لە نێوانى عاتیفەو شۆڕشگێڕیدا !!
5/20/2021 3:27:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح
ئەوەى ئیمڕۆ لە نێو کۆى ناڕوونى و نائارامى و نادادى و دژایەتیەکانەوە دەگوزەرێت،بەردەوامى خولانەوەیە لە بازنە داخراوەکاندا ،لە ئاشکراو نەهێنیدا ڕەوشێکى لێوان لێو لە نا پەروەردەیى و سەپاندنى سالارێتیەکانە،لە بەردەوامى چەواشەکارى و بێمتمانەى و بێمنەتبونەکانیشەوە،فراوانکردنى بازنەکانى هەژارکردنى کۆمەڵگایە.
لە بەردەوامى ئەم سیاسەتە سواوە نانیشتیمانی و نازانستی و ناسەردەمیانەوە، بازنەى سالارێتیەکان فراوانکراو،تۆوى دووبەرەکى بەرهەمهێنرا،ورۆژ لەدواى رۆژیش ڕقە ناوخۆیەکان بە بۆنى خوێنى حیزبایەتى و کەسیەکانەوە،گەشەیان پێدراو پێدەدرێت،بۆ ئەم ئازار و خەمەى نیشتیمان،بەپێویستمزانى لە شرۆڤەیەکى زۆر کورتى عاتیفەو شۆڕشگێڕیەوە،بچینە نێو کرۆکى بابەتەکە.
* کەسانى عاتفى،کە زۆرینەى تاکە بەشمەینەتەکانى نیشتیمانن،عاتفیانە دواى ڕوداوەکان و ویستى پێشەنگە سیاسیەکان دەکەون ، بۆ خۆیان بنچینەى هێزیان لاوازە و زوو بڕیار دەدەن،چونکە کەسانێکن بناغایەکیان نیە بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان،لەگەڵ ئەوەى لەڕوداوەکانى ڕابردوودا ماونەتەوە لە ئیمرۆشدا زۆر بە حەماسەوە داواى ماف و ئامانجە دیارى بۆکراوەکانیان دەکەن، لە بازنەى بەرژەوەندى کەسانى تردا لەگەڵ ڕوداوەکان بڕیاردەدەن، لە داواکاریەکانیاندا بەرچاویان ڕون نیە،هەر بۆیە بە ویستى ویستراوانیان هەڵدەچن و هەر زووش دادەمرکێنەوە ،دەرئەنجامیش بوون و دەبنە قوربانى بۆ کەسانى تر ،
* کەسانى شۆڕشگێرى نیشتیمانى، لەگەڵ ئەوەى کەمینەن،وگوێیان لێناکیرێت، لە پرسە نیشتیمانیەکاندا کۆڵنەدەرن،بنچینەیان ڕۆشنبیریەتى گشتى و کارى پێکەوەیى و یەکترقبوڵکردنە،دووربینن لە خەمى ئیمڕۆ و سبەیدان، بە بەرچاو ڕوونیەوە هەوڵدەدەن ،بەئومێدەوە بۆ ئاسۆکانى بەرژەوەندى گشتى دەڕوانن،بەر لەوەى هەر هەڵوێست وڕوداو دیاردەیەکى نەخوازراو و نەشیاو لە کۆمەڵگادا ڕووبدات،ئەمان بەردەوام شەڕى ڕەوشى پێش ڕووداوەکان دەکەن،تاحالەتەکان نەبنە دیاردە،و بازنەى نامرۆڤایەتى و نانیشتیمانیەکان فراوانترنەبن و شکۆدارى خاک وخەڵکیش زیاتر نەکەونە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکانەوە.
لەکاتێکدا کە هزرى شۆڕشگێڕى لە قۆناغى کرداریدا،تەواوکارى ئامانجە مرۆڤایەتى و نانیشتیمانیەکان بێت،ئەوە بۆ بە ئامانج گەیشتن و نەگەیشتنى هزرو ئەندێشە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکان هەموو پێوەرەکان لەسەر تاک و کۆمەڵگەیە، ئەوەتا لەلاى ئێمە بە هۆکارەکانى عاتفە و بەژەوەندخوازى و سەپاندنى ترس و کۆیلەکاریەوە، ئەو هزرە لاى زۆرینەى تاکەکانى کۆمەڵگابونیان نیە،تا ڕۆنتر و شیاوانە بڕیاربدەن،سەلماندنى ئەو ڕاستیەش لەخوێندنەوەى نائومێدیەکانى ئیستاوە دەسەلمێنرێت،بەتێپەڕاندنى کاتیش ترسناکیەکانى ئەم ڕەوشە کە بەردەوام دووبارەبونەوەى مێژوویەکە، لە بۆنى خوێن وشکست و لێکترازان کاریگەرتردەبن.
دەمێ ساڵە بە دەستەمۆکردنى ئازادى و چەواشەکارى و کەمەکانى بەناو دیموکراسى و لە بەردەوامى درۆ، دزى،نا دادى، ناڕونى و نائارامیەکانەوە،بازنەى سالارێتیەکان فراوانتر دەکرێن،و مەبەستدارانە حەز و خولیاکانى هاوڵاتیبون و هاونیشتیمانیبون بەڕێژەو تێگەیشتنى جیاواز بەرەو نەمان و بیرچوونەوە براون و دەبرێن،لەو ڕەوشە بە ناو نیشتیمانى و مرۆڤایەتیەدا، ئەوەى بەرهەمهێنراو سەپێنرا ڕقە، لاى زۆرینەیەک لە تاکەکانى کۆمەڵگا و تایبەتتر لاى پێشەنگە بەناو نیشتیمانى و بەناوسیاسى و بەناوکۆمەڵایەتیەکان، لە باڵاکردنى ڕقە ناخۆیەکانەوە کۆى پیرۆزى و بەهاکان یەکسان کراونەتەوە بە سفر.
بەداخەوە لە فراوانکردنى بازنەکانى بیرى یەکترشکاندنەوە، هەستى هاوڵاتیبوون و ڕق لە داگیرکەرانى نیشتیمان،لە بەرداشەکانى حیزبایەتیدا،لە بێبایەخکردن و لەخانەى لەبیرچوونەوەدان،بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو ناهاوسەنگیە لەپێش هەمووانەوە پێشەنگە سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان پێویستیان بە فێربوونە لە وانەى ئەخلاقى سیاسیدا، هەنگاوى یەکەمیش وازهێنانە لە چەواشەکارى و دەستەمۆکردنى ئازادى ودەمامکدارى دیموکراسى.
ئەگەر بەردەوام (پێشەنگ وکەسایەتیە سیاسى،ئاینى،کۆمەڵایەتیەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان ومامۆستایان و........هتد) لە بازنەکانى بوغز و قین و ڕق و بێویژدانیدا بن،و درۆزنانە سۆز و عاتفەى تاکە بەشمەینەتەکانى نیشتیمان بۆلاى خۆتان بەرن،تا زیاتر ئەسپى سوارچاکى سالارێتییان تاوبدەن،ئەوە بێشک زیاتر لە ڕابردووەکانمان غەدرێکى مرۆڤایەتى و خیانەتێکى نیشتیمانى گەورەتر لەلاپەڕەکانى مێژوودا تۆماردەکەن