زانست و ئەخلاقیەتى سياسى!
4/17/2021 10:12:00 PM
735 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح
لە کۆى
قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکانەوە هەتا ئيمڕۆش، بەردەوام زانستى سیاسى لە گەشەكردندایە،ئەمەش
بەرهەمى هزر و ديدگاى بيرمەندە ناودارە جيهانيەكانە،كە بەردەوام لە بازنەکانى
فەلسەفەى سیاسى،کە بیرکردنەوەیە لە سیاسەت، بە تێروانين و شرۆڤە و پەيامە
مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکانیان، لەژێر چەترى پێکەوەیى و یەکترقبوڵکردندا،كاريگەريان
لە سەر گەشە و مومارەسەى سيستەمە سياسیە جياوازەكان داناوە و دادەنێن،لەبەرهەمى
توێژینەوەكانى بيرمەندانەوە،زانستى سياسى لەگەڵ ئەخلاقى سياسيدا بون و دەبنە مەرج
بۆ گەيشتن بەپلەى نمونەيى بونى باڵاى فەرمانڕەوایەتى.
سياست لە بەرگە مرۆڤایەتى و
نیشتیمانەیەکەیدا،چەترى پاراستن و گەشەكردن و بنياتنانە،لێرەدا پێويستە ئەوەش بيرخەينەوە،كە
زانستى سياسى بريتيە لە (فكر و پەیوەندى وسيستەم) هەر يەک لەمانەش بۆ خۆيان لە
بازنەى پێشکەوتن وگونجاندن و پاراستنى بەرژەوەندى گشتیدا زانستێکى فرە ڕەهەند و
بەر فراوانن .
لە تێگەيشتنێكى ئەخلاقى وئەقڵانى سیاسەتەوە،لە
ژێر چەترى دیموکراتى ڕاستەقینە و چەمکى هاوڵاتیبوندا،بەباشترين جۆرى سيستەم ، دادوەريەتى
كۆمەڵايەتى،ئازادى، سەروەرى ياسا،گەشەى ئابوورى و حكومەتدارى دامەزراوەیى،بەكردار
دەكرێن و دەچەسپێندرێن
گرنگى
مومارەسەى زانستیانەو سەردەمیانەى سياسەتى نیشتیمانى،بۆ كارەكتەرى سياسى وەک گرنگى
هەناسەو گرنگى هەستەوەرەکانە بۆ مرۆڤ ،كەواتا لە سۆنگەى بڕوابون بە ئیستا و
ئايندەيەكى گەش،لە زانستى سياسەتدا(پەیوەندى وسيستەم و فكر) بۆ حكومەتدارى
بايەخدار و گرنگە،چونکە لێرەوە مومارەسەى پڕ بە واتایى چەمكى هاوڵاتیبوون و
ديموكراسى دەكرێت و شكۆمەنديەكانى خاک و خەڵک وحکومەت وحیزبەکانیش
دەپارێزرێن.
لەو
بیرخستنەوەیەى سەرەوەدا،دەگەینە ئەو ڕاستییەى،كە دەيان ساڵە لە غیاب و
بەلاڕێدابردنى فکر و ئەخلاقى سياسییەوە،لەم بەشە ئازادەى نيشتيماندا هەتا ئيمڕۆش
(ديموكراتى،چەمكى هاوڵاتیبون،دادوەرێتى، سەروەرێتى یاسا و ئازادى) تەنها دروشمى
بێكردار بووە، هەرکات لە تێگەيشتن و دنيا بينى زانستى سياستەوە،لە ڕەفتارو گفتارى
خوازيارانى سالارێتى و تاقمگەرايەتى وردبينەوە،ئەو كات هەموان لەو ڕاستيە تێدەگەین كە چۆن لە بەردەوامى دەيان ساڵەى ململانيە كەسى و حيزبيەكاندا چەواشەکارى و دەمامكدارى و ستەمكارى و سالارێتى )
بەرهەمهێنراون.
بۆ ئەوەى کۆى ڕەوشە
نەخوازراوەکان تێبەڕێنين پێويستمان بە ڕاستكۆييە لە فكرى سياسەتى نيشتيمانيدا،پێويستمان
بە گەڕانەوەى متمانەيە لە پەيوەنديە نيشتيمانيەكاندا،پێويستمان بە سيستەم و بە
نيشتيمانى كردنى كۆى پایەكانى حكومەتداريە،پێويستمان بە گەڕانەوەى ئيرادە، و هێنانەوەى
ئومێدە بۆ ئومێد بڕاوانى نيشتيمان،تا كۆتايى بە تەمەنێک لە بوغز و ڕق و قينى کەسى
وحيزبى بهێنرێت ، تا ئازادى و ديموكراتى وكۆى مافەكان لە بازنەكانى وەهم و درۆدا دەربهێنرێن
و،ئيتر نەڵێين ئاى نادادى و نائارامى و ناڕونى و ناتەباى چ ئازارێکى کەمرشکێنن لە فكرى سياسى و بيرى نيشتيمانيبوندا.
لە ئیستادا کە لە
برى مومارەسەى زانستى سیاسەتى نیشتیمانی ،بازنەى بەرژەوەندیە حیزبى وکەسیەکان لە
فراوانبونێکى ترسناکدان، ئێمە دەپرسین، وحەق کارەکتەرە سیاسیەکانى دوێنێ و بەناو
پێشەنگەکانى ئیمڕۆش،لە خۆیان بپرسن ئەرێ بە بيرى
سالارێتى و فكرى تاقمگەرایى و ڕەوايدان بە گەندەڵى و تاڵانكارى و بایاساى کردنى
نایاسایەکان و بە نیشتیمانى کردنى کۆى کارە نانیشتیمانیەکان،چگە لە بۆنى خوێن و
مانەوە لە بازنە داخراوەكاندا چى تر بەرهەمهێنرا؟!