وتار

تەکنیکەکانى بەڕێوەبردنى قەیران

11/10/2022 1:40:00 PM 565 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

سەرەتا پێویستە هەموان،و تایبەتتر کاربەدەستە باڵاکانى کۆى دامەزراوە حکومیەکان،و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى،ئەو ڕاستیە بزانن،کە لە بەڕیوەبردنى قەیراندا،سروشتى یان دەستکرد،سەربازى یان مەدەنى،بەئەنقەست یان بێ ئەنقەست،جیهانى یان ناوچەیی،و لە هەر بوارێکـى سیاسى،کارگێڕى، ئابوورى،کۆمەڵایەتى،تەندرووستى،پەروەردەیى وڕۆشنبیریدا بێت،لەئەگەرى پێش ڕوودان و لە دەرئەنجام و کاریگەریەکانى دواى ڕوودانیش،خاڵى بەهێز و لاواز هەیە،و بەلێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان،لە بازنەکانى کار و چالاکى بەرهەمداردا،دەبنە هەوڵ و دەرفەت لە بەردەم چارەسەرکردن و نوێبوونەوە وگەشەکردن ،دیارە لە بەرامبەر ئەمەشدا لە بەردەوامى ،کەمتەرخەمى،گوێپێنەدان و نەزانینەکاندا،هەڕەشەو مەترسى هەیە،کە دەبنە ڕێگر و لەمپەر لە بەردەم بەرەو پێشچوونەکاندا.             
لێرەدا ئەوەش بیردەخەینەوە،کەپێویستە کۆى کارەکتەرە بڕیار بەدەستە سیاسیەکان، کارگێڕیەکان،یاسایەکان،کۆمەڵایەتیەکان وسەربازییەکان، پەروەردەکراو،تەکنۆکرات و نیشتیمانى بن،و لە تەمەنى فەرمانڕەوایەتى و هۆشیارى کۆمەڵایەتیاندا،فێربووبن ،کە لە هەر زیانێک ئەزمونێکیان وەرگردبێت،وەک کوردەوارى دەڵێن،لە هەر زیانێک ئەقڵیک،وگرنگ کەوتن نیە،بەڵکو گرنگ هەستانەوەیە،کەواتا پێویستە بە مامەڵەى دروست و واقیعبینانە و پاڵپشت بە زانیارى وورد لە بەڕێوەبردنێکى شایستەدا کار بۆ هەستانەوە بکرێت،کە لەکۆى کایەکاندا هەڕەشە و مەترسیەکان بگۆڕدرێن بە دەرفەت،بە نموونە لەکایەى سیاسەتدا،بۆ یەکڕیزى وتەبایى،لەکایەى کۆمەڵایەتیدا بۆ بەخۆداچوونەوەو هەڵکشان بەرەو لوتکەبوونى کەسایەتى،لەکارگێڕیدا بۆ بووژانەوە و گەشەکردن،لە ئابووریدا بۆ دابینکردن و هەرزانى و باشکردنى گوزەرانى تاک،لەیاسادا بۆ وەک یەکى بوون و بەکردارکردنى سەروەرێتى یاسا،ئاشکراشە کە بەسیستەمدارى نیشتیمانیبوون،دادوەرێتى کۆمەڵایەتى، بنبڕکردنى گەندەڵى،پلاندانان بۆ ئاشتى ،بنیادنان و پێشخستن،شکۆ بۆ شکۆداربوونى خەڵک و خاک دەگەڕێنرێتەوە.

لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە بە زانستیانە و ڕاستگۆیانە هەلـەکان دەقۆزرێنەوە و سوودیان لێوەردەگیرێت، نەک بە پینەو پەڕۆو بەڕێکردن کە هیچ دەرئەنجامێکى نەبووە و نابێت.بە کورتى بۆ هەرچۆرە قەیرانێک پێویستمان بە بەڕێوەبردنێکى درووستە کە بتوانێت:

١-هەوڵى ڕێگرییکردن لە ڕوونەدانى قەیران بدات.
٢-لە کاتى ڕووداندا بە کەمترین کات و قوربانى و زیان،کۆنترۆڵى قەیرانەکە بکات.
٣-لە دواى ڕوودان و ئاساى کردنەوە،وەک وانەیەکى ئەزمونداربوون سوود لە هەلەو کەموکوڕیەکان وەربگیرێت.
بۆ زیاتر ڕونکردنەوەى هونەرى بەڕێوەبردن،لەخوارەوە و لە چوار خاڵدا،تەکنیکەکانى مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانداڕوون دەکەینەوە،کەچەند شێواز و ڕێ وشوێنێکى تایبەتن، بۆ کۆنترۆڵ کردنى قەیران،و پێویستە لە لایەن حکومەتێکى نیشتیمانیەوە کە لە خەمى ئیستاو ئایندەدابێت بە کرداربکرێن.

١-داواى لێبووردن:
دەروونناسان و پەروەردەکاران و مرۆڤدۆستان،ووتویانە کە مرۆڤ بەداواى لێبووردنەوە جوانە و گەورەدەبێت،ئەو بۆچوونەش بۆ کۆى دامەزراوەکانى حکومەت ڕاست و پێویستە،کە لەکاتى ڕوودانى قەیراندا،هەلەوکەموکوڕیەکانى خۆى دیارى بکات و بەئامادەکارییەوە داواى لێبووردن لە هاونیشتیمانانى بکات.

٢-چارەسەر:
ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێن،هیچ کارێک بێ هەڵەوکەموکوڕى نەبووە و نابێت،بەڵام لەوە ڕاستترودڵنیاتر ئەوەیە،کە هەموو گرفت و ئاریشە و کێشەو قەیرانێک چارەسەرى هەیە،کەواتا بۆ حکومەتێکى کاراو پارێزەرى پەرژەوەندى گشتى،پێویستە بە پلان و بە کردار قەیرانەکان چارەسەر بکات،لەهەموو دواخستنێکى چارەسەرییانەدا،مەترسیدارانە قەیرانەکان تەشەنە دەکەن، وەک ئیمڕۆى لە مەڕ ئێمە ،دەبنە کۆ نەخۆشیەکى درێژخایەن و تەواوى جەستەى حکومەت دەگرنەوە.

٣-چاکسازى :
هەموو کارو بەڕێوەبردن و بڕیارێک پێویستى بە بەردەوامى، نوێبوونەوە،پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوە هەیە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە ڕاستکۆیى، دڵسۆزى و دڵنیاییە ،بۆ چارەسەرى هە رکەموکورتى، کەمتەرخەمى، گوێپێنەدان و لادان و نەزانینێک ، چاکسازى بەکردار سەرلەنوێ دەبێتەوە داینەمۆى نوێبوونەوە ودەربازبوون لە دۆخى چەقبەستوویی، بەداخەوە بۆ دەربازبوون لە کۆى قەیرانە درێژخایەنەکانمان دەمێ ساڵە ئێمە هەرخاوەنى دروشمى پاکسازى و چاکسازى بێ کردارین،چەند بارە ئەو ڕاستیە دەڵێینەوە،هەتا قەیرانەکان کەڵکەبن وچاکسازى و پاکسازى نەبێت بە کردارى بەرهەمدار،حکومەتداریمان هەر خولانەوە دەبێت لە نێو بازنە داخراوە تەنراوەکان بە گەندەڵى و نا دادى و نائارامى و ناڕوونى و تەشەنەکردنى کردارە نانیشتیمانى و نامرۆڤایەتیەکان.

٤-قەرەبووکردنەوە:

لە دواى کەوتنەوەى زیانەکانى هەر کارەسات و قەیرانێک،سروشتى یان دەستکرد،سەربازى یان مەدەنى،بەئەنقەست یان بێ ئەنقەست،لە هەر سنورێکى جوگرافیدا،کەزیان بە سەرخان و ژێرخان بگەیەنێت،لەسەر حکومەتە کە بەفەرمى و بەئاشکرا، قەرەبووى ماددى و مەعنەوى زیانلێکەوتوان بکاتەوە.
لە تەمەنى حکومەتداریمانەوە،لە بازنەى فاکتەرە دەرەکى و ناخۆیەکانەوە، بەردەوام گرفت و ئاریشە و کێشەو قەیرانەکان،بوونە بەشێکى دانەبڕاو لە ژیانمان، بەداخەوە لە بازنەى سالارێتیدا،کارەکتەرە بازرگانە سیاسەکانمان ،چەواشەکارانە و پۆپۆلیستانە، هەر خاوەنى گڤتارى زۆرى بێکردار بوون، هەر بۆیە لە کۆى قەیرانەکاندا،نەتوانرا،نەویسترا،نەزانرا،تەنها قەیرانێکیش چارەسەر بکەن،هەر بۆیە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بازنەى قەیرانەکانمان لە فراوانبووندا بوون و دەبن. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ