354وتار

داواى لێبوردن و گەردن ئازادى بۆچى؟!

4/19/2023 12:01:00 PM
ئەحمەد حەمە ساڵح

لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان،ڕەوشە سیاسى و کایە کارگێڕیەکاندا،ڕۆژانە و تایبەتتر لە بۆنە ویادە ئاینى،نیشتیمانى وجیهانیەکاندا، لەبازنەکانى پێکەوەیى و بەناویەکترقبوڵکردندا،لاى زۆرینەیەک بەڕاستگۆییەکى کەم ئاگایانە یان ڕووکەشیانەى ناچاریانە یان چەواشەکاریانەى پۆپۆلیستانە،بوسەلماندنى بەهاى پیرۆزیەکان و نرخى شکۆداریەکانى خەڵک وخاک،ووشەکانى پیرۆزە ،گەردن ئازادى،داواى لێبوردن،هاوشادى و هاوخەمى،بۆ متمانە و نواندنى دڵسۆزى دەوترێن و بەکاردەهێنرێن،لەو کاتانەدا کە ئەو ووشانە پەیوەست وپێویستن بۆ ووتن،ئەوا پێویستترە،کە بە کردار،ڕاستگۆیانە و بەردەوامیانە بوترێن،تا بایەخدارانە لە پێکەکانى مرۆڤایەتیدا،کە سادەیی،لێبووردەیی و بەخشندەییە جێى خۆیان بگرن.

لەکۆى کایەکانى ژیاندا،ئێمە تائیستابە ڕێژەیەکى بەرزى ئومێدبەخشانە،لەپێگەى شکۆداریەتى مرۆڤ ونرخ و بەها پیرۆزەکانەوە ،لەبازنەى هاوڵاتیبونەوە،لە ڕەخنەى بنیادنەرانە،بەرژەوەندى گشتى،گەردن ئازادى وداواى لێبوردن،تێنەگەیشتووین یان زۆر باش حاڵى نەبووین،هەر بۆیە لەم دوو یادە نیشتیمانی و ئاینیەى ئەم مانگەدا ،کە خەمبارى ئەنفال و شادى جەژنە، بە پێویستم زانى لە دوو تێڕوانینەوە شرۆڤەیەکى بنیادنەرانە بکەین،

تێڕوانینى یەکەم  
کاتێک لە هەر کایە و بوارێکى ژیاندا،تاکەکان یان گروپەکان یان حکومەت،بەسوودگەیاندن و چاودێرى کردن،بۆ شکۆداربوونى خەڵک ،هەست،توانا،زانیارى و پێداویستیەکان،بۆ پەروەردەکردن،خۆشگوزەرانى،سەلامەتى،هاوکارى کردن و ڕزگاریکردن لە ناڕەحەتیەکان، هیلاکى جەستەى و ماندوبونى ڕۆح پێشکەش دەکەن،ئا لەو حاڵەتانەدا،دەستخۆشى،داواى لێبوردن،سوپاسگوزارى و پێزانین، پێدانەوەى پاداشتن،هەروەها بەئاشکرا یان نەهێنى لە کاتەکانى باسکردن وگلەیى کردندا،ئەگەر بۆ ئەوە بێت کە راستیەکان و باشیەکانى کەسێک یان گروپێک بە نمونە بهێنرێتەوە، یان کار بۆ ڕاستکردنەوەى ڕەخنە و هەڵەکان بکرێت،لەم حاڵەتانەشدا کە دەستخۆشى و بیرهێنانەوە وڕاستکردنەوەیە داواى لێبوردن وگەردن ئازادى پێویستن.

تێڕوانینى دوەم
ئەگەر باس و خواستەکان بچنە خانەى ناوزەڕاندن،بوختانکردن،تۆمەت هەڵبەستن،درۆکردن و شکاندنەوە،ئا لەو کاتانەدا داواى لێبوردن وگەردن ئازادى پێویست و مەرجدارە،  پێویستە بۆ ڕاستکردنەوە و پێدانەوەى حەقێک،کە سڕینەوەى لەکەدارکردن و گەڕاندنەوەى ناوبانگى باش و هێنانەوەى متمانەیە. مەرجداریشە،بە ئەوەى کە هەڵەى لەکەدارکردن و بریندارکردن و شکاندن جارێکى تر دووبارە نەکرێنەوە، نمونە لە کایەى کارگێڕی و سیاسیەکاندا،پێویستە حکومەت لە ژێر چەترى چەمکى هاوڵاتیبوندا، هۆکارەکانى خۆشگوزەرانى دابین بکا،یاسا سەروەربکا و گەندەڵى بنەبڕبکات،واتا بەکردار حیزب و حکومەت لە بازنەى بەدامەزراوەى بووندا شکۆدارى خاک و خەڵک بپارێزن،پاشان داواى بەخشین و لێبوردن لە هەڵەکانى ڕابردوو بکەن،مەرجداریشە کە جارێکى تر ئەو گرفت و کێشە و ئاریشانە دووبارە نەبنەوە، هەروەها لەکایە ئاینى و کۆمەڵایەتیەکانیشدا، هەرتاکێک ناوناوبانگى کەسێک یان گروپێک بەدرۆ و بوختان بشێوێنێ و بشکێنێت،ئەوە پێویستە،لاى گوێگرەکانى بە ڕاستکردنەوەى هەڵەکان،کە سەلماندنى باشى،پاکى،دڵسۆزى وڕاستگۆییە،متمانە ودڵنیایی بگەڕێنێتەوە، ،پاشان داواى لێبوردن وگەردن ئازادى بکات،مەرجداریشە بەوەى کە جارێکى تر ئەو ناوزڕاندن و شکاندنانە دووبارە نەکرێنەوە.

تا ئێرە ئەو باسەى سەرەوە ڕوونکرنەوە بوو،لێرە بەدواقسە لەسەر شێواندن و بەلاڕێدابردنى داواى لێبوردن وگەردن ئازادى دەگەین، ئاخر ناکرێت لە کایە کۆمەڵایەتیەکاندا ،بەفراوانبوونى بازنەکانى (بوغز،ڕق،قین،درۆ،غەدروخیانەت) بەردەوام دڵەکان بشکێنرێن و هەستەکان بتۆرێنرێن و ڕاستیەکان بشێوێنرێن،ودواى گەردن ئازادیش، بچێتەوە سەر هەڵەکان،ئەوە جگە لە خود هەڵخەڵەتاندنێک هیچ شتێکى تر نیە،ئاخر هەرتاک تاکى هەڵە و نەزانین وڕۆحیەتە سالارێتیەکانە،کە زۆر دەبن و کۆمەڵگا دەشێوێنن، پڕکردنى تەرازوى (حق الناس و شکۆدارى مرۆڤ) چاکەو ڕاستگۆى و وازهێنانە لە هەڵەکان،کەواتە بۆ هەر یەکەمان پێویستە وەک مرۆڤ ڕەفتاربکەین و بە جوانى و ڕیزەوە بدوێین،دە با هەمووان چەوتیەکانى ژیانمان ڕاستبکەینەوە،پێش ئەوەى داواى لێبوردن و لێخۆشبوون و گەردن ئازادى بکەین، با دەست و دەم و هەڵوێست پاکبین،تا بە متمانەوە پاکى وڕاستگۆیمان پارێزەرى شکۆدارى خود و خەڵک بێت.

 ئەگەر لە کایە سیاسى و پێگە حکومەتداریەکاندا،بەردەوام چەمکەکانى دیموکراسى و هاوڵاتیبوون و دیدگا و فکرو ئایدیا و زانستە مرۆڤایەتى و نیشتیمانیەکان،لە بازنەى حەزە سالارێتیەکاندا،بشێوێنرێن وئارەزوومەندانەوە بئاخنرێتە نێو فەرهەنگ و ڕۆشنبیرى کۆمەڵگاوە،ئەوە لە بەها ڕەفتاریەکاندا بەدئەخلاقى و بێویژادانیەکى ترە،کە لە نیشتیمانى ئێمەدا ،لە بازنەى ناپەروەردەیى خود و نا بەرپرسیارێتیەکانەوە تەمەنێكە ڕۆژانە بیروهۆشمان،بەشێواندنى چەمکەکانى ژیانویستى بەلاڕێدا دەبرێت ،کە هەمووان كۆكبین لەسەر هەبوون وترسناک بوونى کۆى کێشەوئاریشەکانى نادادى،ناڕوونى،نائارامى، نا پەروەردەیى،ناتێگەیشتن و زاڵخوازێتیەکان، ئەوەدەگەینە ئەو خاڵە هاوبەشەى کە پێویستمان بە خود پەروەردەکردن و نوێبوونەوەى گشتیە،تا بە هەموان و لە کۆى کایەکاندا کاریگەرى فاکتەرە ناوخۆیەکانمان کەمبکەینەوە،کە بە درێژایى مێژوو هۆکارى زیان گەیاندنک  بوون بە شکۆدارى خەڵک و خاکمان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن