وتار

له‌ ڕۆژى جیهانى منداڵاندا،خەمێک لە بێخەمیەکاندا

5/28/2021 9:32:00 PM 942 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حەمە ساڵح

 


لە کاتێکدا كە كاركردن بە منداڵان بەپێى ( بەڵگە نامە نێو دەوڵەتیەکان ،لە مافەکانى منداڵان و مافى مرۆڤ و بڕگەى تایبەت لە ياساكانى كاركردن ) قەدەغە كراوە، هەروەها كارو چالاکیەكانى ڕێکخراوەكانى تايبەت بە منداڵان و پەیامەكانى (پەروەردە و تەندرووستیش،لە پێناو پاراستن و دەستەبەركردنى مافەكانى منداڵان،هەروەها لە ڕۆژى جيهانى منداڵانيشدا بۆ ماوەى هەفتەيەک كەمتر يان زياتر نووسراوەكانى سەر( شاشەى تەلەفزوێنەكان و سايتە ئەلەكترۆنيەكان و ڕوبەرى ڕۆژنامەكان) و پەيامە ڕادیۆكانيش كاركردن بە منداڵان قەدەغە دەكەن،سەرجەمى ئەو پەيامانە تەريب نين لەگەڵ خەمى،خێزانە هەژارو کەمدەرامەتەكان،کە لە پێناو دابينكردنى بژێوى ڕۆژانەيان بە ناچارى منداڵەكانيان دەخەنە بەردەم كاركردن،ئەمەش بەڵگەى بوونى جياوازى چینایەتى یە.       

لەم حکومتدارە ناسیستەمداریەدا،وەک هەر ڕەوش و دیاردە و کایەیەکى تر،لە بەر نەبوونى ئامار ناتوانرێ بە ژمارە دياربخێت كە چەند منداڵ خراونەتە بەر كاركردن،(فرۆشيارانى پاکەت،جگەرە،چەرەسات،ساردەمەنى وعەلاکە،هەروەها دوكاندارى ،بەقاڵى ، بۆياخچێتى،حەماڵى،كرێكارى و شاگردى لە پیشەكانى وەک (ئاسنگەرى،فيتەرى،چايخانە وچێشتخانە)،ئەمانە و دەيان كارى تر بۆ دابينكردنى بژێوى  ڕۆژانە،لە سەرماو گەرماى وەرزەكانى ساڵدا،كارى منداڵ و مێرمنداڵانى خێزانە كەمدەرامەتەكانە.

منداڵان لە خۆشيدا لە شوێنە گشتیەکان و لە سەر شەقامەكان كار ناكەن بەڵکو ژيانى سەختى خێزانيان ناچارى كردوون كاربكەن ، ئاى چ بارێكى دەروونى گرانە، كەوانەكانى ژيان بەر لەوەى منداڵانى ئيشكەر فێرى ئاسودەیەکان و خۆشیەکانى ژيان بكات، لەبازنەى سەپاندنى سالارێتیەکاندا،فێرى سەختيەكان و ئازارەكان و جياوازييەكان و نادادیەکان و نا ئارامیەکانیان بکات.                   

 كاركردن بە منداڵان دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسيارەى كە بپرسين،ئايا دوا ڕۆژى ئەو منداڵانە چۆن دەبێت ؟ ناڵێين هەموو بەڵام بەشێكى ئەو منداڵانەى كار دەكەن لە ئيستاو ئايندە دا تووشى توندوتيژى و لادان دەبنەوە، فێرى شتگەلێكى خراپ دەبن،ڕوبەڕوى ئازاردانى دەروونى دەبنەوە هەر لە ( ترساندن و گۆشەگیرى و هەڕەشەى جەستەيى و سوكايەتيپێكردن و جنێودان ولێدان و چەوسانەوە و ...هتد)،ئەو منداڵانەى كەلەبەر نەبوونى بەشێک لە ئەركى بەخێوكردنى خێزانيان كەوتۆتە سەر شان كاتێک خۆيان بەراورد دەكەن،لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان،کە ئەوان لە تێرى و خۆشگوزەرانیدا،چۆن لە ساتە زێڕین و خۆشیەکانى جیهانى منداڵیدا دەژین ،ئاى چ هەستێكى پڕ ناسۆر و ساتێكى پڕ دابڕان و نائومێديە كە لەو ديو ديوارەكانى جياوازيەوە،منداڵانى ئيشكەر خۆيان دەبينن،كە چەندە دوورن لە خەونە وەنەوشەيى وزێڕینەكانى دنياى منداڵیەوە، ئەم بيركردنەوەيە لاى مناڵە بەش مەينەتەكانى وڵاتەكەم،بە وێنەى گەورەکانیان لە میحنەتەکانى نەبوونى ونادادى و نائارامیەکانەوە دەبێتە هۆكارێک بۆ ئازارە ( ڕۆحى و دەروونى و جەستەیەکانیان).       

  لە بەردەوامى ڕەوشە نانیشتیمانى و نامرۆڤایەتیەکانەوە، بە وێنەى گەورەکانیان دابڕان و نامۆبون وخەمباربون ڕوخسارو دەرونيان دادەكرێت،دووبارە ناڵێين هەموو بەڵام بەدڵنياييەوە بەشێكيان كە گەورەدەبن ،لە چەقبەستووى و ناپەروەردەیەتیدا وەک زۆرینەیەک لە نەوەکانى پێش خۆیان، بەردەوام لە دەرەوەى چەترى چەمکى هاوڵاتیبووندا،دەبنە خاوەنى كەسايەتيەكى شێواو.

ئایا نیشتیمانە زامدارەکەم بۆ هەر دیاردە و کێشەو گرفتێک،کە دێینە سەر چارەسەر،ئەو ڕاستیە خەم هەژێنە ئازارمان دەداتەوە ،کە حکومەتەکەى لە مەڕ ئێمە بەدرێژایى تەمەنى،خەم هێنەر بووە،نەک خەم ڕەوێن، هیچ کام لە کێشەو ئاریشە نیشتیمانى و مرۆڤایەتیەکانى پێچارەسەر نەکراوەو ناکرێت،هەر بۆیە لەبرى چارەسەر،لەکۆى کایەکاندا بەردەوام ژیانمان خولانەوە بووە لە نێو بازنە داخراوەکاندا،ئەمەش بۆ خۆى گرفتە گەورەکەى ئەم گەلە بەش موردەیەمانە.

لە هەنسکى سۆزى نیشتیماندا،ديمەنەكانى كارپێكردنى منداڵان وەک کۆى کێشە و ئازارەکانى ترمان پڕ خەمن،ئاى کەچى خیانەتێکى گەورەیە، لە حوکمڕانى خۆماڵیدا( بێ سۆزى و هێنانەکایەى جياواز لە مافدا بەرامبەر بە هاونيشتيمانان بكرێت)،چۆن مایەى نیگەرانى نابێ کە سبەى ئەوان گەورە بن و بەهەمان دیدى بێسۆزییەوە تەماشاى کۆمەڵگا بکەن،دوا ووتەش لەم ڕۆژە جيهانیەدا وەک زۆرێک لە وتارەکانى ڕابردووم،دەڵێم ئه‌فسوس له‌ بازنه‌كانی‌ سیاسەتبازى بازرگانى و سالارێتیى و گه‌نده‌ڵیدا ،نیشتیمان گیرۆده‌ی‌ باری‌ قورسی‌ گوزه‌ران كرا،ببورن ئەى ماندوەکانى نیشتیمان،کە دەڵێم لەم یادەشدا جگە لە پرۆزکردنێکى ڕووکەشانە ئومێدێک بۆ دەستەبەرى مافەکانتان نابینرێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن