وتار

لە برى بیرەوەریەکان و حەزە سالارێتیەکاندا؟!

9/27/2020 9:16:00 AM 967 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

نەک هەر بەشێکى زۆرى هاوڵاتیان ،بەڵکو زۆرینەیەکیش لە لایەنکران و ئەندامانى حیزبەکانیش لەو ڕاستیە تێگەیشتوون کە ئەوەى بەرپرس و کارەکتەرە باڵاکانى حیزبەکان دەیڵێن سەبارەت بە (ئازادیى و دیموکراسى و ڕێزگرتن لە مافەکان و سەروەرى یاسا و شکۆدارى خاک و خەڵک و بەنیشتیمانیکردن وچەمکى هاووڵاتیبوون و دادوەرێتى کۆمەڵایەتى وپیاهەڵدانى کوردایەتى و فکر و ئایدیاکانیان تا دەکات بە گێڕانەوەى بیرەوەریەکانیش).

جگە لە قسەى بریقەدار بۆ ڕووپۆشکردنى هەڵەکان و نەزانینەکان و خەمساردیەکان و خۆ بە پاڵەوانکردن و ناشیرکردنى یەکترى و  مانەوە لە سەر سفرەى سالارێتیە جۆراوجۆرەکان ، هیچ شتێکى ترنیە. ئێمە  لە تەمەنى حکومڕانیى خۆماڵیمانەوە لە ڕوشێکى بۆ ماوەیى و نا ئامادەیى و نا پەروەردەییەوە،هەر بە درۆ خاوەنى هەموو سەروەریەک و هەموو خۆشگوزەرانیەکى  نیشتیمانین، بە درۆ ئازادین بە درۆ سەربەخۆین و هەر بە درۆ ژیاوین ودەژین، درۆکان لە شێوازى حوکمڕانى، درۆکان لە ئاشتبوونەوەى نیشتیمانى و درۆ لە کاری پێکەوەیى و یەکترقبوڵکردن و شاردنەوەى ڕاستیەکان ،تا لە کۆى کایەکاندا درێژەدرا بە چەواشەکاریەکان و  ناڕونى  و نا ئارامیەکانیش فراوان و فراوانترکران،دواجار لە دەرەوەى چەمکەکانى ژیان ویستى،لە کۆى کایە (سیاسى و ئیدارى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکاندا ) نا ئومێدبوونەکان لە نەگەیشتن بە خۆشگوزەرانیە نیشتیمانیەکان ،پەردەیان لە سەر کۆى درۆکان هەڵماڵى و بوونە سەلمێنەرى ئەو ڕاستییەى کە لەم نیشتیمانە زامدارەماندا بێنرخترین شت لاى حیزبەکان و کارەکتەرە خۆ بە پاڵەوان زانەکان شکۆدارى خاک و خەڵکەکەیەتى بە یەکگرتوویى،کە لە ئیمڕۆشدا وەک سەردەمى خەباتى شاخ  سنورى نیشتیمان تەنها سنورى قەڵمڕەوى حیزبەکان بێت،و کە حیزبەکان و کەسایەتیە دەستڕۆیشتوەکانیش  تەنها دۆست و لایەنگران و خزمەکانیان بە چەماوەرى کوردستان  بزانن، کە بەناو پێشەنگەکانیش تەنها بە قسەى بریقەدارى بێکردار خولیاى خۆ بە پاڵەوانکردن بن،ئەمە نەک هەر بە تەنها واتاى مانەوەیە لە ڕەوشى چەقبەستوویدا،بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ دواوە و سلمێنەرى ئەو ڕاستییە کە بەدرێژایى مێژوومان فاکتەرە ناوخۆیەکان  لە فاکتەرە دەرەکیەکان کاریگەرانەتر هۆکارى مانەوەمان بووە لە بازنە داخراوەکاندا .

.
پێش هەر خوێندنەوەیەک بۆ بیرەوەرى سیاسى و سەربازى ،وەک چۆن مێژوو تۆمارى کردووە،پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت، کە لە دونیادا هیچ هیزێکی ئاینی و حیزبی و سیاسی نییە،کە لەکاتی خەباتدا خاوەن  بەرنامەی خۆى نەبوبێت، بە دڵنیاییەوە  لەپێناو مانەوەشدا، ململانێ و جەنگ ڕوویداوە،لە جەنگیشدا ترس و هەوڵدان بۆ دەسەڵات بەرگری درووست کردوە،ولەو پێناوەشدا قوربانی بەخشراوە.                                                                                                                                                                             لەو بیرخستنەوە مێژوییەى سەرەوە ،کە لە خەباتى چەکداریەوە ڕوودەدات، دەمەوێت بگەین بەو ڕاستیەى کە پێویستە لە قۆناغى دواتردا کە قۆناغى دواى شەڕ و گەیشتنە بە دەسەڵاتداریەتى،ئەو قۆناغەى پێشتر تێبپەڕێنرێت،کێشەى ئەم هەرێمەى ئێمە لێرەوە دەست پێدەکات،کە تا ئیمڕۆش بەکردار و ڕاستگۆیى نیشتیمانیانە،قۆناغى خەباتى شاخ و شەڕى ناوخۆ و سەپاندنى هەژمونى حیزبى و کەسى و سالارێتیەکان ودژایەتى یەکتریمان تێنەپەڕاندوە، ئەمەش ئەرکە ڕاستەکەیە کە پێویست بوو بەڵام نەکراو هەر لە سەر فۆرمە تەقلیدیەکە ماینەوە،بەڵام ئەوە ڕاستى بەردەوامى ژیانە کە قۆناغ دواى قۆناغ ڕابردوو بە ڕوداو و کارەکتەرەکانیەوە دەبن بە بەشێک لە مێژوو،نەک لە بازنەى سەپاندنى سالارێتیەکان و بەردەوامدان لە ڕوگەشکاریەکان و هەڵخەڵەتاندنى سیاسیدا، لە بازنەى قۆناغەکانى ڕابردوودا بمێنینەوە،کەواتا پێویستە قۆناغى نوێ بە ئەجەنداى کارى نوێوە دەست بێبکات،ئاخر ئەوە ستەمێکە لە ئیستاو ئایندەى خۆتان و نیشتیمانى دەکەن،کە بە ئەنجداو بەرنامەى نوێوە کار بۆ قۆناغێکى نوێ نەکرێت،ئاخر ناکرێت هەر لە ڕابردوودا بمێننەوە،ئەوەتا بە شێوازێکى هێندە ترسناک لە نێو خەرقى بوغز و ڕق و قین و بۆنى خوێندا ماوینەتەوە،کە هەر کەسە و تاقم و دەستەو حیزبێک ،کۆى سەرکەووتن و نشوستەکان لە خۆیانەوە  بۆ خۆیان بە سەرکەوتن تۆماردەکەن و دەیکەنە ئەمرى واقیع بەسەر خەڵکەوە،ئاخر کە حیزب و تاکە دەستڕۆیشتوەکان هەر لە هەڵپەى خۆدەوڵەمەندکردن و خۆ بەپاڵەوان زانیدا بن، ئەمە خود پەرستى و سەپاندن سالارێتى نەبێت چى ترە؟ ڕوداوەکان کاتێک دەبنە مێژویەکى جوان و ڕاست و دروست کە  کەسانى بێلایەن بینووسنەوە، نەک مێژوویەک کە بە ئارەزوومەندانەى حیزبى و کەسى و لە بازنەى خود پەرستى و زاڵخوازێتی و خۆ بە پاڵەوان کردندا بنووسرێتەوە ،لەوانەیە لە نیشتیمانە هەژارکەوتوەکەماندا،لاى کەمینەیەک بەشێک لەو ڕووداوانەى دوێنێ و ئیمڕۆ بە دوو هۆکارى (ترس و وەرگرتنى پاداشتى مادى و مەعنەوى) وەک مێژوو سەیر بکرێن،بەڵام حەقە لە خۆشتان بپرسن،ئایا لە ئایندەدا و لە قۆناغێکى نوێدا، کە لە دەرەوەى ویستى  سالارێتى کارەکتەرەکانى ئیمڕۆدا بێت، چ شرۆڤیەکى مێژووى بەڕەوشەى شێواوەى هەردوو قۆناغى خەباتى شاخ و شارمان دەبەخشرێت؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ