وتار

لەتوێژینەوەى قەیرانەوە، قسەیەک بۆ هونەرى بەڕێوەبردن

10/24/2022 8:27:00 PM 351 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح


ڕاستە پرسە سیاسى و ئابوریەكان ئاڵۆزن و زنجیرەیەكی لێكدانەبڕاون،بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵۆزیانە و بەڕێوەبردنێکى دروست و سەردەمیانە، پێویستە پەنجەرەی ڕوانینە چارەسەریەكان،بەشێوەیەک فراوان بن،کە پارێزەرى شکۆدارى خاک و خەڵک بن ،ڕاستە هەر ئاریشە وڕوداو وقەیرانێكی کارگێڕى،سیاسی ،ئابوورى و کۆمەڵایەتى،زیاتر لە مانایەک هەڵدەگرێ  و پێشینەی مێژویان هەیە و لە هۆكارێک زیاتریش دروستی كرد بن وهەندێک لە هۆكارەكانیش شاراوەبن ، ئەوە بۆ شرۆڤەیەكی زانستیانە بەردەوام پێویستمان بە شیكارێكی سیاسیانەی نیشتیمانیانە هەیە،کە لەم سەردەمى ئاڵۆزى وکرانەوە و بەئاگابوونە جیهانیەدا،لە بوونى پلانى کار و بازنەکانى هونەرى مامەڵەکردندابڕواى تەواومان بە چەمکى هەوڵاتیبوون هەبێت.

وەک چۆن لە ئیمرۆی كرانەوە و دیموكراتیەتدا (دابینكردنی هەموو هۆكارەكانی خۆشگوزەرانی ودامەزراندنی پایەكانی ئابوری و كارگێڕیەكی نمونەی بوونى باڵا)پێوەرن بۆ شكۆمەندی نیشتیمان و حوكمڕانیەكی سەركەوتوو،ئاواش شیكاری ڕووداوە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکان تێگەیشتنێكی وردە بۆ ڕەوتی کێشەوقەیرانەکان،و پەیبردنێکی ئەقڵانی  بۆ هۆكارو بەدواداچونەكان ، هەر پرس و ڕوداوێكیش كە شرۆڤە دەكرێت، دەبێت بە ڕونی و ڕاشكاوی و دور لە تەمومژ  سنورەكانی دیاری بكرێت،وپاشان ڕەگەزەكانی پرسەكە و ڕەهەندەكانی ڕۆشن بكرێنەوە،هەرشیكارێک کە گشتگیر و زانستیانەو سەردەمیانە ودڵسۆزانە بێت ،ڕۆشنتر كاریگەریان لە سەر پێگەكانی حکومەتدارى دیاردەبێت، و ساناتر دەبێتە دەستپێكی نەخشە ڕێگایەکى ڕوون.

كەواتا شیكارە سیاسی، ئابوورى، کۆمەڵایەتى وکارگێڕیەکان، چارەسەری عەقڵانی و لۆژیكی پرس و هەڵوێستەكانە،و بە دورە لە بڕیاری رەها و سەرپێی و لێكدانەوەی نازانستیانە ،وەک چۆن لە بەرامبەر دواكاریەكانی ماف دا (زمانی تۆڵە و هەڕەشە و ئاگرو لولەی تفەنگەكان) نیشانەی مانەوەی فۆرمە تەقلیدیەكەی سالارێتى حیزبایەتین،ئاواش نایاسای لە ناو یاسا و نادادی لە ناودادپەروەری وخیانەت لە ناو دڵسۆزی و گەندەڵی لە حكومتداری و بێ‌ مافی لە مافەكان و سەرهەڵدانى قەیرانەکان و مانەوەیان بێ چارەسەر سەلمێنەری سیاسەتی هەڵە و کەمتەرخەمى و چەواشەكارین.

لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە هونەرى کارگێڕى و بەڕێوەبردن،هەڵبژاردنى ڕێگە چارەسەریەکان وشێوازى مامەلەى گونجاوە، لەگەڵ کۆى پرس و ئاریشەو قەیرانەکان،کە لە بنەماکانى(پلان،ئامادەکارى،زانینى هۆکارەکان، سەلماندنى کاریگەریەکانەوە، سەرچاوە دەگرێت و ئەزموونى نوێ و فێربوونى نوێش دەهێنێتە کایەوە،لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هونەرى بەڕێوەبردن دڵنیابوونە لە چارەسەرکردن و دورخستنەوەى مەترسیەکان ودانانى سنورێکە بۆ زەرەرو زیانەکان و ڕێگریەکانیشە لە دووبارە نەبوونەوە و گۆڕینى هەڕەشەکانە بۆ دەرفەت.

زۆرن ئەو بیرمەند و توێژەر و زانا و شارەزایانەى،کە لە کۆى کایەکانى حکومەتداریدا،زانستیانە و سەردەمیانە، لێکۆڵینەوە و شرۆڤەیان بۆ بەڕێوەبردنى قەیرانەکان کردوە، لەم نووسینەدا ڕاوبۆچونى دوو کەسایەتى دیارى ئەو بوارە دەخینەڕوو.

لەڕوانگەى سیاسیەوە،توێژەرى ناودارى بەریتانى (ولیامز) بەم جۆرە بەڕێوەبردنى قەیران پێناسە دەکات:- گرتنەبەرى زنجیرە ڕێ و شوێنى ئامانجدارە،بۆ کۆنترۆڵ کردنى قەیرانەکان و دانانى سنورێکە بۆى،تاوەکو جڵەوى لە دەست دەرنەجێت.بۆ یە بەڕێوەبەرى کارزان و کارامە ئەو کەسەیە لە کاتى ڕوودانى قەیرانەکاندا گرنتى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى وڵات دەکات .

هەر لەم ڕووەوە دکتۆر ( محەمەد ڕەشاد حەملاوى)قۆناغەکانى بەڕێوەبردنى قەیران بۆ ئەم پێنچ قۆناغەى خوارەوە دابەش دەکات کەبریتین لە:-

١- قۆناغى ئاماژەکانى ئاگادارکردنەوە.
پێش ئەوەى قەیران ڕووبدات هەندێ ئاماژەو نیشانەى ڕوودانى هەیە،کە لەلایەن شارەزایانەوە هەستى پێ دەکرێت و ،دەکرێت لە ڕێگەى دانانى پلانى خۆپارێزییەوە،ئامادەباشى بکرێت بۆ ڕێگەگرتن لەڕوودانى قەیرانەکە.
٢-قۆنا‌غى ئامادەباشى.
لەم قۆناغەدا دانانى پلانى گونجاوى پێش وەختە،وسیاسەتى کارکردن وهەڵبژاردنى ڕێگەچارەى گونجاوە بۆ چۆنیەتى ڕوبەڕوبوونەوە لە ئەگەرى ئەگەرى ڕووداندا بۆ کەمکردنەوەى زیانەکانەکان.
٣-قۆناغى کۆنترۆڵکردنى قەیرانەکە.
لەکاتى پێویستدا بەپێى جۆر و قەبارەى قەیرانەکە پێداچوونەوە وگۆڕانکارى بە بەرنامەوپلانى پێشوودا بکرێت،یان ڕاستەوخۆ پلانەکە جێبەجێ دەکرێت،تا لەکەمترین کاتدا بەئاسانترین ڕێگەوکەمترین بڕى تێچوون وکەمترین زەرەرو زیان ،کۆنترۆڵى قەیرانەکە دەکرێت.
٤-قۆناغى گێڕانەوەى بارودۆخەکە.
ئەم قۆناغە ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکەیە،کەکارو چالاکیەکانى ژیان دەگەڕێنرێتەوە بۆ بارى ئاسای و سروشتى پێش قەیرانەکە، هاوکات هەوڵى چارەسەرکردن و قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەش دەدرێت
٥-قۆناغى فێربوون وسوود وەرگرتن لە ئەزموون.
بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە و دۆزینەوەى هۆکارەکانى ڕوودانى قەیرانەکان و دەستنیشانکردنى،کەمتەرخەمییەکان ،گوێپێنەدانەکان،هەڵەو کەموکوڕییەکانە،دواتر سوود وپەند وەرگرتنە لە شکستەکان و داڕشتنى پلان و بەرنامەى ئاییندەیە لە بوارى بەڕێوەبردنى قەیراندا،بەمەبەستى ڕێگەگرتن و کۆنترۆڵکردن لە ئەگەرى دووبارە ڕوودانەوەدا.
دوا ووتە، بەداخەوە لە‌مێژویىحکومەتداریمانەوە، نەزانانە،کەمتەرخەمیانە،نایاسایانە،نانیشتیمانیانە،قەیرانەکان بەڕێوەبراون ، هەر بۆیە مەترسیدارانە تووشى شپرزەیى سیاسى،کۆمەڵایەتى، ئابورى وکارگێڕى بووینەتەوە،بە کەڵکەبونى قەیرانەکان و فراوان بونى بازنەکانى گەندەڵی وچەواشەکارى، ئەم قۆناغیتەنگەژەو کێشەو بێمتمانەی و نائومێدیە تێنەپەڕى و تێشناپەڕێت.
.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ