
خزمەتگوزاریەکان،کە ئاشکرابوونى کەمتەرخەمیەکان ،گوێپێنەدانەکان،نەزانینەکانن،دوور
لە هەست و سۆز و بەزەیی و مافى مرۆڤ،لەشەقامەکاندا بە بەکارهێنانى زەبروزەنگ ،ترس
و هەڕەشە،شەق و لێدان،گرتن و ڕاونان، کار بۆ ساردکردنەوە ولەکەدارکردنى
داواکاریەکان و لەبیربردنەوەى قەیرانەکان دەکەن.
٣-کەمکردنەوەى
بایەخ وکاریگەریەکانى قەیرانەکە:کارى بەکردارى دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکانە،کە هەوڵ
بۆ کەمکردنەوەى نرخ و بەها و کاریگەرییەکانى قەیرانەکە دەدەن،لەگەڵ ئەوەى کە دان
بە بوونى قەیرانەکەدا دەنێن،بەڵام بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەى کۆیلەکان و
ڕاگەیاندنە چەواشەکاریەکانەوە لە بایەخ و
پیرۆزیى و حەق بوونى ماف وداواکاریەکانى خۆشگوزەرانى نیشتیمانى کەمدەکەنەوە.
٤- بەتاڵکردنەوەى
قەرانەکە:ئەم شێوازە هەوڵدانە،کە بەخواستى دەسەڵاتەحیزبیەکان،ئاراستەى ناڕەزایەتى
لە سەر بوونى قەیرانەکە بە لایەکى تردا ببرێت ،بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەو مەترسیەکان
لە سەر پێگە سالارێتیەکانیان،تا بەتێپەڕبوونى کات ناڕەزایەتیەکان خاوبکەنەوەوقەیرانەکە
لە بیرخەڵک ببەنەوە،ئەمەش لەڕێى چەواشەکاریەکانەوە،بە تایبەت لەڕاگەیاندنەکانەوە ،بەو
بەرنامانەى کە تەنها بۆ کات بەسەربردنن و هیچ پەیامێکى ڕۆشنیرى کۆمەڵایەتى
لەخۆناکرن،وە ئەو بەرنامە بە ناوکارگێڕى و سیاسیانەش،کەخاڵین لە پەیامە کارگێڕى وسیاسیە
نیشیتمانیەکان،ئەم شوازە چەواشەکاریانە پانتاییەکى ترسناکیان لە کەناڵە کوردیەکانى
خۆمان گرتووە،کە تەنها بۆ مەشخوڵ کردن و بەلاڕێدابردنى چەماوەر کاریانکردوە،تا
فشارى ناڕەزایەتیەکان لە سەر دەسەڵاتە قۆرخکاریەکانیان کەمبکەنەوە،و ڕاستیەکان
لەکەدار بکەن و بە ویستە سالارێتیەکانیان شرۆڤەى ڕەوشە کێشەدارو قەیرانەکان بکەن.
ئەو هەڵوێست
وکار و کاردانەوە سالارێتیانەى،کە دژ بە هەنگاوە نیشتیمانى وزانستیەکانى
چارەسەرکردنن،و لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان دژ بە بەرژەوەندیە گشتیەکانن،دەرئەنجامیش
ئەو ئەنجامە نەرێنانەى لێکەوتەوە،کە ڕۆژ بە ڕۆژ بازنەى کۆى قەیرانە،سیاسى،ئابوورى،کارگێڕى،ڕۆشنبیرى،یاسایى
و کۆمەڵایەتیەکانمان لەفراوان بووندان،و بەردەوام لە ئیستاو ئایندەیەکى نائارام و
نادیارو ناڕوندا ژیان دەگوزەرێنین.